زمان جەوهەر و ناسنامە – رۆژی جیهانیی زمانی دایکی/ زنجیرە وتووێژ

0
1265

زنجیرە وتووێژ (1)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراو کە لێرەدا یەکەم وتووێژ لەم زنجیرە وتووێژە کە لەگەڵ “شەریف فەلاح” شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەوان و خەباتکاری کورد، ئەنجام دراوە بڵاو دەبێتەوە.

دەقی وتووێژەکە:

 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

ڕۆژی کورد: زمان فەکتەری سەرەکی جیاوازیی نیوان مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەرگۆی زەوییە کە دەتوانێت هەموو ئایدیا و خەونەکانی پێ تۆمار بکات و بە هۆیەوە لە پێوەندییەکی بەردەوامی خۆی لە سەرەتای بوونییەوە تا ئێستا گەلێک گۆڕانکاری و وەرچەرخانی مەزن لەناو مرۆڤایەتی لە پانتا جیاوازەکانی پێناسەی زمان هاتووەتە گۆڕێ، ئێوە وەکوو کەسێکی چالاک لە بواری زمانی کوردی لە ساڵڕۆژی زمانی دایکی چۆن دەڕوانن زمان و پێناسەی ئەم چەمکە لە خوێندنەوەی ئێوە چۆنە؟

شەریف فەلاح: هەروەک خۆشت ئاماژەت پێکردووە، زمان جیا لە جەوهەر و پێکهاتەی ئەندێشەی تاکەکەسی، هاوکات رۆحی نەتەوەشە و لە دەرەوەی زمان هیچ نەتەوە و ئیتنیکێک ناتوانێ پێناسەی خۆی بکات. ئەم پرسە بە تایبەت بۆ ئەو گەل و نەتەوانەی کە زمان، کولتوور و ناسنامەیان لەبەردەم مەترسیی سڕینەوە و ئاسیمیلاسیۆن دان، زۆر جێگەی باسە و زمان لەلایان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. زمان لە چۆنیەتیی بیرکردنەوە، پەروەردەی تاک و کۆمەڵدا دەوری سەرەکی دەگێڕێت، هەر نەتەوەیەک زمانی خۆی نەپارێزت، ئەوا گۆڕی خۆی هەڵکەندووە.
زمان جیالەوەی لە ئاقاری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەوری مەدواسازی دەگێڕێت، هاوکات جیاوازیی ناسنامەی نەتەوەیی “من و ئەو” (خۆت و بەرامبەر) دیاری دەکات، لەڕێگەی زمانەوە دەتوانی بوونی خۆت بسەلمێنی، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین زمانە فرە زاراوەکان وەک داری پڕ لق و پۆ وان، گەر لە دەست لێدان و مامەڵەکردنیدا وریا نەبین، لق و پۆکان دەشکێن و بەژنی دارەکەش خەوشدار دەبێت، سەرەنجام مەترسیی لێکترازانی زاراوەیی، لێک تێنەگەیشتن و سەرەنجام کاردانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لێدەکەوێتەوە، بۆیە هەڵسوکەوت لەگەڵ زمان دەبێ زۆر ئارام و هێور و ژیرانە بێت، چونکە دوژمنانی ئازادی و نیشتمانی نەتەوە زوڵمکراوەکان هەموو کات بۆ زاڵبوون و خۆسەپاندنی کولتووری خۆیان لە دەروازەی زمانەوە دزە دەکەنە ناو فەرهەنگی ژێردەست و لە کەلێنەکان بە قازانجی خۆیان کەڵک وەردەگرن.
ساڵڕۆی زمانی دایکی لەم هەلومەرجە ناسکەدا کە نەتەوەی کورد لەبەردەم خۆناسینەوە و پێناسەی نوێ و هاوچەرخانە دایە بۆ ناسنامە و جەوهەری خۆی، دەرفەتێکی زۆر لەبار و هەلێکی زێڕینە هەتا بە شێوازی کردەیی لەرێگەی زمان و زیندوو پاراستنی، زیندوویی خۆت و زمان و نەتەوەکەت بسەلمێنی. دەبێ زمانی دایکی لەلای نوخبە، نووسەر و تاکەکانی کۆمەڵی کوردەواری ببێتە ئاوێنەی باڵانوێنی ژیان و بوون و لەو دەلاقەوە بڕواننە رابردوو و ئێستا بکەنە دەرەتانێک هەتا داهاتوویەکی روون بۆ کولتووری نەتەوەییمان بنیات بنێن.
2 – هەروەک دەزانن بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک لە زمانەکان لەبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و زەبرووزەنگ و روانینی نامرۆڤانەی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دیکە، یان لەناو چوون و یان رێگە و دەرەتانێکی وایان بۆ گەشە و پێشکەوتنی خۆیان نەبووە، ئێوە وەکوو کەسێکی رۆژهەڵاتی کە هێشتا دەسەڵاتی داگیرکەر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی رێگە لە خوێندن و پەروەردە بەم زمانە و زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش گرتووە چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟
شەریف فەلاح: ئەمە پرسێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و دەبێ بە وریاییەوە لێی بڕوانین، چونکە ئێمە لەگەڵ دوژمنێکی غەدار و فێڵەزان بەرەوڕووین و دەماری لاوازیمانی ناسیوە و دەیهەوێ لەو دەمارانەوە کولتووری نەیار و نامۆی خۆی بەسەرماندا بسەپێنێ و خوێنی زمانمان بمژێ، چونکە ئەو باش دەزانێ توانایی و تایبەتمەندییە هەراوەکانی زمانی کوردی چەندە گرنگن و بە پاراستنیان، واتا و چەمکە درۆیین و داتاشراوەکانی وەک بڵقی سەر ئاو دەپووچێنەوە و واتای نەبوونی ئەو دەگەیەنێ. ئەو فێڵ و تەڵەکە و چەواشەکارییانەی دەسەڵاتی پاوانخوازی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر دەماکی خزمەت بە زمان و فەرهەنگی کوردی و لەڕێگەی جاش قەڵەمەکانی و شەڕی نەرم ئامێرەوە زۆر هەڵمالراوانە بەکاریان دەهێنێ، بەداخەوە زۆر کەسی فریو داوە و کەتوونەتە داوی ئەم زرکە تاڵەوە، گەر فریای نەکەوین و ریشەکێشی نەکەین، خەرمانی زمانی نەتەوەییمان بەم ئاگری ژێر کایە دەسووتێت. بە کورتی ئامانجی سەرەکیی کۆماری ئیسلامی لەکاری بەناو فەرهەنگی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا ئەمانەن و تۆزقاڵێک نیااپاکیی پێوە دیار نییە :
• داماڵینی واتای سیاسی و نەتەوەییە لە زمانی کوردی
• کورتکرنەوەی مافە نەتەوەییاکنی کورد لە چوارچێوەی مافی فەرهەنگی و شارومەندی بە پێناسەی تایبەت بە کۆماری ئیسلامی وەک کارێکی خێرخوازی
• هەوڵدان بۆ سەپاندنی
• لەخشتەبردن
• شەقکردنی زمان
• لێکترازانی زاراوەکان
• نامۆکردنی کولتووری ناوچە جیاجیاکان بە یەکتر
• زەقکردنەوەی جیوازییەکان و گومکردنی خاڵە هاوبەشەکانی زاراوە جیاجیاکنی زمانەکەمان
• جێخستنی کولتووری پڕمەترسیی ناوچەگرێتی
• فەرزکردنی زاراوە بەسەر زمان و شێواندنی واتای زمانی پێوەر – هاوبەش
• دانانی پیلان بۆ سووککردنی زمانی کوردی
• رێگە خۆشکردن بۆ پەرەدان بە زمانی گاڵتەجاڕی و تەنزی بەدوور لە پسپۆڕی بە زاراوەکان و رێگەگرتن لە بەرهەمهێنانی شانۆی جیدی بە زمانی پیوەر لە کەناڵە فەرمییەکان.
3 – پێتان وایە لە ئاوا بارودۆخێک بە تایبەتی ئەرکی ئەو کەسانەی لە ناوخۆن و لەگەڵ جەماوەری خەڵک لە پێوەندی دان چی و چۆن دەبێت بەرانبەر بە سەرەکیترین شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆییمان؟
شەریف فەلاح: دوژمنی زمان و ناسنامەمان سەرەڕای ئەوەی وەک رۆژی روون دەزانێت، زمان و کولتووری ئێمە بە هیچ پیلان و زەبروزەنگ و سیاسەتی هەڵاواردن، ئاسیملاسیۆن و دژە کوردانەیەک ناسڕێتەوە، بەڵام بەوەشەوە 37 ساڵە هەر بەردەوامە و لە هەوڵێ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیە. ئێمەش دەبێ ماندوویی نەناس و کۆڵنەدەر بین. زمان و فەرهەنگی رەسەنمان تاکە چەک و تاکە بوارە دەتوانێ دوژمن بە چۆکدا بێنێ، هەروەک هەتا ئیستا نوخبە و نووسەر و چالاکوانان بە شێوەی خۆڕسک و زمانەکەمانیان پاراستووە و رووسوورین، بەرای من دەبێ لەمەودواش شێلگیر و پێداگرتر لە جاران هەموو رێکار و شێوازێکی رەوا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو پیلانانە بگرینەبەر هەتا زمان هەر ناسنامەی بوون و چەکی پاراستن و قەڵای لەگیران نەهاتووی کورد بێت.
چالاکوانان و نووسەرانی کوردی رۆژهەڵات گەر لەڕووی هەست و سۆزی ناوچەیی و زاراوەیی و عەشیرەییەوە لە زمان و زاراوە و کولتووری ناوچەیی نەڕوانن، بەڵکوو بە ئاراستەی ئەندێشەی نەتەوەیی بەرەوڕووی زمان ببنەوە، لە وەها دۆخێکدا بێگومان پیلانەکانی دوژمن نابنە بەربەستی هەستی نەتەوەیی و هۆکارێک بۆ هەڵخەڵەتاندنمان کە ئامانجیان لێکترازانی زمانی و کولتوورییە.
خوێندنەوە و لێک تێگەیشتنی راستی لە پێناسە و ئەرکی راستەقینەی زاراوە و زمان و برەودان بە خاڵە هاوبەشەکان و پشتگوێ خستنی جیاوازییەکان، دەبێتە هۆکاری گەشەکردنی زمانەکەمان.
دەبێ ئەوەش بزانین گرنگیدان بە زمانی پێوەر – هاوبەش لە پێناسەی نوێی نەتەوەییدا بە واتای توانەوەی و سڕینەوەی زاراوە و بن زاراوە و کولتوورە خۆماڵی و ناوچەییەکان نییە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لەژێر چەتر و سێبەری زمانی یەکگرتروو و هاوبەشدا هەموو زاراوەکان پاریزراون، بە مەرجێک نەهێڵین هەست و سۆز جڵەوێ عەقڵ و بیرکردنەوەمان بگرنە دەست، چونکە گەر وا بین دوژمنیش دزە دەکاتە ناو زمان و کولتوورمان و دەبێتە ملۆزمێک بۆ باخی نەتەوە و بژارکردنی ئەستەمە.
بۆیە پێم وایە رۆژی جیهانیی زمانی زگماکی (دایکی) دەرفتێکی گونجاو و لەبارە بۆ بەڕیوەربردنی چالاکی و رێکخستنی کۆڕ و کۆبوووەی تایبەت بە زمان و دەرخستنی تواناکانی، بڵام ئەوەش راستییەکە کە نابێ تەنیا جەخت لەسەر بۆنە تایبەتەکان بکەینەوە و تەنیا لەو کاتانەدا، بۆیە هەموو کاتێک کاتی خزمەکردنە بە زمان، چونکە دوژمن هەموو کات لە بۆسە دایە هەتا تیری خۆ بهاوێ، ئێمە دەبێ وریا بین و لە سەنگەری زانین و زانستەوە بەرپەرچی ئەو هێرشانە بدەینەوە و بە چاپکردنی بەرهەمی خۆماڵی و زیندووکردنەوە سەرچاوە و پاشخانە رەسەنەکان خەسڵەتە جوانەکان و دنیابینیی هەمەلایەنی زمانی نەتەوەییمان بخەینەڕوو، چونکە ئێمە بە زمانەوە کوردین، بێ زمان بێ ناسنامەین، بۆیە زمان جەوهەری بوونمانە، با ئەم جەوهەرە بپارێزین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.