سەرۆک وەزیرانی بریتانیا: دەبێ لە هەمبەر شەڕانخوازییەکانی ئێران لە کەنداو بوێستینەوە

0
1077

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی فەڕانسە، ترزا می، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە دانیشتنەکانی ساڵانی شۆڕای هاوکاریی وڵاتانی کەنداو لە بەحرەین، باسی لە ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ وڵاتانی کەنداو لە هەمبەر سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچە، دەربڕیوە.

ترزا می، ئێرانی بە وڵاتێکی شەڕانخواز ناو بردووە و گوتووشیەتی: “ئێمە دەبێ وەک ڕابردوو لە هەمبەر ئەو وڵاتانەی کە دەسەڵاتی خۆیان بۆ ناسەقامگیربوونی ناوچەکە بەکار دێنن و ئاژاوە دەنێنەوە، بوێستینەوە”.

سەرۆک وەزیرانی بریتانیا، راستەوخۆ ئاماژەی بە ناوی ئێران وەک ئەکتەری سەرەکیی ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە کردووە و گوتوویەتی: “دەمهەوێ دڵنیاتان بکەمەوە کە من ئاگاداری سەرجەم ئەو هەڕەشانە هەم کە ئێران ڕووبەڕووی هەمووی خۆرهەڵاتی ناڤین و کەنداوی کردۆتەوە”.

ناوبراو هەروەها باسی لە پێویستیی حاشاهەڵنەگری هاوکاریی نێوان لەندەن و شۆڕای هاوکاریی کەنداو لە هەمبەر ئێران کردووە و گوتوویەتی: “ئێمە دەبی بە هاوکاریی یەکتری لە هەمبەر شەڕانخوازی و هەڕەشەکانی ئێران بوێستینەوە”.

بریتانیا لە پاییزی ساڵی ڕابردووەوە دەستی کردووە بە سازکردنی پایەگایەکی هێزی زەررایی لە بەندەری مینا سەلمان ـی بەحرەین و لەو دانیشتنەشدا، ترزا می جارێکی تر پێداگری لەسەر پێویستی و گرنگیی بردنە سەری ئاستی ئاسایش لە وڵاتانی کەنداودا کردووە و گوتیشی دەبێ کاروباری بەرگری و فێرکاریی سەربازی لە بەحرەین و ئۆردۆن، پەرە پێبدرێن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت