سێ قۆناغ لە پیلانی پاشەکشە کردن بە حیزبەکانی رۆژهەڵات لە سنوورەکان جێ بە جێ کرا

0
1668

ڕۆژی کورد: چوونەوە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ سنوورەکان و زیندوو کردنەوەی تا ڕادەیەک کەم لە خەباتی چەکداری و دڵگەرم کردنەوەی خەڵکی ناوخۆ و بووژانەوەی کردەیی هەستی نەتەوەیی لە کوردستانی بندەستی ئێران، تێچوویەکی زۆری مادی و مەعنەوی بۆ ڕژیمی ئێران بەدواوە بوو.

ئەو خەباتە چەکدارییە کە حیزبەکان بانگەشەی پەرەپێدانیان دەکرد، لە ماوەیەکی کەمدا سرنجی میدیا جیهانییەکان و جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و دەریخست کە کۆماری ئیسلامی ئەو گۆمە مەندەش نیە کە بە هیچ چەشنێک نەشڵەقێ. هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای جیاجیاوە هەوڵی پاشەکشەی بە کوردی ڕۆژهەڵات دا و هەوڵی دا حیزبەکان بگەڕێنێتەوە زڕگوێز و کۆیە، پیلانێک کە بە سانایی لەلایەن کوردەوە جێ بە جێ کرا.

ئەو پیلانە تا ئێستا سێ قۆناغی تێپەڕاندووە و هەموو حیزبەکانی باشوور تێیدا بەشدارن:

قۆناغی یەکەم: پیلان گێڕان بە حیزبەکان لە ڕێگای چوار کەسی سەر بە یەکێتیی نیشتمانی و هاندانی ڕای گشتی

قۆناغی دووهەم: داوای پاشەکشە کردنی یەکجارەکیی حیزبەکان لەلایەن خەڵک، حیزبەکان و میدیاکانی باشوورەوە.

قۆناغی سێهەم: جێگیر کردنی گریلاکانی پەکەکە لە شوێنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە بە واتای تیری خەلاس لێدان لە گەڕانەوەی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات بۆ سنوورەکان و هەڵایسانی شەڕێکی تری کورد لەگەڵ کوردە.

لێرەدا پارتی دێموکراتی کوردستان کە سەرۆکایەتیی هەرێمی و حکومەتی هەرێمیشی لە ئەستۆیە، بە تەواوی بێدەنگ بووە تا ئەوەی کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێم، قسەی کۆتایی و نیازی سەرەکییانی ورووژاند.

بارزانی کە خۆی تەمەنی هەموو لە خەبات بە دژی بەعس تێپەڕ کردووە و لە هەموو تەمەنیدا خۆی بە پێشمەرگە ناساندووە، وێڕای ئەوەی کە دەڵێ پرسی گشتپرسی تەنیا هی باشوورە و کوردەکانی تر مافی خۆتێهەڵقووتانیان نیە باس لەوە دەکا کە ئیتر کاتی بەکارهێنانی چەک بە دژی داگیرکارانی کوردستانەوە نەماوە. پێدەچێ لە ڕوانگەی بارزانییەوە، کە باشوور و خێڵی بارزان سەربەخۆی بوون، ئیتر ئەرکی کورد کۆتایی پێهاتووە.

چاوەدێری سیاسیی ناوەندی ڕۆژی کورد لای وایە، هەڵوێستی سەرەکیی پارتی دێموکراتی کوردستان بۆ پاشەکشە پێکردنیان لە سنوورەکان، لە دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەست پێدەکات.

ئەو هەروەها لای وایە، لە ئێستادا پارتی و بارزانی، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وەک کارتی فشار بە دژی پەکەکە و ئێران بەکار دەهێنن و لە داهاتوودا و لە ئەگەری ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانی ئێراق، پارتی دەوری سەرەکی لە پاشکۆکردن و لاوازکردن و تواندنەوەی هێزەکانی ڕۆژهەڵات دەبینێ کە ئەوەش بە بیانووی بوون بە دەوڵەت و پاراستنی جیرانەتی و بەرژەوەندیی دەوڵەتی کوردی و پەیمانە ناودەوڵەتییەکانەوە جێ بە جێ دەکرێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت