سێزدە ساڵە زبڵی ئەو ئاواییە نارێژرێت/بەرپرسانی ڕژیم تا ئێستاش خۆیان لە قەرەی کێشەکانیان نادەن

0
896

ئاوایی ڕەحیم خان کە لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان هەڵکەوتووە پتر لە ١٣ ساڵە زبڵەکەی لە قەراغی گوندەکە کەڵەکە بووە و نارێژرێت.

ڕۆژی کورد: ئاوایی ڕەحیم خان کە ٥٠٠ ماڵی تێدایە و پتر لە ٢٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە،  پتر لە ١٣ ساڵە زبڵ و خاشاکی ئاواییەکە لە مەودای ١٠٠ میتریی ئەو ئاواییە و لە شوێنێک بەناوی “چیمەن” کۆدەکرێتەوە و هەوڵێک بۆ لەنێوبردنی نادرێت و هەتا ئێستا بەرپرسانی سیمینە و شۆڕای ڕەحیم خان لە ماوەی ئەو ١٣ ساڵەدا شوێنێکیان بۆ زبڵی ئەو ئاواییە تەرخان نەکردووە تا دوای کۆکردنەوە بە شێوەیەکی زانستییانە لە نێو ببردرێ.

زبڵ و خاشاکی ئاوایی ڕەحیم خان سەرەڕای زبڵی ئاسایی نێو گوندەکە، زبڵی ناوەندی لەش‌ساغیی ڕەحیم خانیش لە خۆ دەگرێت.

لە بەدوادا چوونی هەواڵنێری ڕۆژی کورد بۆ ئەو گرفتە، یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەوە  گوندە گوتی: “ئاواییەکەی ئێمە ٥٠٠ ماڵە و لە چەند ساڵی ڕابردوو بە مەبەستی چارەسەری و دیاری کردنی شوێنێک بۆ ڕشتنی زبڵی ئاواییەکە چەندین جار لەگەڵ شورای ئاوایی و بەرپرسانی شارەوانیی سیمینە و تەنانەت بۆکانیش کۆبوینەوە، بەڵام هەموو جارێک بەرپرسانی شار بە بیانووی ئەوەی کە بودجە بۆ ئەو کارە تەرخان و دەست نیشان نەکراوە، خۆیان لە چارەسەریی ئەو گرفتە بواردوووە”.

ئەو هاووڵاتییەی ڕەحیم خان هەروەها گوتی: “زبڵ و خاشاکی گوندەکە و تەنانەت زبڵی بێهداشتیی دێیەکەش لە شوێنێک کۆدەکرێتەوە کە کەمتر لە ١٠٠ میتر لە ئاواییەکە دوورە و کەمتر لە ٥٠٠ میتر لە بیری ئاوی گوند کە سەرچاوەی ئاوی ئاوی خواردنەوەیە، دوورە”.

 لە درێژەی ڕوونکردنەوەی گرفتی نەڕشتنی زبڵی ئاوایی ڕەحیم خان، هاووڵاتییەکی تر بە ڕۆژی کوردی گوتی: “کۆبوونەوەی زبڵ لە قەرغ ئاوایی وایکردووە دەیان سەگی بەڕەڵا لە دەوری گوند کۆبۆتەوە و ئەوە سەگانە هەم لە بڵاوکردنەوەی نەخۆشیدا دەوریان هەیە و هەمیش زۆر جار منداڵی دێیەکەیان گرتووە و تەنانەت برینداریشیان کردووە. “

هاوولاتییەکی تری ڕەحیم خان هەر لەو پەیوەندییەدا بە هەوالنێری ڕۆژی کوردی گوت: ” ئێمە چەندین جار بۆ ئەوەی بێهداشت زبڵەکەی لەگەڵ زبلی ئاوایی تێکەڵ نەکات و بە جیا لە شوێنێکی تایبەت لە نێوی بەرێت، سەردانی بێهداشت و ناوەندە پەیوەندییدارەکانی بۆکانمان  کردووە بەڵام بە بیانوی ئەوەی کە بودجەی ئەو کارەمان نییە، زبڵی ئەوەێش لەگەڵ زبڵی ئاوایی دەخەن کە ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشی”

ئەو هاووڵاتییە کە لە چارەسەریی ئەو گرفتە بێ هیوا بوو لە درێژەی قسەکانییدا هەروەها بە ڕۆژی کوردی گوت: “کێشەی ئەو گوندە یەک و دوو نییە، ئێستا پتر لە مانگێکە ئێمە و ئاواییەکانی ئوزن قشلاق و کانی مەملی و کانی گۆل و سەراو کە زیاتر لە ٥٠٠٠ هەزار نەفەر لە خۆدەگرێ، دوکتورمان نییە و ئەگەر بمانهەوێت بچینە دوکتور دەبێ بچین بۆ شار و لەوێ بچینە دوکتور و لەوەێش  بە تێچووی خۆمان بچین و ناتوانین بیمە بەکار بێنین”

بە پێی بڕیاری وەزارەتی لەشساغی و فێرکاریی پزشکیی ئێران، هاووڵاتییانی گوندنشین بۆ ئەوەی بتوانن بیمەی گوندنشینان بەکار بهێنن، دەبێ لە سەرەتا سەردانی دوکتوری ئاواییەکەیان بکەن و مۆڵەتی بەکارهێنانی بیمەیان لەلایەن ئەو دوکتورەوە پێ بدرێت. بۆ ئەوە مەبەستەش بۆ هەر چەند گوند، دوکتورێک دەست نیشان کراوە و نەبوونی ئەو دوکتورە دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئاواییەکە نەتوانن لە کاتی نەخۆشیدا بیمە بەکار بهێنن و ناچارن لەسەر گیرفانی خۆیان چارەسەریی نەخۆشییەکەیان بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت