زەریف: نوێکرانەوەی گەماروە ١٠ ساڵەکان هیچ کاریگەرییەکی کردەیی نیە

0
873

دەنگدانی سەنای ئەمریکا بە یاسای “نوێکردنەوەی گەمارۆ ١٠ ساڵەکان لەسەر ئێران”، ئاوێکی ساردی بەسەر دەستی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەتی عەلی خامنەیی و جەوادی زەریف ـدا کرد. جەواد زەریف خۆی بە شابراوەی ڕێکەوتنی ناوکیی بەرجام دەزانی و لای وابوو توانیویەتی بیسەلمێنێ کە ئەمریکاییەکان ئەوەندەش ژیر و لێزان نین کە نەکرێ کڵاویان بخرێتە سەر.

ڕۆژی کورد: دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەسەندکرانی یاسای “نوێکردنەوەی گەمارۆ ١٠ ساڵەکان لەسەر ئێران”، بە زۆرینەی دەنگ لە مەجلیسی سەنای ئەمریکا، بەرپرسانی ئێران بە گشتی دژکردەوەی توندیان لە خۆیان نواند، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی ئێران، ڤیدیۆیەکی لێدوانی چەند ڕۆژ لەمەوبەری خۆی لەگەڵ بەسیجیەکان لە ماڵپەڕەکەی بڵاو کردەوە کە تێێدا دەڵێ : “پەسەندکرانی ئەو یاسایە بە واتای هەڵوەشانەوەی بەرجامە ـە”.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش کە بەرەو هیند و چەند وڵاتێکی تر لە سەفەر دایە، پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە گوتی: “تەنانەت ئەگەر سەرۆک کۆماری ئەمریکاش واژۆی بکا هیچ کارتێکەرییەکی بەڕێوەچوونی نیە”.

 زەریف کە هەر لە سەرەتای هەڵبژێردرانی ترامپ، بە شێوەیەکی هەڕەشەئامێز و بە وتەی خۆی بە نەسیحەت، ترامپی نەسیحەت دەکرد تا ژیر بێ و ناشتوانێ ڕێکەوتنی بەرجام هەڵبوەشێنێتەوە ئەمجارەیان لە چاو بەرپرسانی تری ئێران و تەنانەت نوێنەرانی پارلمانی ئێرانیش، ئەهوەنتر لێدوانی دا.

 جەواد زەریف هەروەها گوتیشی: “لە ڕوانگەی ناونەتەوەییەوە، نوێکردنەوەی گەمارۆکان، بێ بڕوایی ئەمریکا لە جیهاندا نیشان دەدا بەڵام هەروەک لە ڕابردووشدا بەرپرسانی ئەمریکایی ئەرکیان ئەوە بوو کە بەپێی بەرجام پێش بە گەمارۆکان بگرن، ئێستاش هەر ئەو ئەرکەیان لەسەرە”.

عەلی ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری تایبەتیی خامنەیی لە لێدوانێک لەگەڵ یەکێک لە کاناڵە تەلەفیزیۆنییەکانی ئێراندا لەمەڕ بەرجام گوتوویەتی: “بەرجام بڕیاری یەک کەس نەبوو، بڕیاری هەموو ڕژیم بوو، خودی خامنەیی چاوەدێری بەسەر هەموو پرۆسەکەدا هەبوو، ئەگەر بەرجام نەبوا هیچ بژاردەیەکی تر جیا لە شەڕ نەبوو و تووشی شەڕ دەبووین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت