سێ تاوانباری تەقینەوەی تیرۆریستیی قەڵای دێموکرات لە کۆیە، لە هەولێر دادگایی دەکرێن

0
1917

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، سێ کەس لە تاوانبارانی هێرشی تیرۆریستیی شەوی یەڵدای دێموکرات، لە هەولێر دادگایی دەکرێن.

ئەو دادگایی کرانە لە کاتێکدایە کە بکەری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییە کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، مۆرەی ڕژیم بووە و دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بەرەو ئێران ڕایکردۆتەوە.

ئەو سێ کەسە کە کەسێکیان خەڵکی کوردستانی باشوور و دوو کەسی تریان، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ـن، بە تاوانی “هاوکاری کردن”ـی کەسی بکەری سەرەکیی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە، دادگایی دەکرێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بڵاو بوونەتەوە، شارۆمەندی خەڵکی کوردستانی باشوور کە تا ئێستا ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەوە تاوانبارە کە کەرستەی تەقینەوە و تەقەمەنییەکانی بۆ بکەری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی قەڵای دێموکرات لە کۆیە ئامادە کردووە و رادەستی کردووە.

ئەمڕۆ ٢٥ کەس وەک شایەت لە دادگا ئامادەبوون تا باس لە چۆنیەتیی ڕووداوی ئەم شەوە بکەن.

شەوی چلە (یەڵدا)ـی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی هاتنە ئارای دوو تەقینەوەی تیرۆریستیی دوابەدوای یەکدا لەبەردەم قەڵای دێموکرات لە کۆیە، ٥ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ٢ ئەندامی ئاسایشی هەرێم، گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون.

حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرجەم حیزبەکانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەشێک لە حیزب و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، کۆماری ئیسلامییان وەک بکەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە ناساند.

حدک، لە دوای ڕووداوەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای باس کردن لە دڵنیابوونیان لە ئەنجمدرانی کردەوەی تەقینەوەی شەوی چلەی ئەمساڵی بەردەم قەڵای دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕایگەیاند: ”نیشانەکان‌ و زانیارییەکان دەری دەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە تێکۆشەران‌ و بنەماڵەکانی دیموکرات بووە‌. بەو هۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو ئامانجەیان کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکە‌دا لێی کۆ دەبنەوە، هەڵ بژاردووە“.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها هاتبوو: ” حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تاوانبار کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگەو هۆ بەستوە. ئەم ڕێژیمە، هەر لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەکان‌و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی‌و بنەمالەکانیان ئەنجام داوە کە سەدان قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. جگە لەم کارنامە ڕەشە  کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان‌دا هەیەتی، لە مانگەکانی ڕابردوو‌دا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا‌و بەردەوامی هەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی هەرێم‌و لە هەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دێموکراتەکان‌و بنکە‌و بارەگاکانیان دەوەشێنن. لەمانەش گرنگتر ئەو زانیارییانەن کە کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا لە ڕەوتی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە‌و لێکۆڵێنەوە لە ڕاسپێردراو‌و دەستوپیوەندە ناردراوەکانی سەر بە دامودەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو حیزبی ئێمە، کۆی کردوونەوە.”

شەهیدانی شەوی یەڵدای قەڵای دێموکرات لە کۆیە بریتی بوون لە:

شەهید عەلی قۆیتاسی

شەهید وەهاب میرخزری

شەهید سالار باقری

شەهید ئەرسەلان عەباس نیا

شەهید ناسر کەریمی

هەروەها دوو فەرمانبەری ئاسایشی کۆیەش لەو کردەوە تیرۆریستییەدا شەهید بوون.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت