عەزیز ماملێ: دۆخ بۆ چالاکی بە دژی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوە لەبارە

0
1152

ڕۆژی کورد: عەزیز ماملێ، مافناس و سیاسەتوانی کورد، دەڵێ، دۆخی ئێستای وڵاتانی دەرەوە بۆ چالاکی بە دژی کۆماری ئیسلامی و هاتنە ئارای خەباتی دیپلۆماسی، بە سرنج دان بە دۆخی ئێستای جیهان و ناوچەکە زۆر لەبارە.

عەزیز ماملێ لە میانەی لێدوانی خۆی لە سمیناری “ڕەوت، ڕاوێژ، ڕێگا”، ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە ئاماژە بە لەباربوونی دۆخی دیپلۆماسی بۆ خستنە گەڕی هەوڵەکان بە دژی کۆماری ئیسلامی، داوای لە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد تا هەوڵی زۆیان لەمبارەوە بخەنە گەڕ و خۆیان لە وڵاتانی جیهان نزیک بکەنەوە.

ماملێ هەروەها گوتیشی: “پێویستە بەرەیەکی کوردستانی لەلایەن هەموو حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانەوە پێک بێت، بەرەیەک کە ساڵی ١٩٤٦ لە کۆماری کوردستان پێکهات و تێیدا بارزانییەکان بەشداریی کۆماری کوردستانیان کرد و بەرگرییان لە هەبوونی کۆمار کرد”.

ئەو مافناس و چالاکە سیاسییە کوردە، هەروەها گوتیشی: “دەبێ حیزبە کوردییەکان، لە ئێستادا وەک ساڵی ١٩٧٦، کە بەرەیەکی یەکگرتوو بە دژی کۆماری ئیسلامی و هەروەها بۆ دانوستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ساز بوو، ئێستاش بە هەمان شێوە بەرەیەکی یەکگرتوو لەناو حیزبەکان ساز بێت”.

هەروەها مامەند ڕۆژە، چاوەدێر و شرۆڤەکاری سیاسیی کورد لەو سمینارەدا باسی لە پێویستیی پێکهاتنی هێزێکی نیشتمانیی سەربازی بەناوی “هێزی پێشمەرگەی کوردستان” لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد و گوتیشی دەبێ ئەو هێزە لە سەرووی حیزبەکانەوە بێت و ئامانجە نەتەوەییەکان بپێکێت.

ڕۆژە بە خستنە بەر باسی چەند مۆدێلی ئەمریکای باشوور و کوردستانی باکوور و کوردستانی باشوور لەو بوارەدا گوتی: “هیچ کام لەو مۆدێلانە ناتوانن بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕەچاو بکرێ، ئەو هێزە نیشتمانییەی کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبێ پێک بێت، نابێ لە ژێر هیچ ئایدیایەک دا بێت و نابێ سەر بە هیچ حیزبێکیش بێت و دەبێ تەنیا لە خزمەت ئامانجە نیشتمانییەکان دابێت”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت