سێ لایەنی کۆمەڵە پێکەوە کۆبوونەوە و تاوتوێی پرس و مژارەکانیان کرد

0
1226

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاگەیندراوی هەئیەتی هاوئاهەنگیی سێ لایەنی کۆمەڵە کە لە ماڵپەڕی کۆمەڵەی زەحەمتکێشانی کوردستاندا بڵاو بۆتەوە، ڕۆژانی  ٢١ و ٢٢ مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی واتە ٢ و ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ هەتاویی، سێ لایەنی کۆمەڵە، ڕەوتی سۆسیالیستی، هێڵی یەکگرتنەوە و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە بەشداریی ئەندامانی هەیئەتی هاوئاهەنگیی سێ لایەن و ژمارەیەک لە کادر و ئەندامان کۆبوونەوە. لەو دانیشتنەدا ئەو پرسانەی خوارەوە هاتنە بەرباس و لێکدانەوە:

١. ڕاپۆرتی هەیئەتی هاوئاهەنگی سێ لایەن: لەم ڕاپۆرتە دا باس لەوە کرا کە دەورەیەکی گرینگمان وەپشت سەرناوە، سێ لایەن لە زۆر بواردا لێک نزیک بونەتەوە، کێشەی هزری بە دیالۆگی چڕوپڕ بۆ زاڵبوونمان بەسەر بەربەستگەلی فیکری بە زۆری چارەسەر کرا، پێشنووسی پڕۆگرام و ستڕاتێژی سیاسی حیزبی داهاتوو پەسەند کراوە، پێڕەوی ناوخۆ ئامادە بووە، دیالۆگ و هاوفیکری و ڕا وەرگرتن لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری چالاکان و هۆگرانی کۆمەڵە و چەپی کوردستان لە دیدار و سمینارگەلی جیاوازدا بەڕێوەچوو. لەو ماوەدا بە هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی سیاسی ئێران، کوردستان و ئالوگۆڕە خێرا و ئاڵۆزەکانی ناوچەکە و کاریگەریی لەسەر زەین و ژیانی کۆمەڵگا، بەوە گەیشتین کە بەستێنی گونجاو و پێویستی پێکهێنانی حیزبێکی چەپ و سۆسیالیستی لە کوردستان، حیزبێک کە پێداگرە لەسەر مافی نەتەوەیی و مافی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بە روونی دەبیندرێ. هەموان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە هەنگاوی خێرا و قایم بۆ ئەو مەبەستە باوێژرێ، هاوڕێیان پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیان بە ئەرکی ئێمە و چالاکوانانی چەپی کوردستان دانا.

٢. سەبارەت بە کاری چەکداریی و مانەوەمان لە باشور: هەلومەرجی ئێستا درایە بەرباس و هەموان پێیانوابوو کە خەباتی چەکداریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەو هەلومەرجەدا لە زۆر بواردا بەربەستی جیددی بۆ دروست بووە و، هەم ڕادەی کاریگەریەکەی لە چاو پێشوو گۆڕانی بە سەردا هاتووە. بەڵام بە هۆی گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی ناوچە هەبوونی هێزی چەکدار و ڕاهێنانی بۆ خۆ پاراستن و گەشەپێدانی لە هەلومەرجی گونجاوی داهاتوو، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. تەئکید کرا کە لەو قۆناغەدا خەباتی مەدەنی دەورێکی زۆر و گرینگی پەیدا کردوە و دەبێ بۆ بەهێزتر کردنی حەولێکی زیاتر بخرێتە گەڕ، پێویستە ئێمە گۆڕانکارییەکانی سەردەم و ئەزمونی خۆمان ببینین وئاڵوگۆڕ لە چۆنایەتی هێزی پێشمەرگە و ڕاهێنان و بارهێنانی سیاسی و نیزامییەکەیدا بکەین.

٣. ئاجێندای سێهەم  بریتی بوو لە پێکهاتەی حیزبی و شێوازی کاری داهاتوومان: لەمبارەوە قسەوباسی ورد و گرینگ هاتە ئاراوە. دێمۆکراتیکتر کردنی ئیدارە و ژیانی حیزبی، بە دەزگا و دامەزراوە کردنی هەموو ئۆرگانەکان، سازدانی ئۆرگانیسمی کۆنتڕۆڵ لە سەر تا خواری حیزب، ئەوڕۆیی کردنی کار و چالاکی لە ناوخۆ بە پێی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا و پێشکەوتنی فیکر و تەکنیک و هەروەها چالاککردنەوەی مەیدانە جۆراوجۆرەکانی هەڵسوڕان بە کەڵک وەرگرتن لە توانایی و لێهاتوویی هەموو کادر و ئەندامان، پێداگرییان لەسەر کرا. هەروەها دەوری دەرەوەی وڵات و هاوڕێیانی نیشتەجێ لەوێ درایە بەر باس و گرینگیدان بەو پرسە تەئکیدی لەسەر کرا. لە هەمان کاتدا هەموان لایانوابوو کە بە کاری لێبڕاوانەی  کادر و ئەندامانی سێ لایەن و چالاکانی ناو بزوتنەوەکە و وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی، دەتوانین بناغەی حیزبێکی کارامە دابمەزرێنین.

٤. ئاجێندای چوارەم و ئاخر سەبارەت بە هەنگاوی کردەیی پێش پێکهێنانی حیزبی داهاتوو بوو. لەو بەشەدا باسەکان سەبارەت بە کارکردنی هاوبەش لە مەیدانە سەرەکیەکانی کاری حیزبی چڕ بوونەوە. هەموان پێیانوابوو کە بڵاوکردنەوە و ناساندنی زیاتر و بەرینی گوتاری حیزبیمان بە جەماوەر، کاری هاوبەش لە دەرەوەی وڵات، دیاریکردنی شێوازی کارکردنی جیاواز لە داب و نەریتی پێشوو لە ژیانی حیزبیدا، وەرێخستنی ئۆرگانیسمی تەبلیغی هاوبەش لە هەموو مەیدانەکاندا، هەنگاونان بۆ چۆنیەتی کاری هاوبەش لە ناوەوەی کوردستان و سەرئەنجام ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرە، ئەرکی سەرەکی ئێمەیە لە دەورەی نوێی پێکەوە کار کردنمان. بۆ ئەم مەبەستە بڕیار درا کە هەیئەتی هاوئاهەنگی باس لە نەخشەڕێگا و زەمانبەندی ڕۆشن بۆ ئەم بوارانە بکات و هەروەها کومیتەیەکی کاری هاوبەش پێکبێ کە لە لایەن هەیئەتی هاوئاهەنگییەوە کارەکانی پێ بسپێردرێ. ئەو کومیتەیە ئەرکی سەرشانیەتی کە تەمەرکوزی پێویست بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی پێکبێنێ و لێژنە و کومیسیۆن و کومیتەی پێویست بۆ هەموو ئەو ئەرکانە لە کادر و ئەندامانی سێ لایەن پێکبێنێ و رێنمایی و چاودێری تەواوی هەموو پڕۆسەکە تا کۆنگرە بگرێتە ئەستۆ. بەمجۆرە ئێمە لە دەورەی داهاتوودا لە بوارە سەرەکیەکانی کاری حیزبی کاری کردەیی هاوبەش دەست پێدەکەین و لە مەیدانی کردەدا بەربەست و گرفتەکانی سەر رێگای بوون بە یەک حیزب دەناسین و پێکەوە ڕێگایان بۆ دەدۆزینەوە بە جۆرێک کە بتوانین زۆرترین ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە و وەڕێخستنی کاری ئۆرگانەکانی حیزبی نوێ پێک بێنین.

هەیئەتی هاوئاهەنگیی سێ لایەنی کۆمەڵە

٢٧. ١. ٢٠١٧

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت