عوسمانی: ژن لە کوردستان دوو ئەرکی گرنگی دابین کردنی مافی نەتەوەیی و بەرفراوان کردنی گوتاری یەکسانیخوازی بە ئەستۆوەیە

0
940

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو نەرمین عوسمانی، چالاکی سیاسی و مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

عوسمانی: سەرەتا زۆر سپاسی ئێوەی ئازیز دەکەم کە بەبۆنەی رۆژی 8ی مارس لاتان گرینگ بووە ئاوڕێک لە ژنانی کورد و کێشە کانیان بدەنەوە. بەو هیوایەم ” رۆژی کورد” ببێتە تریبۆنێک بۆ هاواری ماف خوازانەی ژنانی کورد.

فەلسەفەی ئەو ڕۆژە واتە 8مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ یەکەمین بەرەنگار بوونەوەی بەرفراوانی ژنان لە دژی نایەکسانی و نادادپەروەری دژی ژنان  کە میژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 8ی مارسی 1857هاتنە سەر شەقامی ژنانی کرێکار لە کارگەی مافوور و لیباس بە مەبەستی زیاد کردنی نرخی زەحمەتەکانیان و کەم کردنەوەی کاتژمێری کارکردنیان و ڕێز گرتن لە کەرامەتیان ،کە لە گەڵ بەرەنگاری توندی پۆلیس بەرەو ڕوو بوونەوە،بەڵام تێکۆشانی ژنان لەو ڕاستایەدا وهاتنە دەنگی ژنانی وڵاتانی ئەوروپا (ئاڵمان ،ئوتریش، دانمارک…).هەر چەند لە دیاری کردنی ڕۆژێک بە نێوی ڕۆژی ژن جیاوازیان هەبوو بەڵام لە ئامانج دا توانیان گڕو تێنیکی زیاتر بەو بزوتنەوەیە ببەخشن.لە گەڵ بە فەرمی ناسینی ڕۆژی 8ی مارس لە لایەن کۆنفرانسی دووەمی ئینترناسیۆنال سۆسیالیست.داخوازییەکانی ژنان دەچێتە فازێکی ترەوە هەم لە ئاستی جیهان وبە تایبەت کۆمەڵگای ئوروپا و ئامریکا ،کە لە ئاکام دا ئەو بەردەوام بوونە بوو بە هۆی ئەوە کە لە ساڵی 1975ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان بناسێنێت وە یاساکانی تایبەت بە داننان و ڕێز گرتن لە مافەکانی ژنان بچێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

بە بڕوای من نەک دیاری کردنی ڕۆژی 8ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان بێ ڕێزی نیە بە ژنان، بەڵکو بە یەکێک لە دەستکەوتە مێژوویەکانی تێکۆشانی ژنان و بزووتنەوەی مافخوازی ژنان دێتە ئەژمار.بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە تەنیا ڕۆژی 8ی مارس دیاری بکەین بۆ داخوازی و پێداگری لە سەر مافەکانمان، بەڵکوو ئەو ڕۆژە دەتوانی بنەمایەکی بەهێز بێت بۆ هاتنە مەیدان و پێداگری ژنان لە ڕاستای دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی ژن.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

عوسمانی: بەر لەوەی باس لە دۆخی ژنان لە کوردستاندا بکرێت پێویستە سەرەتا چاوێک بە باروو دۆخی کوردستان و لەمپەرەکانی دوژمنانی نەتەوەکەمان لە ڕاستای پاشگەز بوونەوەو دوورخستنەوەی کورد لە مافەکانی بکەین، چونکە تا ئێستاش بە داخەوە ئاسەواری سیاسەتی نامرۆڤانەو چەق بەستوانەی داگیرکەرانی کوردستان بۆتە بەشێک لە کێشەو گرفتەکانی جێگر بوونی دێموکراسی لە کۆمەڵگای کوردستان و نەهێشتنی دەرفەتی گونجاو لە ئاست پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بۆ ناسینی ماف و ئازادیەکانیان و هەوڵ دان بۆ جێگرکردنی ئەو مافانە بۆیە وەک زۆرجار وتراوە “خەباتی ژنان تا ئێستا ڵە دوو فازی نەتەوەیی و ڕەگەزی دا بەردەوامە، چونکە ژنان لە کوردستان هەم وەک پێکهاتەیەکی گرینگی کۆمەڵگای کوردستان دابین بوونی مافی نەتەوایەتی ئەرک داری کردوون بۆ خەبات و تێکۆشان، هەمیش وەک ژن پێویستە لە ئاست جێگر کردنی دێموکراسی و بنیات نانی کۆمەڵگایەکی یەکسان لە ئاست پێکهاتەکانی لە تێکۆشان دابن. بۆیە لە گەڵ ئەوەی لە کوردستان بەگشتی شوێن دانەری هێزە دێموکرات و پێشکەوتن خوازەکانی کورد لە ڕاستای بەرفراوان کردنی گوتاری یەکسانی خوازی دیارە بەڵام تا ئێستاش زیاتر لە قاڵبی دروشم دا بە دیار دەکەوێت چونکە تا ئێستا ئەو گوتارە نەتوانراوە ببێتە بەشێک لە کلتوری کۆمەڵگا.بۆیە بە داخەوە تا ئێستاش دۆخی ژنان لە کوردستان زۆر نا لەبارە و بە پێ ئامارەکانی تایبەت بە پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ، دەردەکەوێت کە ژنان لە کۆمەڵگای کوردستان قوربانی یەکەمی کۆمەڵگان.کە ئەوەش وەک پێشتر ئاماژەم پێدا دەگەڕێتەوە بۆ هەژاری بیرکردنەوە و زاڵ بوونی سیستەمی نادێموکراتیک لە ئاست پەروەردەی پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، لە ئاست مرۆڤ و مافەکانی. بەو حاڵەش ژنانی کورد بەردەوامن لە تێکۆشان.هەرچەند ڕەخنەی ئەوەش هەیە لە سەر ژنان و نەبوونی بەشداری چالاکانەیان لە تێکۆشاندا، واتا بە پێ ئاستی ڕێژەی ژنان لە کۆمەڵگای کوردستانداو ئەو تاوانانەی کە لە دژی ژنان دێنە ئاراوە پێویستە بزووتنەوەی ژنان خاوەنی ڕێکخستنێکی بەرفراوان تر و بەرنامەیەکی پەروەردەیی گونجاو لە گەڵ سەردەم لە نێو ژناندا بن.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

عوسمانی: بۆ وەڵام دانەوەی ئەو پرسیارەتان پێویستە بڵێم، سەرەتا فیمینزم ودواتر شەپۆلەکانی ئەو چەمکە بگەین کە بە کورتی دەتوانم بڵێم وەک چۆن لە هەر دوو شەپۆلی (یەکەم-دووەم)دا داخوازی سەرەکی و ئامانجی سەرەکی فیمینیستەکان دەرباز بوون بوو لە قۆناغی کۆیلە داری و گەڕاندنەوەی مانای هەبوون لە مافی دەنگدان و……هتد،بووە. ئەوەش دەتوانین بەراوردی بکەین لە گەڵ کۆمەڵگای کوردستان و دۆخی ژنان، کە بە پێی ئەو فاکتەرانەی کە لە شەپۆلی یەکەم و دووهەم لە فیمینیزم دا خراونەتە روو دەتوانین بڵێین کە لە کوردستان دا فیمینیزم و کەسانی فیمینیست و تەنانەت بزووتنەوەی فیمینیستی بوونی هەیە و لە تێکۆشان دان، بەڵام دۆخی سیاسی کوردستان و لەمپەرەکانی بەردەم گەشەسەندنی کۆمەڵگا کە دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی سیاسی داسەپاو بەسەر کوردستان، نەی هێشتووە کە بیرکردنەوە و تێفکرینی کۆمەڵگا یارمەتی گەشەکردنی شەپۆلەکانی فیمینیزم بدات. چونکە کاتێک چاو لە مێژووی ململانێ و شەڕی دێموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و کوردستان بەتایبەتی دەکرێت ئاسەواری تێکۆشانی ژنانی کورد و ئۆرگانیزە بوونیان لە چوارچێوەی گووتاری یەکسانی خوازی و باس کردن لە هەڵاواردن و رەتکردنەوەی کۆمەڵێک دیاردەی دزێو، کە کۆمەڵگای کوردستانیش لێی بەدەر نەبووە، بەرچاو دەکەوێت و دتوانێ بەڵگە بێت لە سەر بزووتنەوەی فیمینیستی لە کوردستان . تەنانەت لە ڕووی ئەدەبی و هوونەریشەوە بەڵگەی بەهێز هەیە کە دەتوانین لە گۆڕانی دەقە ئەدەبی و شێعر دا ئاوڕیان لێدەینەوە، لە دوای سەرهەڵدانی شێعری بەرەنگاری لە لایەن شاعیرانی کورددا، کۆمەڵێک ژنە شاعیری کورد تێکەڵ بەو رێبازە دەبن و دەبنە رەچە شکێن بۆ ئەوەی چیتر پێناسەی ژن لە شێعردا لە وەسفی جوانی رووخسار دا نەمێنێتەوە، بەڵکوو شێعری کوردی دەبێتە هەڵگری پەیامی یەکسانی خوازی و ماف ویستی ژنانی کورد. کەواتە بەڵگەکان دەیسەلمێنن کە بزووتنەوەی فیمینیستی لە کوردستان دا بوونی هەیە.

ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

عوسمانی: سەبارەت بە کاڵ بوونەوەی بزووتنەوەی فیمینیستی لە وڵاتانی رۆژئاوا، من وای نابینم چونکە تا ئێستاش شەپۆلەکانی فیمینیزم بە درووشم و داخوازی جیا جیا لە نوێ بوونەوە دان و هێندێک جار بۆ بە ئەنجام گەیاندن و تەواو کردنی رێبازی فیمینیزم لە شەپۆلەکانی پێشوو تێدەکۆشن. زۆر لە زانایان بۆچوونی جیایان هەیە لە سەر بزووتنەوەی فیمینیستی، لوئیز بێرنیکۆی مێژووناس دەڵێت “بە باوەڕی من شەپۆلەکان دەچنە پاش و هێزی خۆیان کۆ دەکەنەوە و دیسانەوە بە هێزێکی زۆرتر دێنەوە مەیدان”، هەروەها رۆکسانا دێنبەر دەڵێت “ئەو شەپۆلانە سونامی نین، با دەست پێبکەی”. بەڵام ئەوەی کە بزووتنەوەی فیمینیستی لە کوردستان لە ئێستادا خەریکی گەرم و گوڕ بوونە من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە کە لەمپەری سەرەکی گەشە نەکردنی بزووتنەوەی فیمینیستی لە کوردستان جێگیر نەبوون و دەستەبەر نەبوونی مافی نەتەوایەتییە، چوونکە تا کاتێک وەک نەتەوەی کورد مافی نەتەوایەتی مان دەستەبەر نەبێت و نەتوانین بڕیار لە سەر چارەنووسی خۆمان بدەین مافەکانی ژن لە پەراوێز دا دەمێنێتەوە. کەواتە هۆکاری دەرباز نەبوونی بزووتنەوەی فیمینیزم لە کوردستان لە شەپۆلەکانی یەکەم و دووهەم بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژنان هەڵگری دوو رێباز و هێزی سەرکەوتنی دو خەباتی نەتەوەیی و فیمینیستین لە کوردستان.

ڕۆژی کورد: بوونی پارتێک بە ناوی پارتی فێمینیستی کورد، لە هەندەران و بێ هەبوونی هێزی چەکدار و توانایی هەڵسووڕانی فەرمی لە ناوخۆی وڵاتدا چۆن دەبینن؟

عوسمانی: دیارە کێشە لە بوونی پارتێک بەنێوی پارتی فیمینیستی کورد نابینم، بەڵام پێم وایە باشترە پلان و بەرانەمەیە کە دەتوانێ شوێن دانەری هەبێت نەک تەنیا نێوی رێکخراو. لە ئێستادا زۆر رێکخراوی تایبەت بە ژنان لە کوردستان بوونیان هەیە و زۆربەشیان کەم تا زۆر خۆیان بە بشێک لە رێبازی فیمینیزم دادەنێن، بەڵام وەک پێویست نەیان توانیوە شوێندانەر بن کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی پلان و بەرنامەی گوونجاو لە تێکۆشان دا و نەبوونی هێزی خۆ نوێ کردنەوە لەگەڵ گوڕانکارییەکانی سەردەم. هەرچەند خۆزگەم دەخواست هیچ کات وشەی چەک لە قەڵەمی ژن دا لەدایک نەبێت، بەڵام بەداخەوە زاڵ بوونی سیستەمە دیکتاتۆرە یەک بەیەک داسەپاوەکان بەسەر کوردستان و بیری ژینۆساید کردنی کورد بۆتە هۆی ئەوەی کە ژنانیش وەک سەرجەم پێکهاتەکانی تری کوردستان لە پێناو مانەوە و پاراستنی هۆویەتیان تێکەڵ بە ریزی بەرگری بن و بۆ بەرگری کردن لە ماف و ئازادییەکانیان چەک بکەن بە هاوڕێ . بەڵام ئەوی کە بزووتنەوە لە هەندەران بێت و هێزی چەکدار لە نێو خۆ! بە ئەستەمی دەبینم بتوانێ سەرکەوتوو بێت. چوونکە هەر بزووتنەوەیەک بیهەوێت سەرکەوتوو بێت لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پێویست هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵگاکەی بێت و لە نێو خەڵکی خۆی دابێت.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

عوسمانی: کۆتایی هەرچەند خۆم لەو ئاستەدا نابینم کە ئامۆژگاری ژنانی کوردستان بکەم، بەڵام وەک ژنێک و وەک هاوخەباتێکی جیانەکراوە لە ژنانی کوردستان داواکارم کە ژنانی کورد هەوڵ بدەن زیاتر بێنە مەیدان و خۆیان بە ئەرکدار بزانن لە راستای جێگیر کردنی کۆمەڵگایەکی یەکسان کە تێیدا ژن وەک مرۆڤ چاوی لێبکرێت و رێز لە مافەکانی بگیرێت. هەروەها داواکارم لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان و بەتایبەت هێزو لایەنە دێموکراتەکانی کورد کە یارمەتیدەر بن لە ئاست جێگیر کردنی کولتووری مرۆڤ سالاری لە کۆمەڵگای کوردستان، چونکە بەبێ دەستەبەر بوونی ئازادی و مافی یەکسان لە نێو ژنان و پێکهاتەکانی تر دێموکراسییەت تەنیا وشەیەکی سەر کاغەز و درووشمێکی بێ ناوەرۆک دەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.