سەفەری چاوەڕوان نەکراوی مایک پۆمپێئۆ بۆ بەغدا لە ژێر سێبەری زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیەکان لە گەڵ ئێران

0
741

رۆژی كورد :
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا بڕیاری سەفەر بۆ وڵاتی ئاڵمانی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و بەرەو بەغدای پێتەختی عێراق بەڕێکەوت، هۆی گۆڕینی شوێنی مەبەست بەرەنگاری هەڕەشە سەربازیەکانی ئێران ڕاگەیەندراوە. پۆمپێئۆ لە نێوان سەفەرەکەی بۆ بەغدا لە گەڵ سەرۆک وەزیران و هاوکات سەرۆک کۆماری عێراق وتووێژ و چاوپێکەوتنی کرد.

لە کاتێک دا هەموو شتێک بۆ سەفەری مایک پۆمپێئۆ بۆ وڵاتی ئاڵمان ئامادەکرابوو، لە دوایین کاتەکاندا سەفەرەکە لە لایەن وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا هەڵوەشایەوە. دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەم سەفەرە باس لەوە هاتە ئاراوە کە وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا بۆ وتووێژ لە هەمبەر جموجووڵە سەربازیەکانی ئێران بەرەو بەغدای پێتەختی وڵاتی عێراق وەڕێکەوتووە.
هەواڵنێری فەرانسە رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٨ ئەیار  بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک باسی لە چاوپێکەوتن و وتووێژی مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە گەڵ عادل ئەلمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق و هاوکات بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کرد. پۆمپێئۆ لەم چاوپێکەوتنەی دا ئاماژەی بە هەڕەشە و جمووجوڵە سەربازیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە لە ناوچەکەدا و داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە پشتیوانی لە هێزەکانی ئامریکایی و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی ئامریکا بکەن لە وڵاتەکەیان دا لە بەرانبەر هەر چەشنە هەڕەشەی ئەمنی و ئاسایشی ڕژیمی ئێران.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا هاوکات داوای لە بەرپرسانی عێراق کردووە چاودێری زیاتر بکەن بە سەر هەڵسووکەوت و چالاکیەکانی هێزە شێعەکانی هاوپەیمانی حکوومەتی ئێران لە وڵاتەکەیاندا. ڕێبەرانی حکوومەتی عێراق لە ڕەوتی چاوپێکەوتن لە گەڵ مایک پۆمپێئۆ جەختیان کرد لە سەر هاوکاری وڵاتەکەیان لە گەڵ ئامریکا و متمانەی تەواویان بەخشی بە پۆمپێئۆ کە ئاگادارن لە هەمبەر بەرپرسیارەتی خۆیان لەم کاتەدا. مایک پۆمپێئۆ دوای دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبوونەوە لە گەڵ هەواڵنێران دا باسی ئەوەی کرد کە ڕێبەرانی عێراقی متمانەی تەواویان پێداوە بۆ پشتیوانی لە هێزە ئامریکاییەکانی جێگر لە وڵاتی عێراق.
پۆمپێئۆ لە درێژەی سەفەرەکەی دا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە دیاردەگەلێکی زۆر ئاشکرامان بەرچاوکەوتووە لە بواری مەترسی ئەگەری هێرشی کتووپڕی ئێران بۆ سەر ناوچەکە. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا هاوکات لەم بارەوە وردەکاری زیاتری نەخستە بەردەست هەوالنێران و رۆژنامەنووسان. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا پێش سەفەری خۆی بۆ بەغدا بڕیاری سەفەری لە پێشدا دیاریکراوی خۆی بۆ وڵاتی ئاڵمان هەڵوەشاندەوە. بڕیار وابوو مایک پۆمپێئۆ لە درێژەی سەفەرەکەی بۆ بێرلین رۆژی سێشەممە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ئانگێلا مێرکڵ سەرۆک وەزیرانی ئاڵمان و هەروەها وتووێژ و چاوپێکەوتن لە گەڵ هاوتای ئاڵمانی خۆی هایکۆ ماس وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان بکات. بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا هەڵوەشاندنەوەی سەفەری خۆی بۆ ئاڵمان بە هۆی پێڕاگەیشتن بە پرسە گرنگەکان ڕاگەیاندووە و لەم بارەوە زانیاری زیاتری بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەفەرەکەیان بۆ بێرلین نەداوە.
هەواڵنێری فەرانسە بە دووپاتکردنەوەی وەزارەتی بەرگری ئامریکا هەواڵی گواستنەوەی چەن تەیارەی شەڕکەری بۆمبهاوێژی جۆری بی ٥٢ بۆ ناوچەی کەنداوی فارس ڕاگەیاندووە، چەن رۆژ پێش ئێستاش هەواڵی گواستنەوەی چەن ناوگانی تەیارەهەڵگری جۆری یوو.ئێس. ئێس ئابراهام لینکۆڵن بۆ ناوچە بڵاو کرابووەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا پێش لە دەستپێکی سەفەرەکەی خۆی بۆ ئۆروپا هۆشداری دابوو لە هەمبەر جمووجووڵە سەربازیەکانی ئێران و ئەگەری هێرشی ئەم وڵاتە بۆ سەر هێزەکانی ئامریکا و هاوکات کەوتنە مەترسی بەرژەوندییەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا. هەواڵنێری فەرانسە ئاماژەی کردووە بە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزیەکانی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی ئێران و ئامریکا دوابەدوای دەرچوونی ئامریکا لە پەیماننامەی ناوەکی لە گەڵ ئێران، ئامریکا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو دا بەربڵاوی بایکۆتەکانی بۆ سەر ڕژیمی ئێران زیاد کردووە. هاوکات دوابەدوای دووپات کردنەوە و چڕکردنەوەی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێران لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە کۆماری ئیسلامیش باسی لەوە کردووە کە دەربەس نابێت بە کۆمەڵێک لە بڕیارەکانی پەیماننامەی بەرجام کە پێشتر بۆیان دیاری کرابوو و ئەگەری دەرچوونی بەتەواوەتی ئێرانی لە پەیمانی بەرجام ڕاگەیاندووە لە درێژەی گۆشار و بایکۆتەکاتی ئامریکا بۆ سەر وڵاتەکەی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.