شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی لە باشووری کوردستاندا

0
792

 11813320_1193227004028119_4672401814009964599_nرەسووڵ سوڵتانی

 پێناسەی شەڕی نەرم

 شەڕی نەرم شەڕێکی بێ تەقەیە. شەڕێکە تێیدا کەڵک لە پێکدادانی فیزیکی وەرناگرن. هەڕەشە و گوڕەشەی تێدا نییە. شەڕی گورگانەیە لە کەوڵی مەڕدا. لەو شەڕەدا کەڵک لە جوانترین وشەکان و دەستەواژەکان وەردەگرن. زمانێکی نەرم و رازاوە بەکار دێنن. شەڕی نەرم شەڕێکە دەتوانی بە رووگەشی و بە پێکەنینەوە بیکەیت. هەر ئەوەی کورد لە کۆنەوە گوتوویەتی:”دوژمن بە شەکر خنکاندن”. لەو شەڕەدا نە فیشەک لەکار دایە و نە لێدان و خوێنڕشتن. ئەوە شەڕێکە بە کەڵکوەرگرتن لە کەلوپەلی تەکنۆلۆژی و کولتووری و زەینی دەکرێ. بە سایت و وێبلاگ و سەتەلایت و مۆبایل دەکرێ. بە نووسین دەکرێ. نووسین یەکێکە لە رێگەکان. ئەویش نەک نووسینێک کە بێی و بەرامبەرەکەت بکوتی. نەخێر، بە پێچەوانەوە دەبێ وای بۆ بنووسیت تاکە زیرەکەکانی ئەو کۆمەڵگەیە نەبێ هەمووان پێیان وابێ تۆ قەڵەمێکی دڵسۆزیت. تۆ مشوور خۆریت. شەڕی نەرم کە دەست پێ دەکرێ، لایەنی یەکەم نایە دژی هەموو باوەڕ و بەها و بایەخەکانی بەرامبەرەکەی هەڵوێست بگرێ. ئاخر ئاوا بەرامبەرەکەی خۆی تووشی هەڵوێستگرتن دەکات. وای لێ دەکات راچڵەکێت و لە خەو رابێ. لە شەڕی نەرمدا لایەنی یەکەم دێت و هەموو بایەخ و بەهاکانی بەرامبەرەکەی دەستنیشان دەکات. شێوەی بیرکردنەوە و خەمە مێژووییەکانی رابردووی و ئێستای، برینەکانی رابردووی، ناکۆکییەکانی رابردووی، دۆست و دوژمنەکانی رابردووی و ئێستای، ستراتژییەکانی بەرامبەرەکەی هەر هەمووی یەک بە یەک دیار دەکات و بەرنامەیان بۆ دادەڕێژێت. هەر کام لەوانە هەڵدەگرن سەرمایەگوزارییان لەسەر بکرێت بۆ بەرەوپێشبردنی ئەو شەڕە و گەیشتن بە ئاکام و ئامانج و دەرەنجامی دڵخواز. دواتر نموونە دێنمەوە.

لە شەڕی نەرمدا باوەڕەکانی لایەنی بەرامبەر بنکۆڵ و هۆڵۆڵ دەکرێت. بەبێ ئەوەی بێڵن هەست بەخۆی بکات. دەبێ ئەو پڕۆژەیە ئەوەندە لەسەرەخۆ و هێمن بەڕێوە بچێت کە بەرامبەرەکەت هەستی پێ نەکات هەتا ئەو کاتەی تیغەرەی پشتی وەعەرز دەکەوێ و بەچۆک دادێ. ئیتر ئەو کات لایەنی یەکەم سەرکەوتووە و پێی دە رکێفان دەنێ و ئەسپی خۆی لینگ دەدات.

لەو شەڕەدا دەبێ بەر لە هەموو شتێک متمانەی لایەنی بەرامبەر رابکێشیت. جا ئەگەر هەر لە کۆنەوە متمانەی پێت هەبووە ئەوە باشتر، ئەگینا دەبێ ئەو متمانەیەی پێ ببەخشیت. بۆ ئەوەی کلیلی دەرگا داخراوەکانی لێ وەرگریت و….

بە پێی هەموو ئەو پێناسانەی کە تا ئێستا لە شەڕی نەرم کراون و منیش لەسەرەوە بە کوردی و بە کورتی باسم کردن، شەڕی نەرم شەڕێک نییە راگەیێنرابێت. بەڵکوو بە نیشانەکانی ڕا، دەزانیت ئەوە شەڕە. ئاگری بن کایە، میللەتی وریا و تێگەیشتوو زوو پێی دەزانن، ئەوانەش کە لە گوێی گادا خەوتوون وەک پەندە کوردییەکە گاڕان بە پانەوە رادەدرێ، ئینجا تازە لە مانگا بۆرێ دەپرسن.

 هەلومەرجی باشووری کوردستان و شوێنپەنجەکانی ئێران

  دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ی خەڵکی خەباتگێڕی باشووری کوردستان، ترسێکی قووڵ لە دڵی ئەو وڵاتانە نیشت کە بەشەکانی دیکەی کوردستانیان لە بن دەست دایە. یەکێک لەو وڵاتانەی تا ئێستا زۆر سیاسییانە و لە هەمانکاتدا زۆر مەترسیدار بەرامبەر کورد جووڵاوەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. بۆیەش دەڵێم مەترسیدارتر لە هەمووان چونکە ئەو هەموو دوژمنکارییەکانی خۆی لە دووتوێی شیلە بزەیەک و پێکەنینێکی دۆستانەدا دەکات. ئەگەر هەڵسوکەوتەکانی دەیەی 90ی کۆماری ئێسلامی لە باشووری کوردستاندا هەر لەبەرچاویش نەگرین و تەنیا هەڵوەستەیەک لەسەر کردەوەکانی ئێستای بکەین، زۆر بە ئاسانی نیشانەکانی ئەو شەڕە نەرمە بەدی دەکەین کە کۆماری ئیسلامی دژ بە کورد بە گشتی و باشووری کوردستان وەک بەشە ئازادکراوەکەی خاکی ئەو نەتەوەیە بە تایبەتی، گرتوویەتە بەر.

ئێمە بە نیشانەکانڕا بزانین ئاخۆ شەڕێک بە ناوی شەڕی نەرم دژی ئێمە لە گۆڕێ دا هەیە یان نا؟ پێوەرەکان دێنین و هەڵسوکەوتی بەرامبەرەکەمانی پێ پێوانە دەکەین. بەوەڕا دەردەکەوێ.

با بیانپێوین:

1ـ دڵسۆزیی بەدرۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خەڵکی باشووری کوردستان: نموونە، لەو راپۆرتەدا کە لە سایتی “کوردستان ئیمروز”دا لەسەر کەناڵ چوار بڵاو کرایەوە و تێیدا ئاماژە بە دەستی ئیسراییل لە پشتەوەی ئەو کەناڵەوە کرابوو، کۆماری ئیسلامی وای نواندبوو کە بەڵێ ئەو کەناڵە خەریکە کولتووری کوردی موسوڵمانی عێراق دەشێوێنێ: لێرەدا شێ وشە شیاوی لێ وردبوونەوەن: “دەستی ئیسراییل” ، “کولتووری کورد” ، “کوردی موسوڵمان”.

  1. “دەستی ئیسراییل”ـەکەی، بۆ تۆمەتبارکردن و دواجار سەرکۆنەی حکومەتە کوردییەکەی ئێمەیە، چونکە دۆستایەتیکردنی ئیسراییل تەنیا بۆ کورد گوناحی کەبیرەیە، ئەگینا تورکیا و میسر و …. بۆیان هەیە نوێژی شێوانیان لە پشت سەری ئێهود باراک داببەستن و کەسیش نەڵێ حەرامە. بەو شێوەیە دەیانەوێ دار لە هێلانەی ژەنگەسوورە وەربدەن و هێندێ لایەن دژی دەسەڵاتی کوردی هان بدەن.
  2. “کولتووری کورد”: ئەوان خۆیان بە خەمخۆری کورد و کولتوورەکەی نیشان دەدەن، لە حاڵێکدا زیاتر لە دە ملوێن کوردی بن دەسەڵاتەکەی خۆیان لە هەمووشتێک و تەنانەت لە سەرەتاییترین مافە مرۆیی و کولتوورییەکانیان بێ¬بەش کراون. ئەگەر ئەوەندە کوردخۆشەویستن بۆچی مافەکانی ئەوان نادەن و نایەڵن منداڵەکانی ئەوان بە زمانی دایکیان دەرس بخوێنن؟ کەوابوو موویەکی لە گوریس ئەستوورتر و چیڕتر لەو ماستەدا هەیە و نایەڵن بیبینین.
  3. “کوردی موسوڵمان”: لەوەشدا چەند مەبەستێکی دیکە هەیە. یەکەم ئەوەیکە کورد هەر هەمووی موسوڵمان نین. دووهەم دیسان وەک باسم کرد دیانەوێ کەڵکی خۆیان لەو گوتارە توندە وەربگرن کە ئێستا لە لایەن هێندێ هێزی بدەن و لە پێناوی بەرنامە داڕێژراوەکەی کۆماری ئیسلامیدا کەڵک لە هەستی ئایینیی خەڵکی ئیسلامییەوە لە کوردستان دژ بە جوولەکە لە ئارادا هەیە و شاراوەیە. بەو شێوەیە دەیانەوێ لە کاکڵی بەرنامەکانیاندا دەسەڵاتی کوردی بە دەسەڵاتێکی لایەنگری ئیسراییل لە قەڵەم کوردستان وەربگرن نەک دژی ئیسراییل بەڵکوو دژی دەسەڵاتی کوردی هانیان بدەن.

ئەوە تەنیا مشتێک لە خەروارێکە و زۆر فاکتەری دیکە هەیە سەلمێنەری ئەو شەڕە نەرمە ماڵوێرانکەرەن کە ئێران دژ بە باشووری کوردستان و لە راستیدا دژی نەتەوەی کورد لە هەموو پارچەکان دەیکات.

 چەند نموونەیەکی دیکە:

یەکەم: لە مانگی رەمەزانی ساڵی (2009) دا کۆماری ئیسلامی دیسان و لە بەرگێکی ئایینیدا خۆی دەرخستەوە و راپۆرتێکی لەسەر باشووری کوردستان لە تەلەفزیۆنی سەحەرەوە بڵاو کردەوە کە: ئەوە چۆنە دەرگای خواردنگەکانی کوردستان لە رەمەزاندا دانەخراون و شەوانەش نادییەکان کراوەن؟ ئەو راپۆرتەیان وا رێک خستبوو وەک بڵێی کەس هێندەی ئەوان پەرۆشی موسوڵمانەکانی ئێرە نییە و کەس هێندەیان لەسەر بەجواب نییە.

کەس نییە بڵێ: قوربان ئێوە دژی زۆربەی بنەما باوەڕییەکانی ئەو موسوڵمانانەن وا لێرەن. ئێوە رۆژ هەتا ئێوارە “جگە لە ئیمامی عەلی” سووکایەتی بە خولەفای راشدین دەکەن. ئەوە چۆنە بوونەتە کوچکی لە ئاگر داغتر؟

دووەم: ماڵپەڕێکیان کردووەتەوە تایبەت بۆ ئەوەی دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەنابی (کاک مەسعود بارزانی) بنووسن. ماڵپەڕەکەشیان ناو ناوە “کردستان امروز” واتە کوردستانی ئیمڕۆ. لەو ماڵپەڕەدا لە هەموو ئەو تەکنیکانە کەڵک وەرگیراوە کە بۆ شەڕێکی سارد دەکار دەکرێن. وا دەنوێنن کە ئەو ماڵپەڕەیان تەنیا بۆ خزمەتکردنی نەتەوەی کورد کردووەتەوە، بەڵام کە لێی ورد دەبیتەوە، بۆت دەردەکەوێ ئەو دەستە بە رواڵەت هەنگویناوییە، ژەهری سیانیدە…

هەوڵێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی لەو پێناوەدا ئاوەژووکردنەوەی مێژووە. ئەوان دێن کۆمەڵێک جاش قەڵەم پەروەردە دەکەن و رێگەی وڵاتانیان بۆ دەکەنەوە و هەموو ئیمکاناتێکیان بۆ دابین دەکەن بۆ نووسینیەوەی مێژوویەک بە دڵی ئەوان. مێژووی کۆرد لەگەڵ هەموو هەوراز و نشێوەکانیدا، مێژوویەکی خوێناوی و لە هەمانکاتدا مێژوویەکی پڕ لە شانازییە. کورد کۆمەڵێک کۆڵەکەی مێژوویی هەیە و داهاتووی کورد پشت بەو قەڵا پتەوانەوە دەبەستێ. کەسایەتییە مەزنەکانی مێژووی کورد ئێستا بوونەتە ئوستوورەی پیرۆزی ئەو نەتەوەیە. کۆماری ئیسلامی زۆر باش لەوە تێگەیشتووە. بۆیە لە پیلانێکی دیکەیدا دژی کورد بە گشتی و باشووری کوردستان بەتایبەتی زوومی هەوڵەکانی خستووەتە سەر دوو کەسایەتیی مێژوویی ئەو نەتەوەیە واتە “پێشەوا قازی محەمەد و بارزانیی نەمر”. دوژمنەکانی کورد دەزانن بە تۆپبارانکردن و سیخوڕ ناردن و هەڕەشەکردن، ناتوانن زەفەر بەو دەستکەوتە گرنگەی باشوور بەرن، ئەوان تێگەیشتن لەوەی هەستی هاونەتەوەیی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان سنوورە دەستکردەکانی کردۆتە تراویلکە و تێکی شکاندوون، ئەوان زانییان نەتەوەی کورد بە چاوی پڕ لە شانازییەوە دەڕوانێتە سەروەرییەکانی مێژووەکەی و ئەو دوو کەسایەتییەی مێژووەکەشی کردووەتە چرای داهاتووی، بۆیە ئەمجارەیان پلانی شکاندنی ئەو دووانەیان داڕشت. ئەوان هاتن حەقایەت و بەسەرهاتی بێ بنەمایان لەسەر ئەو دووانە ساز کرد و شەڕێکی چیرۆکی شەڕێکی نەکراویان هەڵبەست. ئەوان باسیان لە شەڕ و ناکۆکییەک لە نێوان بارزانیی نەمر و پێشەوا قازی¬دا کرد، کە لە هیچ بەڵگەنامەیەکی مێژووییدا نەهاتووە مەگەر ئەو بەڵگانەی خۆیان سازیان کردوون و بنەمایەکیان نییە. هاتن لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک قسەیان بە زاری بارزانییەوە بەرامبەر پێشەوا هەڵبەست، کە لێکۆڵینەوەی مێژووزانە کوردەکان پێچەوانەی هەموو ئیدعاکانی ئەوانی سەلماندووە.

بەوەشەوە نەوەستان و دواترین هەوڵیان سازکردنی بەرنامەی تەلەفزیۆنی لەسەر شۆڕشی کوردی باشووری کوردستان بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر ساز کرد و شۆڕشەکەیان بە ئیسراییل و وڵاتە دەرەکییەکانەوە گرێ دایەوە.

نوێترین هەوڵیان بۆ تێکدانی بارودۆخی هەرێم و ئاژاوەنانەوە لە هەرێمدا، بڵاوکردنەوەی دەنگۆی پەیوەندیی نهێنیی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیسراییلە. ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ئەگەر وەها پەیوەندییەکیش پێک بێنێ، نە پرس بە وڵاتانی دراوسێی دەکات و بە پێویستیشە پرسیان پێ بکات، بەڵکو بە پێی هەلومەرجی دیپلۆماسیی خۆی، هەموو پەیوەندییەکی ناوچەیی و جیهانیی هەرێم لەسەر بنەمای بەژەوەندییە باڵاکانی نیشتیمان و نەتەوەکەی پێک دێ.

کونسووڵی ئێران ساڵی 2012 لە هەولێری پایتەختی بلشووری کوردستان، باس لە هەبوونی دەزگا سیخوڕەکانی ئیسراییل دەکات لە کوردستاندا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە روو. رەنگدانەوەی ئەو قسانەی کونسووڵەکەی ئێران لە خۆپێشاندانە تێکدەرانەکەی رۆژی سێ شەممە 8ی ئایاری 2012ی بەردەم پەرلەمانی کوردستاندا بە زەقی دیار بوو کاتێ گێرەشێوێنەکان بە دەنگی بەرز دروشمی “جوولەکە، جوولەکە”یان دەگوتەوە. ئەوەش یەکێکی دیکەیە لەو بەڵگە حاشاهەڵنەگرانەی کە دەیسەلمێنێت کۆماری ئیسلامی شەڕە نەرمەکەی خۆی لە باشووری کوردستاندا گواستووەتەوە قۆناغێکی دیکە

  بەڵام با بزانین ئەوان بۆ وا دەکەن؟

ئەگەر وەک “کەو”ەکە سەرمان نەخەینە بن بەفرەوە و پێمان وابێ ئیتر راوچییەکان نامانبینن، زوو تێدەگەین کۆماری ئیسلامی لە پێناوی چیدا و بە چ مەبەستێک ئەوکارانە دەکا. سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کورد، درێژکراوەی سیاسەتەکانی رێژیمەکەی پێشوون، بەو جیاوازییەوە ئەمەیان رەنگێکی ئایینیی پێوە دراوە و لە راستیشدا ئەمەیان زۆر خەتەرناکترە، چونکە بەرای من باشتری لێ دەزانێ.  بەڵام با لێکی بدەینەوە بزانین کۆماری ئیسلامی لەچی تۆقیوە و نیگەران و پەرۆشی چیە؟

ئەگەر بەکورتییش ئاوڕێک لە مێژووەکەمان بدەینەوە، دەبینین هەموو جووڵانەوەیەکی ئەو دووبەشەی کوردستان کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەبووە. هەموو گۆڕانکارییەکی ئەو دوو بەشە رەنگدانەوەیان بەسەریەکترییەوە هەبووە. با نەگەڕێینەوە سەر کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی رێککەوتنی یازدەی ئاداری 1970 و با باسی پاش 1991 بکەین. راپەڕینی 1991ی خەڵکی باشووری کوردستان ئاسۆیەکی روونی نیشانی کوردەکانی رۆژهەڵاتیش دا و ریژیمی ئێران هەستی بەوە کرد، دواتر پێشوازیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە خەڵکە لێقەوماوەکەی باشوور (کۆڕەو) فاکتەرێکی دیکەی دایە دەست کۆماری ئیسلامی و بۆی سەلماند نەخێر دابەشینە دزێوەکەی لۆزان هێشتا ئەو نەتەوەیەی لێک دانەبڕیوە. ئەوەیان زۆر بە دڵ نەبوو.

دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003دا هێندێ جموجۆڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان کران، کە رژیمی ئێرانی راچڵەکاند و (تووشی شۆکی کرد). نموونە: کە سەدام لە کونە رێوییەکەی هێنرایە دەرەوە و قۆڵبەست کرا، کورد لەودیو کردیانە هەڵپەڕکێ، بەڵام کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدا کە سەدامی بە دوژمنی خۆی دەزانی، هێشتا بە هەڵپەڕکێی کوردەکان تووڕە بوو و لە شەقامەکان لە خەڵکی دا و خەڵکی خستە بەندیخانەوە، چونکە دەیزانی کورد بۆچی بەگیرانی سەدام دڵخۆشە.

بەبوونی کوردێک (بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی) بە سەرکۆماری عێراق خەڵکی کورد لەو دیو دیسانەوە دەستیان کردەوە بە دەربڕینی شادی و خۆشی. کاتێکیش جەنابی کاک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کرا، دیسانەوە خەڵک کردیانەوە بە هەڵپەڕکێ و دەربڕینی شادی و خۆشییەکانیان.

لە کۆستەگەورە و دڵتەزێنەکەی یەکی شوباتدا خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان وێکڕا رەشپۆش بوون و ئێمە لەوێ لە مزگەوتەکانا پرسەمان بەڕێوە برد و بە هەزاران ئیمەیل و فاکسی سەرەخۆشی لەو دیوەوە بۆ تەلەفزیۆنە کوردییەکانی باشوور بەڕێ کران و خەڵک لەوێ تازیەبار بوون.

هەمووی ئەوانە هەر کام بە شێوەیەک تێچووی قورسی بۆ ئەو دۆستە مێژینەیەی کورد هەبووە. چونکە لە هەرکام لەو بۆنانەدا خەڵکی رۆژهەڵات تێی هەڵدراوە و لێی بریندار کراوە و تەنانەت لێشی کوژراوە. بەڵام ئەوان شتێکی دیکەی تێدا دەخوێننەوە بۆیە بەرەنگاری دەبنەوە. ئەویش ئەو هەستە نەتەوەییەیە کە لە نێوان خەڵکی ئەو دوو بەشەی کوردستانا دروست بووە. ئەوە ترس و نیگەرانییەکی قووڵ ی خستووەتە دڵیانەوە. بۆیەش لەو ماوەیەی رابردوودا لەو شەڕەنەرمەیاندا ئەوان تەنیا کاریان لەسەر ئەوە کرد بێن و کەلێنێک بخەنە نێو ئەو هەستە پتەوە نەتەوەییەوە.

کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ کە نەوەی نوێی نەتەوەی کورد بەبێ سەرنجدان بە ناکۆکی و کێشە نێوخۆییەکانی رابردوو، بیر لە ئەمڕۆ و داهاتووی نەتەوە و نیشتمانەکەی دەکاتەوە. ئەو نەوەیە تەنیا بە دوومەبەست ئاوڕ لە رابردوو دەداتەوە، یەکەم: دەرس لێوەرگرتن و پێشگرتن لە دووپاتەبوونەوەی هەڵەکانی رابردووی و دووهەم: رێزگرتن لەو شانازییە مێژووییانە و لەو رۆژانەی ئەمڕۆیان بۆ بەرهەم هێناوە.

بەڵام ئەوان دێن زۆر شتی وردیلە و لە ئەسڵدا بێ بنەما دێننەوە و دەرخواردی نەوەی نوێی کوردی دەدەن. ئەویش لە جلوبەرگی مشورخۆرانە و دڵسۆزانەدا. ئەوان دێن و باس لە کۆمەڵێک کێشە دەکەن کە یان لە بنەڕەتدا شتی وا نەبووە و مێژووەکە دەشێوێنن، یان ئەگەر شتێکیش لە گۆڕێدا بووبێت، ئەوە کورد نایەوێ بگەڕێتەوە سەریان مەگەر بۆ دەرس لێ وەرگرتنیان. بەڵام ئەوان بە زەڕەبین دەگەڕێن کە ئەو درزە بخەنە باوەڕی نیشتمانپەروەریمانەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.