زەریف لە تورکیە: ئێران، ڕووسیە و تورکیە سێ ئەکتەری سەرەکیی ناوچەکەن

0
673

ڕۆژی کورد: محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ گەیشتە ئانکارا. ئەوە یەکەم سەفەری بەرپرسانی باڵای ئێران بۆ تورکیە لە دوای کودەتا بێ ئەنجامەکەی ئەو دواییانەی تورکیەیە کە لە ٢٥ی پووشپەڕی ئەمساڵ هاتە ئاراوە.

زەریف لەم سەردانەدا سەرەتا لەگەڵ هاوتای خۆی، مەولوود چاوش ئۆغڵوو کۆبۆوە و دواتر لە بنکەی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە چاوی بە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان کەوت.

زەریف لە کاتی سەردانەکەی بۆ تورکیە لە وتووێژێکی کورت لەگەڵ هەواڵنێری دەنگ و ڕەنگی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە ئەگەری هەر کودەتایەک لە ئیران کرد و گوتی: “ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی لامان وایە کودەتا لە ناوچەکە هیچ پێگەیەکی نیە هەر بۆیەش لە یەکەم کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەو کودەتایە، مەحکووممان کرد، شێوەی پەرچەکرداری خەڵک لە تورکیە لە کاتی کودەتاکە، پەرچەکردارێکی پیرۆز بوو، هەر بۆیەش ئەوەی کە لەگەڵ کودەتاچیەکان لە تورکیە کرا، هەڵوێستی بەجێ و ڕێی کۆماری ئیسلامی بوو”.

قسەکانی زەریف ئەو واتایەیان بوو کە ئەگەر لە ئێران کودەتا بکرێت ئەوەیان بەسەر دێت کە لە تورکیە بەسەر کودەتاچیەکان هات.

زەریف وێڕای ئەوەی کە ئاماژەی بە بوونی هەندێک ناکۆکی و جیابیری لە نێوان ئێران و تورکیە کرد گوتی: “لەسەر ئەو باوەڕەین کە دەبێ ئەو جیابیریانەش بکەینە بنەمای دان و ستان نەک نەک دژ بە یەک بوون و دژوازی”.

زەریف هەروەها گوتیشی: “سێ وڵاتی ئێران، تورکیە و ڕووسیە، ئەکەترە گرنگەکانی ناوچەکەن و پێویستە لەگەڵ یەکتری هاوکاری بکەن، ئەگەر ڕای جیاوازیشمان هەیە ئەوا دەکرێ لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەری بکەین. لەگەڵ هاوڕێیانی تورکیە لەمەڕ پرسەکانی ناوچە وتووێژی زۆر و چڕمان هەبەووە و ئەمڕۆ بەنیازین ئەو وتووێژانە درێژە پێبدەین”.

بەپێی مێژوو، یەکێک لەو پرسانە کە هەمێشە وڵاتانی ئێران، تورکیە، سووریە و عێراقی لەو پەڕی ناکۆکی و ناتەباییدا لە لای یەکتری کۆ کردۆتەوە، پرسی کورد و سەربەخۆیی کورد و خەباتی کورد بووە، هەر بۆیەش پێدەچێ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور و سەرکەوتنی کورد لە کوردستانی ڕۆژئاوا یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی ئەو دانیشتنانەی زەریف لەگەڵ بەرپرسانی تورکیە بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.