روخساری ”رەحمانی” ئەشکەنجە

0
1360
ئەنوەر عەباسی

(بە بۆنەی شەهید کرانی لاوانی کورد لە ئەشکەنجەخانەکانی کۆماری ئیسلامی)

ئەشکەنجە بە درێژایی مێژوو یەکێک لەو رێگایانە بووە کە مرۆڤ بۆ تێکشکاندنی دیلەکان و وەرگرتنی زانیاری و تەنانەت بەتاڵ کردنەوەی قینی خۆی لەسەر کەس یان کەسانێک گرتوویەتە بەر. بێگومان بە درێژایی مێژوو خودی کردەی ئەشکەنجە وەکوو کارێکی نائەخلاقی سەیری کراوە بەڵام وەکوو هەموو کارێکی نائەخلاقی دیکە هەوڵی پاساو بۆ هێنانەوەی دراوە. پاساوگەلی سیاسی و ئەمنییەتی و … . بەڵام وێڕای ئەم پاساوانە کە رەنگە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر رای گشتی بەرنابەر بە نائەخلاقی بوونی ئەشکەنجە دانەنابێ هەوڵ دراوە لە رێگای ئامراز گەلی وەکوو جۆرەکانی هونەر و میدیا لەسەر دەرونی کۆمەڵگا کاریگەری دابنێن هەتا لە نائەخلاقی بوونی کردەکە کەم بکرێتەوە و تەنانەت بە ئەخلاقی و پێویستیش لە قەلم بدرێ. لە مێژووی ئێراندا شێعر گەلێک نوسراون بە باڵای ئەو شا و حاکمانەدا کە چاوی دیلییان دەرهێناوە و دیلییان بە زیندوویی داوەتە دەست مرۆڤخۆرەکان و… . ئەم وێنەی سەرەوە دیمەنی ئەشکەنجە کردنی کەسێکە. بە وردی نازانم چ ئاماژەیەکی ئەفسانەیی یان مێژوییە بەڵام ئەگەر بە باشی سەرنج بدەن تێدەگەن کە نیگارکێش ئەیەوێ پێمان بڵێ: ئەو پیاوە نورانی و رێکوپێکانە لە رووی رەحم و بەزەییەوە خەریکن پێستی ئەو دیلە شپرزە و پیس و ناشیرینە (کە رەنگە دێوێک بێت) کون کون دەکەنەوە کە مۆمی لەسەر داگیرسێنن و لە رووی مێهرەبانییەوە نێزەکانییان کردوە بە جەستەیدا و دانەیەکییان کە زۆر پیاوێکی چاک دیارە هەروا کە بزەیەکی نورانی لەسەر لێوە خەریکە نینۆکی ئەو دیلە بێڕەحمە دەرئەکێشێ. وێنەکە وا کێشراوە کە بینەر هیچ هەستێکی بۆ دیلەکە نەبزوێ و تەنانەت نەفرەتیشی لێبکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا زۆر بە باشی میدیا بە کار دەهێنێ. دەزگای ئیتلاعات و پۆلیس و سپای پاسداران دیلەکان لە زینداندا ئەشکەنجە دەدەن و زۆرییان لە ژێر ئەشکەنجەدا دەکوژرێن بەڵام بە هۆی میدیاوە وەها دەرخواردی خەڵک دەدەن کە ئەگەر ئێمە ئەو کارانە نەکەین ئێرانیش وەکوو سوریا و ئەفغانستانی لێدێت. پیشەسازی فیلم لە ئێران یەکێک لە ئەرکەکانی ئەوەیە کە رۆڵی دەزگای ئیتلاعات و سپا و پۆلیس جوان و رەحمانی پیشان بدات. تەلەفزیۆنە فەرمییەکانی ئێران زۆر بە وردی کار لەسەر مەکیاژ کردنی کردەی وەکوو ئەشکەنجە و سەرکوتی خەڵک دەکەن. هەموو ئەمکارانە بەشێوەیەک دەکرێ کە ناخ و دەرونی مرۆڤەکان بە ئامانج دەگرێ. بەمشێوەیە زۆرینەی کۆمەڵگای ئێرانی توشی جۆرێک لە سەندرۆمی ستۆکهۆڵم کراون. واتە لە ناوشیاری مێشکییاندا ئازاردەری خۆیانییان خۆشدەوێ. نمونەیەک بۆ ئەم باسە دەتوانین لە رێپێوانەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا ببینین. کاتێک خەڵک بەسەر کۆمەڵێک لە هێزە سەرکوتکەرەکاندا زاڵ دەبن بە ئاسانی بەرییان دەدەن و زۆر بە دەگمەن روویداوە کە پۆلیسێک لە لایەن خەڵکەوە کوژرابێ یان ئازارێکی جدی درابێ (هەرچەن خودی ئەمە لە ناوئاخندا شتێکی باشە و نیشان دەدا کە خەڵک خوازیاری خوێنڕشتن نین بەڵام لە راستیدا بنەمای ئەمکارە بۆ سەندرۆمی ستۆکهۆڵم دەگەڕێتەوە نەک شتیتر). نمونەیەکیتر دەتوانین لە کاتی مردنی هاشمی رەفسەنجانیدا ببینین. ئەو کەسەی کە لە سەردەمی دەوڵەتداری ئەودا هەزاران کەس بوونە قوربانی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی و خودی خۆی راستەوخۆ لە چەندین کاری تیرۆریستیدا فەرماندەر بووە و بەدەر لە هەموو ئەمانە کەسێک بووە کە پایەکانی ئەم رژێمەی پتەو کردوە و رۆڵی سەرەکی لە بە رێبەر بوونی خامنەییدا گێڕاوە کە بەرپرسی راستەوخۆی تەواوی خوێنڕشتن و ستەمەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.

کەم نەبوون ئەو کەسانەی کە بە مردنی سەدام حسەین دیکتاتۆری عێراق ناڕەحەت بوون. تەنانەت بینراوە کە کەسانێک لە نەتەوەی کورد یان لە مەزهەبی شێعە کە دوو قوربانی سەرەکی سەدام حسەین بوون، بە لە سێدارە درانی ئەو لە ناخەوە غەمگین بوون لە کاتێکدا خۆشییان نازانن بۆچی.

دوور نییە لە سبەی رۆژی مردنی خامنەیی، رێبەری خوێنڕێژی کۆماری ئیسلامی ئێران، کەسانێک کە قوربانی سیاسەتەکانی ئەو و حکومەتەکەی بوون وەگریان بکەون.

لە پشت ئەم روخسارە رەحمانییە کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە زەبری میدیا بۆ خۆیانییان دروست کردوە، ئادگاری دێو وێنەی ئەوان حەشار دراوە. ئەرکی ئێمە ئاشکرا کردنی ئەم راستییانەیە و ئەمکارە بە کاری میدیایی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەکرێ نەک بە دروشم و کاری پەرتەوازە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.