سەید فەرهاد حەیدەری: کۆتایی بە بێرێزییەکان بێنن

0
534

سەید فەرهاد حەیدەری کەسایەتی دیاری ئایینی یارسان، دوا بەدوا بێرێزی بە یارسانەکان لە شاری سەروابادی سەر بە کرماشان، نامەیەک ئاراستەی سەرۆککۆمار و بەرپرسانی پلە یەکی کۆماری ئیسلامی دەکا و داوایان لێدەکا کۆتایی بە بێرێزییەکان بێن و ئەو گرووپانەی کە بێحورمەتی بە یارسانەکان دەکەن بناسێرێن و دادگایی بکرێن.
ئەوەی خوارەوە دەقی نامەکەیە کە نووسخەیەکی بۆ رۆژی کورد نێردراوە؛

نامەیەک بۆ سەرۆککۆمار و بەرپرسانی پلە یەکی کۆماری ئیسلامی

جارێکی دیکە و لە شاری سەرواباد و دیسان لە لایەن کۆمەڵێکی توندڕەو کە پێدەچێ سەر بە دام و دەزگا ئەمنی و حکومییەکانی ئێران بووبێتن، بێ حورمەتیان بە کۆمەڵگای یارسان کردووە. ئەوە جاری یەکەم نییە کە گرووپ گەلێکی توندڕەو هێرش دەکەنە سەر یارسانەکان و بە شێوەگەلی جۆراوجۆر بێ حورمەتیان پێ دەکرێ و هێرش دەکرێتە سەر پیرۆزییەکانیان.

سەرکوت و بێ ئیحترامی سیستماتیک دژی یارسانەکان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردووە. بەڵام ئەوەی کە ئێستا روودەدا شێوازێکی دیکەی سەرکوتی سیستماتیکە کە ئەوجارەیان دەیەوێ لە رێگای توندئاژۆکانی مەزهەبی و کە لە راستی دا هەمان دەست پێوەندییەکانی کۆماری ئیسلامین، چەند بەرەکی لە کۆمەڵگای فرە ئایینی کرماشان و ناوچەکانی دیکەی هاوشێوە درووست بکا.

بەردەوامی سەرکوت و بێ حورمەتی بە یارسانەکان چ بە خاتری ئایینەکەیان و چ بە خاتری نەتەوەکەیان لە کاتێک دایە کە حەسەنی روحانی پێش هاتنە سەر کاری، بەڵێنی ئەوەی بە خەڵک بە گشتی و کەمینە ئایینی و نەتەوەکان دابوو کە بارودۆخیان باشتر دەبێ و دان بە مافەکانیان دادەنرێ.

بەڵام نەک  تەنیا ئەو بەڵێنە بە جێ نەهێنراوە، بەڵکوو وەک دەبینین سەرکوتەکان زیاتر لە جاران دژی کەمە ئایینی و نەتەوەییەکان بە گشتی و یارسانەکان بە تایبەتی بەڕێوە دەچێ.

بە لەبەر چاوگرتنی بارودۆخی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەبینین کە چیدیکە ناتوانین چاوەڕوانی بە یەکەوە ژیانی ئاشتیانە و برایانەی ئایینەکان و نەتەوەکان لەو ناوچەیە دابین. ئەوەتا ئیسلامی سوننی لە سوریە و عێراق هەوڵی سڕینەوەی کەمە نەتەوەکانی وەک سریانییەکان و ئێزدییەکان و کاکەییەکانی داوە و دژی ئەو کەمینانە ژینۆسایدیان ئەنجام داوە. هەر لە سوریە عەلەوییەکانی هاوپەیمانی ئێران لە ژێر هەڕەشەی کووشتارێکی مەزن دان و ئەگەر رەوشی سوریە بەو شێوەیە بەردەوام بێ دەبێ چاوەڕوانی کووشتاری بە کۆمەڵی عەلەوییەکان و شیعەکانی سوریە بین.

بۆیە لەو بارودخە دا کە لە ناوچەکە دەگوزەرێ و بە تایبەتی کە حکومەتی ئێران ئیدیعای پشتیوانی و پاراستنی کەمینە ئایینییەکانی ناوچەکە دەکەن، ناکرێ رێگە بدەن کە بێ حورمەتی و ئازاردانی یارسانەکان ئەویش بەو شێوە سیستماتیکە بەردەوام بێ.

من لێرەوە داوا لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە گشتی و سەرکۆماری ئەو وڵاتە بە تایبەتی دەکەم کە بە سەرنج بەو هەل و مەرجەی کە لە ناوچەکە دا دەگوزەرێ و ئەگەر دەیانەوێ کارەساتێکی دیکە ئەویش لە وڵاتەکەی ئەوان دا روونەدا، ئەوە هەوڵ بدەن کە چی دیکە رووداوی لەو شێوەیە دووپاتە نەبێتەوە.

حەسەن روحانی وەک سەرکۆماری ئێران و بە سەرنجدان بەو بەڵێنانەی کە پێشتر داوێتی، بەرپرسیارێتی سەرەکی دەکەوێتە سەر شان بۆ بەرگرتن لە هەر جۆرە بێ حورمەتییەک کە بە یارسانەکان دەکرێ. من داوام ئەوەیە کە وێڕای کۆتایی هێنان بە سەرکوت و بێ حورمەتی سیستمایکی کۆماری ئیسلامی، هەرچی زووتریش دەست و پێوەندەکانی ئەو گرووپانەی کە بێ حورمەتی بە یارسانەکان دەکەن بناسێرێن و دادگایی بکرێن.

ئەگەر بێت وهەرچی زووتر کۆتایی بەو بێ حورمەتیانە نەیە، ئەوە دڵنیام ئەوکات خەڵکی یارسان هەڵوێستێکی دیکەی دەبێت و لەبەر چاوگرتنی هەموو رێگایەک بۆ پاراستنی سەر و ماڵ و کەرامەتی خۆیان، بە مافی خۆمان دەزانین.

سەید فەرهاد حەیدەری

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.