سپای پاسداران بانگهەشەی وەدەست هێنانی پشتیوانی ٦٥ سەرۆک خێڵ دەکات

0
880

ڕۆژی کورد: سپای پاسدارانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانۆڕێکی سەربازیدا، پەنای بۆ سەرۆک خێڵ و عەشیرەتەکانی سیستان و بەلووچستان بردووە.
فەرماندەری هێزی ویشکانی سپای پاسداران لە دووهەمین ڕۆژی ئەو مانۆڕە سەربازییەدا داوای هاوکاری لە ١٥ سەرۆک عەشیرە و ٥٠ سەرۆک خێڵ کردووە، بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ “ئەشرار”دا هاوکاریی سپای پاسداران بکەن.
محەمەد مارانی وتەبێژی ئەو مانۆڕە سەربازییە بە هەواڵدەریی “تەسنیم”ی سەربە سوپای پاسدارانی ڕاگەیاندووە، بەشداری و ئامادەبوونی سەرۆک عەشیرە و خێڵەکانی بەلووچ، گەورەترین دەستکەوتی ئەو مانۆڕە سەربازییە بوون.
“بەرنگاربوونەوە هێرشی پارتیزانی، کەمین” و “ئەستاندنەوەی پایەگا لە دەستی دوژمنی ڕواڵەتی” بە پشتیوانیی هیلی کۆپتێر، مەشقەکانی ئەو مانۆرە سەربازییەی لە رۆژانی ٢٣ هەتا ٢٥ی خاکەلێوە بوون.
هەروەها بریارە لە ماوەی داهاتوودا دوو مانۆڕی دیکەی سەربازی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەرێوە بچن، کە هەتا ئێستا شوێنی بەڕێوەچوونیان دیاری نەکراوە.
رژی ٢٢ی خاکەلێوە فەرماندەری زەوینی سوپای پاسداران روو لە حیزبە کوردییەکان رایگەیاندبوو: ” ئەگەر (زیددی ئینقلاب) پێشڕەوی بکات، خومپارە بارانیان دەکەین”.
لە ماوەی رۆژانی رابردووشدا هێزێکی بەرینی تەبلیغاتی لەلایەن میدیاکانی سەربە سوپای پاسدارانەوە لە چوارچێوەی بلاو کردنەوەی راپۆرت و هەواڵ و هەروەها بلاوکردنەوەی کتێب لە دژبە حیزبی دیمۆکرات دەستی پێکردووە.
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیران، ڕۆژی یەکەمی نەورۆز لە پەیامێکدا روو لە خەلکی کوردستان رایگەیاند کە سالی ٩٥ هێزی پیشمەرگە رەوانەی ناوخۆ دەکاتەوەو داوای لە لاوانی کوردستان کرد بۆ ئەو مەبەستە پەیوەست بە ریزەکانی حیزبی دێمۆکراتەوە بن. دوابەدای ئەودا پارتی ئازادی کوردستان کە ماوەی ٢ ساڵە لە کوردستانی باشوور سەرقاڵی شەڕ لەگەڵ ڕێکخراوەی تیرۆریستی داعشە، ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە.

بەشێک لە جاوەدیرانی سیاسی لایان وایە کە ئێران کە ئێستا مەترسی هیرشی دەرەکی لەسەر خۆی دەبینێت و دەشزانێت لە ئەگەری هەر هێرشێکی دەرەکی ئەوا لە ناوخۆ تووشی سڵەژان و ناڕەزایەتی خەڵک دەبێتەوە، لە هەژاری و دەست کورتی بەشێک لە خەڵک و بەتایبەتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەڵکاژۆ وەردەگرێ و دەیانخاتە ناو ڕیزی هێزەکانی خۆیەوە و بەو جۆرە دەیهەوێ بە نەیارانی خۆی بڵێ هێشتا پشتیوانیی خەڵکی لەگەڵە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.