شەهرام نازری: تا دوا هەناسەم بەرگری لە کوردبوونم دەکەم

0
2094

ڕۆژی کورد: شەهرام نازری، مامۆستای ناسراوی موزیکی ئێرانی و هونەرمەندی کوردی کرماشانی کە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی بایەخ دان بە موزیکی کوردی و گەڕانەوە بۆ سەر موزیک و ناسنامەی ڕەسەنی خۆی، کەوتۆتە بەر شاڵاوی هێرشی پان ئێرانییەکان، لە لێدوانێک بۆ ڕۆژنامەی ئامانج کە لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات بڵاو دەبێتەوە، باس لە کوردبوونی خۆی دەکا و دەڵێ “تا دوا هەناسەم بەرگری لە کوردبوونم دەکەم”.

شەهرام نازری لە بەشێک لەو دیمانەیەدا دەڵێ: “کوردبوونم وەک فارس و ژاپۆنی بوون و ئێرانی بوون و ڕەش بوون، بە دەست خۆم نەبووە و شانازی یان کەسری شانیش نیە بۆم و شتێکی ئاساییە بەڵام لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو کەسانەی کە مرادیان لە نامرادیی منی کورد دایە و شانازییەکەیان لە بندەستیی من دایە و بە وتەی ساتری ڕوانینیان، ڕوانینێکی فاشیستییە، من لێرە ئەگەر واز لە کوردبوون و پاراستنی زمان و شوناس و مافی گشتی و تاکەکەسیی خۆم بێنم، خیانەتم بە مرۆڤایەتیی خۆم کردووە”.

مامۆستا شەهرام نازری، لەبیربردنەوە و بزربوونی ناسنامەی نەتەوەیی بە خیانەت بە خۆی و خزمەت بە فاشیستەکان پێناسە دەکات و دەڵێ: “گەورەترین هێمای مرۆڤایەتی، ئەوەیە کە مرۆڤ بڕیار لەسەر خۆی و چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە من تا دوایین هەناسەم بەرگری لە کوردبوونی خۆم دەکەم تا ئەو ڕوانینە فاشیستییە تێک بچڕژێنم”.

مامۆستا شەهرام لە درێژەی لێدوانی خۆی و باس لە کوردبوونی دەڵێ: “من بە کوردی لە دایک بووم و هەموو هزر و بیرەوەرییەکانم بەو زمانەیە و لە ناو ئەو کەلتوورە دایە و لە جیهانی ئەمڕۆییشدا ئەو زمان و کەلتوورە پێویستی بە پەروەردە و بەرهەمهێنانی کەلتووری و پشتیوانیی سیاسی هەیە، هەر بۆیەش داواکردنی ئەو ویستانە لە ڕیزی یەکەمی کارەکانی مندا بووە”.

مامۆستا نازری لەسەر لێدوانی خۆی بەردەوام دەبێت و دەڵێ: “ئەو ویستەی من ویستی مرۆڤایەتیی منە و من مافی هیچ کەسی ترم ناوێ و نەیاری هیچ فەرهەنگێکیش نیم بەڵام ئایا من تا خۆم ئازاد نەکەم، دەتوانم هیچ یارمەتییەکیش بە خەڵکی تر بدەم؟”.

مامۆستا شەهرام کە لەم ساڵانەی دواییدا خەڵاتی شوالیەی موزیکی دوای پێشکەش کردنی چەند گۆرانیی کوردی و لە ناویاندا “سەبری” پێ بەخشرا و دواتر بە هۆ گۆرانیی “خوەم کرماشانیم فارسی نیەزانم” کەوتە بەر لێشاوی هێرشی پان ئێرانییەکان دەڵێ: “من بەدوای مافی خۆمەوەم و سڕینەوەی ژێردەستەیی و شێوەکەی زۆر جیاواز نیە، ئەگەر ئێمە نەتەوەی جیاواز لە یەک وڵاتدا بژین یان وڵاتێکی سەربەخۆمان هەبێ، ئەوە پەیوەندی بە بەرژەوەندیی گشتیی ئێمە کوردەکان و شێوەی جووڵانەوە و هەڵسوکەوتی نەتەوەکانی تر لەگەڵ ئێمە هەیە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت