ساڵێک بەسەر کردەوە تیرۆریستییەکەی شەوی چلەی بەردەم قەڵای دێموکراتدا تێپەڕی

0
956

ڕۆژی کورد: ڕێک یەک ساڵ بەر لە ئێستا، شەوی چلە (یەڵدا)ـی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی هاتنە ئارای دوو تەقینەوەی تیرۆریستیی دوابەدوای یەکدا لەبەردەم قەڵای دێموکرات لە کۆیە، ٥ پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامێکی ئاسایشی هەرێم، گیانیان لە دەست دا و شەهید بوون.

لەگەڵ ئەوەیدا کە یەک ساڵ بەسەر ئەو کردەوە تیرۆریستییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبەردەم قەڵای دێموکراتدا تێپەڕیوە، لێ تا ئێستاش هیچ کەس لەو پێناوەدا سزا نەدراوە. تاوانبارەکان تا ئێستاش بە تەواوی ناڕوونن و جیا لە یەک کەس کە ئەندامی یەکێتیی لاوانی حدک بوو و هەڵاتەوە بۆ ئێران، هیچ کەسی تر وەک تاوانبار دەست نیشان نەکراوە و سزا نەدراوە.

بابەتێکی تر، ڕوون نەکردنەوەی ڕوداوەکە و کردەوەکە بۆ ڕای گشتی بوو. ئەو گوێ نەدان بە ڕای گشتی و هەوڵ دان بۆ لەبیربردنەوەی لە ناو خەڵک یان لاڕێ کردنی کارەساتەکان لە ڕوانگەی گشتیدا، لە ناو حیزبە کوردیەکان بە گشتی و حیزبەکانی رۆژهەڵات بەتایبەتی، باسێکی نامۆ نیە و کەم ڕووداو هەیە تا ئێستاش بە خەستی ڕوونکردنەوەی لەسەر درابێ کە هۆکاری ئەو بابەتە، جێگای پرسیار و گومانە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕاگەیێندرا کە سێ کەس لە تاوانبارانی هێرشی تیرۆریستیی شەوی یەڵدای دێموکرات، لە هەولێر دادگایی دەکرێن بەڵام تا ئێستاش هیچ کەس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن، بەیزانی و نەیتوانی بزانێ ئەو سێ کەسە چی بوون و چیان لەسەر سەلما و چ بڕیارێکیان لەسەر درا، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ڕووداوی باڵەکایەتیدا بێ هیچ دادگایی کردنێک، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ئەو دادگایی کرانە لە کاتێکدا بوو کە بکەری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییە کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو، مۆرەی ڕژیم بووە و دوای ئەنجامدانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە بەرەو ئێران ڕایکردۆتەوە.

ئەو سێ کەسە کە گوترا کەسێکیان خەڵکی کوردستانی باشوور و دوو کەسی تریان خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ـن، بە تاوانی “هاوکاری کردن”ـی کەسی بکەری سەرەکیی ئەو تەقینەوە تیرۆریستییە، دادگایی کران، بەڵام دەرەنجامی دادگا چی بوو؟ ئەوە پرسیارێکی تا ئێستاش بێ وڵامە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئەو کات بڵاو بوونەوە، شارۆمەندێکی خەڵکی کوردستانی باشوور کە تا ئێستاش ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەوە تاوانبارە کە کەرستەی تەقینەوە و تەقەمەنییەکانی بۆ بکەری سەرەکیی ئەو کردەوە تیرۆریستییەی قەڵای دێموکرات لە کۆیە ئامادە کردووە و ڕادەستی کردووە، بەڵام چما ناوی ئاشکرا نەکرا و حدک ئامادە نەبوو ئەو ناوە ئاشکرا بکا و ئایا هێزێکی دەرەکی ڕێگر بوو لە ئاشکرا کردنی ناوی؟ یان چ سزایەکی بەسەردا سەپا، تا ئێستاش ناڕوونە.

ئەو شاردنەوەی ڕاستیانە لە حاڵێکدا کە  ٢٥ کەس وەک شایەت لە دادگا ئامادەبوون تا باس لە چۆنیەتیی ڕووداوی ئەم شەوە بکەن، بەڵام هەمان ئەو ٢٥ شایەتەش تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بێدەنگیان پێکراوە و هیچ کەس ئامادە نەبووە یان نەیانهێشتووە ئامادە بێ، باس لە چٶنیەتیی دادگا بکا و تەنانەت ناشزاندرێ ئەو ٢٥ کەسە کێ بوون.

حدک، لە دوای ڕووداوەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای باس کردن لە دڵنیابوونیان لە ئەنجامدرانی کردەوەی تەقینەوەی شەوی چلەی ئەمساڵی بەردەم قەڵای دێموکرات لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕایگەیاند: ”نیشانەکان‌ و زانیارییەکان دەری دەخەن کە ئامانج لەو تەقینەوەیە، کوشتنی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە تێکۆشەران‌ و بنەماڵەکانی دیموکرات بووە‌. بەو هۆیەشەوە کە نەیانتوانیوە بۆمبەکان بێننە نێو هۆڵی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە، نزیکترین شوێن لەو ئامانجەیان کە خەڵک لە کاتی تەواو بوونی بەرنامەکە‌دا لێی کۆ دەبنەوە، هەڵ بژاردووە“.

لەو ڕاگەیێندراوەدا هەروەها هاتبوو: ” حیزبی دیموکراتی کوردستان لە تاوانبار کردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئەنجامدانی ئەم تەقینەوە تیرۆریستییە، پشتی بە کۆمەڵێک بەڵگەو هۆ بەستوە. ئەم ڕێژیمە، هەر لە هەرێمی کوردستان لە دەیەی ٩٠ی زایینی‌دا، دەیان تاوانی تیرۆریستیی گەورەی لە دژی لایەنە سیاسییەکان‌و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵاتی‌و بنەمالەکانیان ئەنجام داوە کە سەدان قوربانییان لێ کەوتووەتەوە. جگە لەم کارنامە ڕەشە  کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسیی نەیاری ئەو ڕێژیمە لە هەرێمی کوردستان‌دا هەیەتی، لە مانگەکانی ڕابردوو‌دا، فەرماندەرانی سوپای پاسداران بە ئاشکرا‌و بەردەوامی هەڕەشەیان کردوە کە لە نێوخۆی هەرێم‌و لە هەر جێیەک بە پێویستی بزانن، زەبر لە دێموکراتەکان‌و بنکە‌و بارەگاکانیان دەوەشێنن. لەمانەش گرنگتر ئەو زانیارییانەن کە کۆمیتەی ئەمنیەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دوایی‌دا لە ڕەوتی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ئەو ڕێژیمە‌و لێکۆڵێنەوە لە ڕاسپێردراو‌و دەستوپیوەندە ناردراوەکانی سەر بە دامودەزگا سیخوڕییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو حیزبی ئێمە، کۆی کردوونەوە.”

شەهیدانی شەوی یەڵدای قەڵای دێموکرات لە کۆیە بریتی بوون لە:

شەهید عەلی قۆیتاسی

شەهید وەهاب میرخزری

شەهید سالار باقری

شەهید ئەرسەلان عەباس نیا

شەهید ناسر کەریمی

هەروەها  فەرمانبەرێکی ئاسایشی کۆیەش لەو کردەوە تیرۆریستییەدا شەهید بوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.