سکرتێری گشتیی حدکا بە مەبەستی گۆرانکاری لە پێکهاتەی ئەو حیزبەدا گەڵاڵەیەکی خستە ڕوو

0
1444

ڕۆژی کورد: کۆنگرەی شازدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەڕای بەسران و گیرانی کۆنفڕانسه‌كان، تا ئێستاش هەر نەبەستراوە و دەشگوترێ هۆکاری سەرەکیی پاشکەوتن و وەدواکەوتنی کۆنگرەکە، بریتییە لە پێکناکۆکی و ڕوانگەی جیاوازی ئەندامانی دەفتەری سیاسیی ئەو حیزبە لەمەڕ گەڵاڵەیەک کە سکرتێری گشتیی حدکا بە مەبەستی گۆڕانکاریی پێکهاتەی ئەو حیزبە، داویەتە دەر و ئێستاش مشتوومڕی لەسەرە و تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەن بە هاوڕاییەک و پێکناکۆکییە هزرییەکان و ڕوانگەییەکان تا ئێستاش بەردەوامن و هەر بۆیەش کۆنگرە بۆ ماوەیەکی نادیار، دوا خراوە.

بەپێی زانیارییەکان، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی دەفتەری سیاسیی حدکا لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانە ناکۆکن و هۆکاری ناکۆکییەکەش دەگەڕێتەوە سەر نەمانی ئەو ناوەندەی بڕیار دان لە حیزبەکەدا.

بەشێک لە چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات لایان وایە، پێکهاتەی ئێستای حیزبەکان بە هۆی ئەوەی کە بۆ سەردەم و زەمەنێکی جیاواز داڕێژراوە و پێکهاتووە، ناتوانی وڵامدەرەوەی پێویستییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات بێت هەربۆیەش ئەو گۆڕانکارییانە بە بەرز و ئەرێنی دەنرخێنن.

بەشێکی تریش لە ئەندامانی حدکا و لایەنگرانی ئەو حیزبە و بەشێک لە پێکهاتەی حیزبەکەش لایان وایە دەستی سکرتێر تا ڕادەیەکی زۆر کراوە دەبێ و بە گوێرەی لێدوانی ئەوان، جۆرێک دیکتاتۆرییەتی سکرتێری دێتە ئاراوە.

مەترسییەکی تری کە بەشێک لە ئەندامانی حدکا و چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات نایشێرنەوە، دزەکردنی هەندێک کەسی سەر بە حیزبەکانی تری پارچەکانی تری کوردستان بۆ ناو ڕیزەکانی حدکا لە ژێر ناوی ڕاوێژکاری سکرتێری ـیە و دەشڵێن ئەو وتەیە لە گریمانە دەرچووە و بە ڕاشکاویش قامک لەسەر ناوی چەند کەسێک دادەنێن و ئەوە بە خەسارێک بۆ مانەوەی سەربەخۆیی بڕیاردانی حدکا دەزانن.

بەڵام لایەنگرانی گۆرانکارییەکان لایان وایە کە “پێکهاتەی حیزبە کوردییەکان بۆ زیاتر لە ٢٥ ساڵ لەمەوپێش ساز دراوە، شێوازەکان بۆ سەردەمی ئەو کات بوون و بەپێی ئاستی کۆمەڵگای ئەو کات، شێوەی خەبات، دۆخی جیهان و ناوچە و زۆر فاکتەری تر، ئەو سیستەمانە دامەزراون، سیستەمگەلێک کە چیتر توانایی ڕاکێشانی خەڵکانی ئەوڕۆییان بۆ ناو خۆیان نیە وبازنەیەکی تەنگەبەری سازکردووە کە زیاتر لە ڕاکێشانی کەسانی نوێ، خەریکی ڕەتاندن و پەرتەوازەکردنە و لە جیاتی گرتنەبەری شێوەی ڕێبەریی نوێ، بەرەو شێوازی کۆن، گوندیانی و خێڵەکی و ناوچەیی هەنگاو دەنێت.”

تا ئێستاش ڕوون نیە ئەم دوو ڕوانگە جیاوازییە بە کام لادا دەکەوێ، بەڵام بەشێک لە چاوەدیران و چالاکانی سیاسی، دڵەراوکێی ئەوەیان هەیە کە خه‌باتی چەکداری کە بە ناوی ڕاسان دەستی پێکردووە، لە ژێر کاریگەریی ئەو ناکۆکییەدا، لاواز ببێ و خەڵکی کوردستان هیوابڕاو بکات.

بۆ خوێندنەوەی دەقی ئەو گەڵاڵەیە لێرە کرتە بکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت