سینەماکارانی فەڕانسە و وڵاتانی تری ئوروپا، لە ڕاگەیێندراوێکدا داوای ئازادکرانی کەیوان کەریمی دەکەن

0
979

سینەماکارانی فەڕانسە، لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە داوای ئازادکرانی فیلمسازی کورد، کەیوان کەریمی، دەکەن

ڕۆژی کورد: سینەماکارانی فەڕانسەوی لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە داوای ئازادکرانی فیلمسازی کوردی خۆرهەڵاتی، کەیوان کەریمی دەکەن.

بەپێی هەواڵی ئار. ئێف. ئار، کەسایەتییە سینەماکارە فەڕانسەوییەکان و هەوەها ئەژمارێک ڕێکخراو و بنکەی پسپۆڕیی هونەری و سینەمایی فەڕانسە و لە ناویاندا “کۆمەڵگای فیلمنامەنووسان، دەرهێنەرەکان و بەرهەم هێنەرەکان” و “بنکەی نووسەران و موسیقی سازانی فیلم”، ئەو ڕاگەیێندراوەیان واژۆ کردووە و داوای ئازادکرانی هەرچی زووتری کەیوان کەریمی، فیلمسازی لاوی کورد، دەکەن.

لە بەشێک لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: “بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ڕۆژنامەوانان و شارۆمەندانیی ئێران، تەنیا بە تاوانی هاودەنگ و هاوڕەنگ نەبوونیان لەگەڵ حکومەت، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بەنیخانە دان و سەرکەوت دەکرێن”.

نووسەرانی ئەو ڕاگەیێندراوە، داوایان لە فەڕانسە و یەکێتیی ئوروپا و وڵاتانی لایەنگری دێموکراسی کردووە تا هەوڵەکانیان بۆ ئازادکردنی کەیوان کەریمی لە بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی، بخەنە گەڕ.

هاوکات، ڕێکخراوەگەلی هاوشێوەی ئاڵمانی، هولەندی و ئوروپاییش، پشتیوانیی خۆیان لەو راگەیێندراوەی سینەماکار فەڕانسەوییەکان لەمەڕ کەیوان کەریمی، سینەماکاری کورد، راگەیاندووە.

لەلایەکی تریەوە، شەوی سێ شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، “سینەمای سینەماگەردان” لە کۆڵانی “کلیشی” لە پاریس، بەرنامەکانی خۆی بۆ کەیوان کەریمی، تەرخان کردووە و تێیدا ئەو ڕاگەیێندراوە خوێندرایەوە و فیلمی “نووسین لەسەر شار”ـی کەیوان کەریمیش خرایە بەر دیدەی بینەران.

کەیوان کەریمی، فیلمسازی کورد، ڕۆژی چوارشەممە، ٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی و لە ڕێگای تەلەیفوونەوە و لە ژێر ناوی هەندێ شیکردنەوە و وڵامدانەوە بە هەندێ پرسیار، بانگهێشتی بازنەی بەرێوەبردنی سزاکانی لقی ١ـی دادسەرای شەهید موقەدەس لە بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران کرابوو و هەر لەجێوە بە مەبەستی بەڕێوەچوونی سزای ١ ساڵ بەندکران و ٢٢٣ قامچی، ڕەوانەی بەشی قەرەنتینەی بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران کرابوو.

ڕۆژی هەینی بەرانبەر بە ١٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لێبوردنی نێونەتەوەیی  داوای لە هەموو رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، کە هەموو توانای خۆیان وەگەڕ بخەن بۆ ڕێگریی کردن لە بەڕێوەچوونی سزای  قامچی لێدان لە کەیوانی کەریمی کە ماوەیەکە لە زیندانی “ئێوین”ی تاران ڕاگیراوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە کەیوان کەریمی دەرهێنەری لاوی سەقزی بە تۆمەتی بانگەشە بە دژی نیزام و بێ‌ڕێزی بە پیرۆزییەکان، ساڵی ڕابردوو  ٦ساڵ زیندان و لێدانی ٢٢٣ قامچی بەسەردا سەپا، کە بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.

وەک لە هەواڵەکانی پێشتر باس کرا، دووحەوتوو لەمەوپێش کەیوان کەریمی بۆ جێبەجێ کردنی حوکمەکەی سەرلە نوێ بانگهێشتی دادگا کراوە.

کەیوان کەریمی، فیلمسازی ناسراوی کورد کە نزیک بە ٢٠ ڕۆژ بەر لە ئێستا بە مەبەستی جێ بە جێبەجێ کرانی سزای قامچی لێدان و کێشانی سزای بەندکران، بۆ بەندیخانەی ئەوین بانگ کرابوو و دواتر لە دۆخێکی یەکجار نالەباردا لە قەرەنتینەی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگیرابوو، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٤ی هەتاوی، راگواستراوەتە بەندی ٨ـی بەندیخانەی ئێڤین ـی تاران.

کەریمی، ماوەی ١٨ ڕۆژ لە قەرەنتینەی بەندی ٤ی بەندیخانەی ئێڤین لەسەر زەوی دەخەوت و لە هەر چەشنە خزمەتگوزارییەک بێبەش بوو و ئیزنی هاتن بۆ هەواخۆری و چاوپێکەوتنیشی لی زەوت کرابوو.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت