سەرۆکی ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە شاری عەفرین دەستبەسەرکرا

0
1468

لە شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان ، ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە ENKS لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا دەستی بە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پرۆژەی بە فیدراڵیی کردنی ڕۆژئاوای کوردستان کردووە و بەو هۆکارە گەلێک جار لە لایەن دەزگا ئەمنیەتیەکانی سەر بە  پارتی یەکیەتی دێموکراتیک  PYD، تووشی ئاستەنگی و بەربەست هاتوون و لەم چەند ڕۆژەشدا چەندین ئەندامی ئەنەکەسە و پارتی دێموکراتی کوردستان-سوریە لە عەفرین دەستبەسەر کراون.
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دێموکراتی کوردستان-سوریە لە شاری عەفرین، عەبدۆلرەحام ئاپۆ، بە هەواڵدەری RojavaNews ی ڕاگەیاندووە کە “پاش ئەوەی کە ئەندامانی خۆجێی ئەنەکەسە لە عەفرین گەلێک کۆمیتەیان پێک هێنا و دەستیان بە کۆکردنەوەی واژۆ لەو شارە و گۆندەکانی دەروبەری کرد، چەکدارانی پەیەدە بەردەوام هەڕەشەیان لێدەکەن و داوای لیست و ناوی ئەو کەسانە دەکەن کە لە کەمپەینەکە بەشدارن و پرۆژەکەیان واژۆ کردووە.”
.هەر لەو چوارچێوەشدا ئاپۆ ڕایگەیاند کە چەکدارانی پەیەدە لە هەریەک لە ناوچەکانی “شێرا” و گۆندەکانی “کۆتانا”ی سەر بە ناوچەی “بیل بیل” لە ناوچەی “مابەتا”، دەستیان بەسەر لیستی واژۆکەران گرتووە و بەشێک لە واژۆکانیشیان دڕاندووە و دواتریش ١٠ ئەندامی ئەنەکەسە دەستبەسەر کراون.
لە پەیوەندی بە ڕێژەی بەشداربووان لە کەمپەینەکە و ڕێژەی واژۆکەرانی داخوازی بە فیدیراڵی کردنی ڕۆژئاوای کوردستان، عەبدۆلرەحام ئاپۆ وتی:” پێشبینی ئەوەمان کردووە کە لە سەرانسەری عەفرین-دا نزیکەی ١٥٠ هەزار واژۆ کۆبکرێنەوە کە هەتا ئێستا بە خۆشییەوە نیوەی ئەو ڕێژەیەمان کۆ کردووەتەوە”.
بە پێ زانیاریەکان و بە پشتبەستن بە هەواڵدەریەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هەر دوێنێ لە خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی یەپەگە لە ناوچەی “شێرا”  سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری عەفرین، حسین ئیباس، دەستبەسەر دەکرێت و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازرێتەوە.

 حسین ئیباس،سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری عەفرین
حسین ئیباس،سەرۆکی خۆجێیی ئەنەکەسە لە شاری عەفرین

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتن و دەستبەسەرکرانی ئەندامانی پارتی دێموکراتی کوردستان-سوریە و ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە، پاش ئەوەی دێت کە ئەنەکەسە لە ڕاگەیێندراوێک دا و بۆ پشتگیری لە خواستەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، کەمپەینێکی کۆکردنەوەی واژۆی لە ڕۆژئاوا و دەرەوەی وڵات ڕاگەیاند، تا بەو شێوە لە کاتی بەشداری کردنیان لە جڤینی ژنێف ٣، کە بڕیارە لە ٢٥ ئەم مانگە  لە سۆئیس بەڕێوە بچێت بتوانن بە شێوەییەکی فەرمی و شەرعی و بە نوێنەرایەتی لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا، داخوازی دیاری کردنی هەرێمێکی فیدراڵ بۆ کوردستانی رۆژئاوا لە باکووری سوریە بێننە گۆڕێ.

هەر لەو پەیوەندییەشدا ڕۆژی هەینی ١٥.١.٢٠١٦ ئۆفیسی راگەیاندنی ئەنجۆمەنی نیشتیمانی کورد لە سوریە، لەسەر هەڵمەتی کۆکردنەوەی واژۆ، کۆنگرەییەکی ڕۆژنامەوانیان لە شاری قامیشلو پێک هێنا و هەر لەو کۆنگرەییەشدا  “ناجیح هیڤۆ ” بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی ئەنەکەسە لە قامیشلو،باسی ئەوەی کرد کە دەرەنجامی ئەو کەمپەینە و کۆپییەک لە واژۆکان ڕادەستی بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی دەکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.