شەریف بێهروز: بەڕێوەبەرانی ئەو جاڕنامەی شارۆمەندییە خۆیان دەستیان لە ئازاردانی خەڵکیدا هەبووە و هەیە

0
1196

ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، حەسەن ڕوحانی، سەرۆک کۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران، جاڕنامەی مافی شارۆمەندی، واژۆ کرد. واژۆکرانی ئەو جاڕنامەیە، خوێندنەوەی جیاواز و دژ بە یەکی لەسەر کرا. ئیسلاح تەڵەبەکان بە شانازییەکی دەوڵەتی ڕوحانی دەزانن و کەسانی سەربەخۆ و دژبەری ڕژیمیش بە شانۆیەکی سیاسی دەزانن کە هیچ گارانتییەکی بەڕێوەبردنی لە پشتەوە نیە. بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە، وتووێژێکمان لەگەڵ، شەریف بێهروز، چالاکی سیاسیی کورد ئەنجام داوە.

ڕۆژی کورد: سەرەتا ئەگەر بکرێ لەسەر خودی جاڕنامەکە و ناوەرۆک و ئامانجەکانی بۆ خوێنەرانی ڕۆژی کورد بدوێن.

شەریف بێهروز
شەریف بێهروز

بێهروز:  ئەو جاڕنامەی شارۆمەندییەی کە لە لایەن ئیدارەی حەسەن ڕوحانی پاش زیاتر لە ٣ ساڵ لەسەرکاربوون و نزیک بە چەند مانگ ماوە بە هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی هێندراوەتە گۆڕێ، بەڵگەنامەیەکە کە چەند مانگ پاش هاتنە سەرکاری ڕوحانی، پێشنووسەکەی پەردەی لەسەر لادرا کە بەشێکی زۆر لەو مافانەی کە لە یاسای بنەڕەتیدا هاتوون هەڵینجێندراون و بە هێندێک شیکردنەوە و پێوە زیادکردن دەرخواردی خەڵک، بەتایبەتی ئەو کەسانە دەدرێ کە هومێدێان بە هەڵبژاردن و ئاڵوگۆڕ لە رێگای هەڵبژاردن لەو ڕژیمەدا هەیە.  بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەو ماوەیەدا زۆر بەرەوخەراپتر ڕۆیشتووە ئەم ئیدارەیەش هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ باشترکردنی دۆخەکە نیە و ئەگەر هەشیبێ هەر جێبەجێی ناکات، ناچار بە هێنانە گۆڕی ئەم تۆمارە دەتوانن بە دەنگدەرانیان بڵێن کە هۆکاری هەنگاوهەڵنەهێنانەوەیان بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ و تاکی شارۆمەند، لە نێو ئێراندا نەبوونی وەها تۆمارێک بووە.

ڕۆژی کورد: جاڕنامەی مافی شارۆمەندی کە یەکێک لە بەڵێنییەکانی، حەسەن ڕوحانی لە سەردەمی هەڵبژاردندا بوو، پەسەند کرا، پێتان وایە گرنگیی ئەو پەسەند کردنە لە چی دایە؟ ئایا دەتوانێ مافی شارۆمەندی بەتایبەت بۆ نەتەوە بندەستەکان لە ئێران، مسۆگە ربکات؟ 

بێهروز: ئەم تۆمارە پێویستی بە پەسندکردنی لەلایەن هیچ ئۆرگانێک نەبوو کە ڕوحانی و دارودەستەکەی ناچار بن نزیک بە ٣ ساڵ چاوەڕوان بن و بەڕێوەی نەبەن.  ئەگەر حەزیان لێبا و مەبەستی پێچەوانەیان لە هێنانەگۆڕی لەو کاتەدا نەبا، دەیانتوانی هەر لە ڕۆژی هەوەڵی دەستپێکی دەوڵەتەکەیەوە ئەم تۆمارەی مافی شارۆمەندیان وەگەڕ خستبا و کاریان پێکردبا.  پاشان وایدابنێن کە ئەم جاڕنامەیە هەر لەڕۆژی هەوەڵەوە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەچووبا، باشە دەتواندرا چ کرابا کە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی باشتر کردبا؟ مەگەر دەوڵەت کە بەواتا لایەنی هەڵبژێردراوی ئەم نیزامەیە، لەگەڵ بەشەکانی تری وەک مەجلیس، چ دەسەڵاتێکیان هەیە کە بتوانن پارێزگاری لە مافی هاووڵاتی بکەن و کەرامەتی مرۆڤ بپارێزن، جیا لەوەی کە یەک بە یەکی ئەو کەسانەی وا کە قەرارە ئەم مەنشوورە ئیجرا بکەن بە جۆرێک لە جۆرەکان لەو نیزامەدا دەستیان لە ئەزێت و ئازاردان و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیدا هەبووە.  بە بڕوای من مەنشوورەکە و بگرە یاسای بنەڕەتیی ئەم ڕژیمەش هێندێک شتی گشتی و باشی تێدایە کە تەنیا و تەنیا جەوهەر و وەرەقیان پێ بەهەدەر دراون. دیارە ئەو تۆمارە تەنیا ئاماژەی بە مافی گشتیی تاکی هاووڵاتی کردووە و هیچ ئاماژەیەکی بە مافی بە کۆمەڵی نەتەوەکانی نێو ئێران نەکردووە تا بتوانێ شتێک مسۆگەر بکات.

ڕۆژی کورد: زۆر کەس پەسەندکرانی ئەو جاڕنامەیە بە بەرگێکی زێڕین پێناسە دەکەن و زۆر کەسی تریش لایان وایە ئەوەش تەنیا لە سەر لاپەڕەی کاغەز دەمێنێتەوە، پێتان وا هەیە، گارانتییەک بۆ بەڕێوەچوونی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا هەبێ؟

بێهروز:  نا، هەروەک ئاماژەم پێکرد، ئەم جاڕنامەیە هەروەک وەک یاسای بنەڕەتیی ئەم ڕژیمە زیاتر وەک دروشم و لە سەر وەرەق دەمێننەوە.  مرۆڤ کە سەیری بەشێک لە ناوەرۆکی یاسای بنەڕەتیی ڕژیم یان ئەوە تۆمارە دەکات، وەدزانێ یاسای بنەڕەتیی وڵاتێکی پێشکەوتوو دەخوێنێتەوە بەڵام لە کردەوەدا ئەم ڕژیمە گوێ بەو یاسا و ڕێسا دەستکردانەی خۆشی نادات و پێشێلیان دەکات.  هەر بۆ وێنە، خوێندن بە زمانی زگماکی لە یاسای بنەڕەتیدا هاتووە بەڵام ئەو نزیک بە ٤ دەیەیە ئەو خاڵە پشت گوێ خراوە و ماوەبەماوە وەک دروشمی تەبلیغاتی بۆ بەلاڕێدابراندنی ڕای گشتی و بە تایبەتی نەتەوە بندەستەکان، کەڵکی خراپی لێوەردەگیرێ. مادام کە هیچ کەس و لایەنێک دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی یاسای بنەڕەتی کە لەلایەن نیزام و مەجلیسەوە پەسەند کراوە نییە، چۆن دەتواندرێ مەنشوریک کە هیچ سەرچاوەیەکی یاسایی نییە، زەمانەتی بەڕێوەبردنی هەبێ.

ڕۆژی کورد: مادام ئەو جاڕنامانە هیچ گارانتییەکی بەڕێوەچوونیان نەبێ، بەڕای ئێوە ئالترناتیڤی ئەو جاڕنامانە بۆ پاراستنی و پارێزرانی مافی شارۆمەندی لە ئێراندا چیە؟

بێهروز: بەداخەوە هیچ ئالترناتیڤی لە چوارچێوەی ئەم ڕژیمەدا بەدی ناکرێ و تا ئەو ڕۆژەی ئەم ڕژیمە لە دەسەڵات دابێ، نە مافی شارۆمەندی دەتواندرێ مسۆگەر بکرێ و نە کورد و باقی نەتەوەکان دەبێ بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە چوارچێوەی ئەم ڕژیمەدا گەشبین بن.

ڕۆژی کورد: گرنگترین پێناسە کە لە حەسن ڕۆحانی کراوە “ڕیالیستیک و کردەوەخواز بوون”ـیەتی. بەڕای ئێوە حەسەن ڕوحانی تا ئێستا چەند لە برنە سەری بەڵێنییەکانیدا بە سەرکەوتوو یان ناڕاستگۆ دەزانن؟ ئایا جیاوازییەک لە نێوان ئەو و کەسانی بەر لە ڕوحانی هەیە؟

بێهروز: ڕوحانی وەک زۆربەی هەرە زۆری کەسانی نێو ئەم نیزامە، کەسێکە کە زیاتر لە فکری داهاتوو و دەسەڵاتی خۆی لە چوارچێوەی ئەم ڕژیمە دایە و بۆ پەرەپێدان و مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی خۆی لە هیچ شتێک نابوێرێ.  لەم سۆنگەیەوە ڕاستە، ناوبراو کەسێکی ڕئالیست و کردەوەخوازە و بۆ ئەو مەبەستەش لە هیچ شتێک و کردەوەیەک سڵ نابێتەوە و بە ڕای من هیچ شتێکی تا ئێستا نەکردووە کە لەگەڵ ئەوانەی پێش خۆی جیاوازی هەبێت، تا ئەو ڕژیمە هەبێت ئەوانەی پاش ئەویش لە خۆی جیاوازتر و باشتر نابن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت