ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە مەریوان، بڕیارە ئەنجومەنی دەروونناسییزانکۆی پەیامنووری مەریوان، ڕۆژی شەممە، ۱۳ی سەرماوەزی 1395ی هەتاوی، سمینارێک لەسەر توندوتیژیی بنەماڵە، بەڕێوەببات.
بڕیاتە لەم سمینارەدا، هۆکارەکان و جۆرەکانی توندوتیژیی بنەماڵە، لە بواری دەروونناسییەوە، شی بکرێتەوە و ڕێگەچارەگەلێکی ئەوتۆ، بخرێتە بەر باس.
لەم سیمنارەدا هەروەها ئەم تەوەرە وەکوو کێشەیێکی سەرەکیی کۆمەڵگا، بە خوێندکاران دەناسرێت، تاکوو خوێندکاران وەکوو چینی ڕووناکبیری کۆمەڵگا، چاکسازیی کۆمەڵگا، لە بنەماڵەی خۆیانەوە دەستپێبکەن.
کات: شەممە، ۱۳ی سەرماوەز، کاتژمێر ۱۰
شوێن: هۆڵی گشتیی زانکۆ پەیامنووری مەریوان
پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ۲٦ی گەڵاڕێزانی 1395ی هەتاوی، زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، سمینارێکی لەژێر ناوی “منداڵانی کار”، بە دروشمی (من برسیم و لەسەر شەقام بەدوای مشتێ گەنم وێڵم)، بەڕێوەبردبوو.
گوتاربێژانی ئەم سمینارە پێکهاتبوون لە: دوکتۆر مەسعوود بینەندە و دوکتۆر فەرزاد حاجمیرزایی.
ئەم سمینارە کە لەلایەن خوێندکارانی زانکۆی ناوبراوەوە ڕێکخرابوو، بە سەرنجدان بە پەرەسەندن و بوونی ڕێژەی بەرچاوی منداڵانی کار لە ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها بە ئاماژە کردن بە کێشەی هەرەگەورەی منداڵانی کار لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتبوو و لاوازبوون و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتی لەمبارەوە خستە ژێر ڕەخنە.
هەروەها گوتاربێژان لە بواری کۆمەڵناسی و فەلسەفە و دەروونناسییەوە، مافی منداڵانیان شیکردەوە و جەختیان لەسەر کردەوە.
سیستەمی پەروەردە و تەندروستیی ئێران لەو سمینارەدا بردرایە ژێر پرسیار و گوترا بەرنامەیێکی ئەوتۆی بۆ پەروەردە و پاراستنی منداڵانی کار نیە و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی بنچینەیی دەسەڵات.
لەم سمینارەدا، کە کاتژمێر ۱۱ تا ١٣ی ئەو ڕۆژە درێژەی هەبوو، کلیپێک و ڕاپۆرتێکی دڵتەزێن لەسەر منداڵانی کار نمایش کرا و ئەو زامەی بە باشی و بە شێوەیەکی زەقتر خستە بەرچاو.
نوێنەری ئەنجومەنە زانستییەکانی زانکۆش، وتارێکی کورت لەسەر زوڵمی دەسەڵات و سەرمایەداری لە دژی منداڵانی کار، پێشکەش کرا.