راستییەکانی رووداوەکانی کێلەشین لە زاری فەرماندە و بریندارانی هێزی پێشمەرگەوە

0
1685

 پاش هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە سنووری کێلەشین، فەرماندە، پێشمەرگە و برینداران، ئامانجی خۆیان لە رۆیشتنەوە، گرفتەکان، ئاستەنگەکانی سەر رێگایان و هەروەها چۆنیەتیی هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر هێزەکەی حدکا، دەخەنە روو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە شانازیی دامەزرانی یەکەمین کۆماری کوردستان و پێشینەی ٧٠ ساڵ تێکۆشانی ئازادیخوازی و بەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتیی لە کارنامەی خۆیدا هەیە، سەرەڕای بڕینی کۆمەڵێکی زۆر هەوراز و نشێو و قوربانیدانێکی بەرچاو لە گۆڕەپانی خەباتدا، هێشتا لەسەر پێی خۆی راوەستاوە و خەباتەکەی بەردەوامە.

هەرچەندە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو هەست بە بەرپرسایەتی لەهەمبەر بەرژەوەندی، دەسکەوت و کیانی نەتەوەیی لە کوردستانی باشوور، مێتۆدی خەباتی چەکداریی راگرت و هەوڵی داوە لە رێگەی رێکخستن، راگەیاندن، دیپلۆماسی و هەندێک جاریش بە حوزووری فیزیکیی خۆی لەنێو خەڵکی رۆژهەڵات، لە خەباتی خۆیدا بەردەوام بێت.

ئەمساڵ کە ٧٠مین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، حیزب دەیهەویست بە چالاکیی جۆراوجۆر و به شێوەیەکی بەربڵاوتر، ئەو بۆنەیە پیرۆز بکات و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕازیەتییەکانی کوردستان کەلە مەهاباد و لە ئەنجامی مەرگی گوماناویی کچێکی کوردی ئەو شارە بەناوی ”فەریناز خوسرەوانی” هاتە ئاراوە، لەو هەلومەرجە هەستیارە، لەنێو خەڵکەکەیدا بێت.

ئەو دوو مژارە، رێبەریی حیزبی دێموکراتی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کەلە چوارچێوەی چەند هێزێکی تایبەتدا، پێشمەرگە رەوانەی سنوورەکانی رۆژهەڵات و قووڵایی خاکی کوردستان بکرێت، بەڵام بە داخەوە رەوتەکە بە بێ کێشە و گرفت بەڕێوەنەچوو، چونکە پاش سێ حەفتە لە رۆیشتنەوەی ئەو هێزانەی حیزبی دێموکرات بۆ سنووری کێلەشین، بە داخەوە پارتی کرێکارانی کوردستان رێگای نەدا پێشمەرگە دەربازی خاکی رۆژهەڵات بن. جگە لە رێگری و گەمارۆی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات، لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، هێرشیان کردە سەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک بەناوی ”قادر کەریمی” شەهید و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.

پاش ئەو رووداوە، کۆمەڵێکی زۆر هەڵوێست و شەپۆلێکی بەرفراوانی هاوخەمی، ئاراستەی حیزبی دێموکرات کرا و هەروەها، شەرمەزارکردن و مەحکووم‌کردنی پ‌ک‌ک و رێخۆشکەرانی شەڕی براکوژیی لێ کەوتەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی بیروڕای گشتی لەو رووداوە، داوای دیالۆگ و وتووێژی لە سەرۆکایەتیی پ‌ک‌ک کرد، بەتایبەت سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەڕای شەرمەزارکردنی شەڕی براکوژی، داوای ئارامی و تەبایی لە پێشمەرگەکانی حیزبەکەی کرد و ئاشکرای کرد؛ ”ئێمە جگە لە رێژیمی ئیسلامیی ئێران، هیچ کەس و لایەنێکی دیکە بە دوژمنی خۆمان نازانین”.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بۆ روونکردنەوەی بیروڕای گشتی و زانیاریی زێدەتر، وتووێژێکی تایبەتیی لەگەڵ فەرماندە و چەند ئەندامێکی ئەو هێزە کە کرایە ئامانجی هێرشی پ‌پ‌ک، پێک هێناوە.

لە دەستپێکدا، فەرماندەی ئەو هێزە ”کەماڵ خزری (رێباز)” لە بارەی ئامانجی رۆیشتنیان بۆسەر سنوورەکانی رۆژهەڵات، وەها دەدوێ: پاش رووداوەکانی مەهاباد لەسەر بڕیاری رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەرەو ئەو سنوورانە بەڕێ کەوتین کە دەمانهەویست دەربازی خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان بین، بەڵام لەبەر ئەوی کە گەریلاکانی پ‌ک‌ک لەو سنوورانەدا بوون، ئێمەیان تووشی ئەو گرفتە کرد.

9509.jpg

فەرماندە رێباز: ناخۆش‌تر لە هەمووی بۆ من ئەوە بوو کە پاش راگەیاندنی ئاگربڕیش و لە کاتی تیمارکردنی برینداران، تەقەیان لە ئێمە و بریندارانیش کردەوە و تەنانەت هەموو کەرەسە دەرمانییەکان وەکوو ئەو سرۆمە کە بۆ یەکێک لە بریندارەکان هەڵمانواسیبوو، وەبەر فیشەکی گەریلاکان کەوت

فەرماندە رێباز ئاشکرای کرد، یەکەم جار گەریلاکانی پ‌ک‌ک‌ لە شوێنێک بەناوی ”کەرگەوزین”، رێگەیان لێ گرتین و وتیان ئێرە ”هەرێمی میدیا”یە و نابێ کەس دەربازی ئەو سنوورە ببێت. بەڵام پاش هەوڵ و تێکۆشانی دوو رۆژە و لە رێی پێوەندی‌گرتن و لە رێگای رێبەریی حیزبەکەمانەوە بە نوێنەرایەتیی پ‌ک‌ک لە هەولێر، رێگامان پێ درا کە دەرباز ببین.

فەرماندە رێباز ئاشکراشی کرد؛ کاتێک ئێمە گەیشتینە ”سنین” و ”خنێرە”، هێزەکانی پ‌ک‌ک گەمارۆیان داین و وتیان کە بڕیاری سەرۆکایەتییان گۆڕاوە و نابێ ئێوە دەرباز بن و دەبێ هەموو چەکەکانتان دانێن.

فەرماندە رێباز ئاماژەشی بە قسەکانی فەرماندەی گەریلاکان لەو دەڤەرەدا کرد کە پێیان گوتبوو: ”ئێرە هەرێمی ئێمەیە و بە خوێن ستاندوومانە و بە سەدان جامەدانەی سوورمان (بارزانییەکان) تێدا کوشتووە، هەتا توانیومانە بە دەستی بهێنین”.

فەرماندە رێباز لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە فەرماندەی گەریلاکانی پ‌ک‌ک بێ‌ڕیزی و بێ‌حورمەتیی به ئاڵای کوردستان کردووە و وتبوویان: ”ئەوە ئاڵای داعش و بارزانییە”.

فەرماندە رێباز وتیشی: ”فەرماندەی گەریلاکان بێ‌حورمەتیشی بە ئێمە و هەروەها بەها و هێما نەتەوەیی‌یەکان کرد و دەیانهەویست شەڕ بکەن، بەڵام ئێمە بە نەرمی و بە مەنتیقی وەڵاممان دانەوە و دەمانگوت، ئێمە برای یەکین و نابێ بەو عەقڵیەتەوە چاو لە یەکتری بکەین. بەڵام وەڵام ئەوە بووە: ”هەڤال! برایەتی و مرایەتی پێوەندیی بە خەباتی ئێمەوە نییە، ئەمڕۆ بەرژەوەندی گرینگە”.

فەرماندە رێباز لەو پێوەندییەدا ئاشکرای کرد: بە داخەوە لۆژیک و زەینییەتی ئەوان، هی ساڵەکانی نەوەدە و لە خۆیان زیاتر، کەسێکی دیکە نابینن و قەبووڵی ناکەن. ئاشکرا بوو کە بەدەنەی ئەو پارتە لە بواری راگەیاندنی ئازاد و سەربەخۆدا، هێندە سنووردارە کە جگە لە پێخۆری تەبلیغاتی و میدیایی پ‌ک‌ک، هیچ زەینییەتێکی دیکە ناناسن و راستییەکانی دەوروبەر نابینن کە بە داخەوە ئەوەش رەوشێکی تراژیکە.

ئەو فەرماندەی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بە قسەکانی فەرماندەی گەریلاکان ”هەڤاڵ عەنتەر، هەڤاڵ کاوە و هەڤاڵ خەبات” کرد و وتی: ”ئێمە بەڵێنیمان بە رێژیمی ئێران داوە و رێککەوتمان لەگەڵیان واژۆ کردووە کە ئێمە سنوورەکانیان بپارێزین و رۆیشتنەوەی ئێوە بۆ رۆژهەڵات، قەندیل دەخاتە ژێر گوشاری ئێران”.

فەرماندە رێباز باس لە مۆدێلی بیرکردنەوە و وتووێژی هێزەکانی پ‌ک‌ک کرد و وتی: بە ناوی دیالۆگەوە من و دوو هاوڕێی دیکەمیان بۆ ماوەی دوو رۆژ لە هێزەکەی حیزب دابڕاند، ئەوان دەیانهەویست چەکمان بکەن و قۆڵبەستمان بکەن، بەڵام ئێمە بەهەر شێوەیەک بوو لە دەستی ئەوان، خۆمان دەرباز کرد.

فەرماندەی پێشمەرگەکان ئاشکراشی کرد: هاوکات لەگەڵ گەیشتنی ئێمە بە کێلەشین، دیسان دەوروبەریان گرتین و وتیان موناقشە تەواو بوو، یان بگەڕێنەوە بۆ باشوور، یان شەڕ دەکەین. دیار بوو پیلانی شەڕکردن داڕێژراوە، من رێبەریی حیزبم لە رەوشەکە ئاگادار کردەوە و داوام کرد چ بکەین؟ رێبەریی حیزب لە وەڵامدا پێمانی راگەیاند کە لەسەر خۆ بین، نابێ هەڵە بکەین و هەوڵ بدەین لە رێگای دیالۆگەوە مەسەلەکە چارەسەر بکەین.

فەرماندە رێباز باسی ئەوەی کرد کە وێڕای موناقەشە لەگەڵ ئەوانە دەمانگوت: ”ئێمە براین و تکا دەکەین نەبنە رێگر لە جووڵەی ئێمەدا” بەڵام لە لووتکەی چیا، سەنگەریان لە نیگابانەکانی ئێمە گرتبوو و چاودێرییان دەکردن. هاوکات ئاگادار کرام کە هێزێکی زۆر لە خوارەوەی پایەگاکانی رێژیمی ئێران بە چەکی قورس و گران وەکوو ”دۆشکا” بەرەو ئێمە بەڕێ کەوتووە. لە دەستپێکدا ئێمە پێمان وابوو کە ئەوانە پاسدارای رێژیمی ئێرانن، بەڵام کاتێک نزیک بوونەوە، ئێمە دیتمان کە جلوبەرگی گەریلایان لەبەر دایە و لە چوار لاوە گەمارۆیان دراوین.

فەرماندە رێباز وتیشی: ئێمە بەو حاڵە داوای دیالۆگمان کردەوە، بەڵام بڕیاری تەقەی ئاگادار کەرەوە لەلایەن ناوەندی فەرماندەرییانەوە دەرچووبوو. ئێمە دیسان بە نیازپاکی و بۆ پێشگیری لە شەڕی براکوژی، فەرماندە ئارارات، ٤ پێشمەرگەی ناردە نێو بۆسەی ئەوان بۆ لای فەرماندەی گەریلاکان، بەڵام روون بوو کە بڕیاری هێرشیان پێ دراوە. ئەوە بوو کە لە چوار لاوە بە دۆشکا و بی‌کەی‌سی، قەناسە، کڵاشنیکۆف و نارنجۆک هێرشەکەیان کرد و چوار هاوڕێی ئێمە بریندار بوون کە بە داخەوە یەکێکیان پاش کاتژمێرێک شەهید بوو.
”کاتێک ئێمە دیتمان ئەگەری ئەوە هەیە کە هەموو هاوڕێکانمان شەهید بکەن و تەقە راناوەستێنن، هاوکات لەگەڵ چەند کاتژمێر بەرگری، رێبەریی حیزبمان لە رەوشەکە ئاگادار کردەوە و پێم وایە بە میدیای بوونەوەی رەوشەکە، ناچار به ئاگربەست بوون”.

ئەو فەرماندەی حیزب وتیشی: ناخۆش‌تر لە هەمووی بۆ من ئەوە بوو کە پاش راگەیاندنی ئاگربڕیش و لە کاتی تیمارکردنی برینداران، تەقەیان لە ئێمە و بریندارانیش کردەوە و تەنانەت هەموو کەرەسە دەرمانییەکان وەکوو ئەو سرۆمە کە بۆ یەکێک لە بریندارەکان هەڵمانواسیبوو، وەبەر فیشەک کەوت.

9508.jpg

فەرماندە ئارارات: رێبەریی ئێمە هەوڵی ئارام راگرتنی ئێمەی دەدا و دەیانگوت شەڕی براکوژی تاوان و شەرمە.

یەکێک لە فەرماندەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات کە کرابووە ئامانجی تەقەی هێزەکانی پ‌ک‌ک، فەرماندە بەهمەن (ئارارات) بوو کەلە بارەی رووداوەکەوە زانیاریی دا بە کوردستان میدیا و وتی: پ‌ک‌ک لەم ساڵانەی دواییدا وەکوو رێژیمی ئێران پڕوپاگەندە لە میدیاکانیدا لە دژی ئێمە دەکات و دەڵێ؛ ”حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە رەسەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەناوچوون و کەمپ‌نشین بوون و ورە و ئیرادەی شۆڕشگێڕییان نەماوە”. بەڵام هەر خۆشیان پێش بە خەبات و تێکۆشانی ئێمە دەگرن.

فەرماندە ئارارات باسی ئەوەی کرد کەلە رووداوی کێلەشیندا، رێبەریی ئێمە هەوڵی ئارام راگرتنی ئێمەی دەدا و دەیانگوت شەڕی براکوژی تاوان و شەرمە.

ئەو فەرماندەیەی حیزبی دێموکرات لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا وتیشی: شەهیدانی دەستی براکوژی، برینێکی قووڵ و بێ‌دەرمانە، بەڵام داوا لە هەڤاڵانی پ‌ک‌ک دەکەین کە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەیاندا بکەن و لەوە زیاتر، مێژووی خۆیان بە شەڕی براکوژی نەخەمڵێنن.

فەرماندە بەهمەن لە بارەی پڕوپاگەندەکانی پ‌ک‌ک و بە لاڕیدا بردنی بیروڕای گشتی کە دەڵێن پیلانی میتی تورکیەیە و ئامانج شکاندنی دەنگەکانی ”هەدەپە”یە بە وەبیرهێنانەوەیەک، وەڵامی ئەو تۆمەتانەی دایە و وتی: ”حیزبی ئێمە لە مێژووی خۆیدا نیشانی داوە کە هیچ کات نەبووەتە ئامرازی دەستی دوژمنان و هەر دەم بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبیی خۆی داناوە و لە کردەوەدا ئەوەی نیشان داوە”.

ناوبراو لەم بارەوە، خەڵکی ”گەلیێ دریان” لە باکوور بە شایەت دەگرێ کەلە هاوینی ساڵی ١٩٩٦ی زایینی (١ی پووشپەڕی ١٣٧٥ی هەتاوی) تیمێکی گەریلاکانی پ‌ک‌ک لە گوندی ”باسان” لە چیای ”دوگوهـ” کەوتبوونە بۆسەی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورک و ٩ کەسیان مابوون. هێزی ئێمە لە کۆمیتەی سەڵماس دەست بەجێ بە دەم هاواریانەوە چوو و شان بە شانی ئەوان، وەڵامی ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیان دایەوە و ئێمە بە پێشکەش کردنی خوێنی هەشت پێشمەرگەمان، ئەو گەریلایانەمان پاراست. شەهیدان (جەماڵ راعی، شەمسەدین رەسووڵی، ئەمیر جەهاندیدە، ئەسكەندەر عەلی‌زادە، عەبدی باقۆیی، سادق حەسەن‌زادە، رەسوڵ حەمیدزادە و قادر ئەمیرزادە) ناوی ئەو شەهیدانەیە کە بۆ بەرگری لە گەریلاکانی پ‌ک‌ک گیانیا بەخت کرد، بەڵام لە جیاتیی قەدرزانین و بەجێ‌هێنانی ئەرکی برایەتی، هەڤاڵانی ئێمە شەهید و بریندار دەکەن و دەبنە رێگرمان و کۆست دەخەنە سەر رێی خەباتەکەمان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتدا.

9511.jpg

پێشمەرگە زاهید: هاوڕێیانی ئێمە، چەند گەریلایان بە دیل و ئازاد کردبوو، بەڵام ئێمە وەکوو ئەوان پروپاگەندەمان پێ نەکردن

زاهید پێشمەرگەیەکی حیزب کە لەلایەن میدیاکانی ”پ‌ک‌کـ”ەوە بە فەرماندەی پێشمەرگە لە قەڵەم دراوە و پڕوپاگەندە بە فیلمی ئەو و بریندارەکان دەکرێ، وتی: پ‌ک‌ک کەڵکاوەژووی لە نیازپاکیی ئێمە کرد. زاهید خەلیل‌زادە لەو پێوەندییەدا جەختی کردەوە؛ سەرەڕای شەهید و برینداربوونی هاوڕێیانی ئێمە لەلایەن پ‌ک‌ک‌ـەوە، بەڵام دیسان بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی و پێشگرتن لە شەڕی براکوژی، دیسان فەرماندەکانی ئێمە لە رێگەی منەوە پەیامی ئاشتییان بۆ ئەوانە نارد. من تکام لێیان کرد کە شەڕ دووبارە نەکەنەوە، بەڵام ئەوان بە دزییەوە فیلمیان لێ هەڵگرتووم و بە دوور لە ئەخلاق و بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی، هەموو فیلمەکەیان بڵاو نەکردووەتەوە.

ناوبراو هەروەها وتیشی: فەرماندەی گەریلاکان ”هەڤاڵ کاوە” بە منی گوت؛ ”من شەڕ هەڵدەگیرسێنم و وەڵامی قەندیلیش نادەمەوە”.

پێشمەرگە زاهید رایگەیاند: لە رێگەی نێوبژیوانیی کۆمەڵە کەسانێکی بێ‌لایەن، ئـێمە داوای رادەستکردنەوەی بریندارەکانمان دەکرد، چونکە پ‌ک‌ک لەژێر ناوی دەرمانکردن، بریندارەکانیان بە ئیسرار بردە سەنگەرەکانی خۆیان و فیلمی لێ هەڵگرتنەوە هەتا بەو شێوە هەندێک لە باری قورسی ئەو کردەوە قیزەونەیان کەم بکەنەوە و رای گشتی بەلاڕیدا بەرێت. دواتر بە مەرجی بەجێهشتن و کشانەوەی ئێمە، بریندارەکانیان رەوانەی سیدەکان کردەوە.

ئەو پێشمەرگەیە لە گێرانەوەی راستییەکانی شەڕی کێلەشین، باس لەوە دەکات کە هاوڕێیانی ئێمە، ١٠ گەریلایان بە دیل و ئازاد کردبوو، بەڵام ئێمە وەکوو ئەوان پروپاگەندەمان پێ نەکردن، چونکە ئێمە ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و رەساڵەتی وەڵات‌پارێزیی خۆمان بن پێ ناخەین.

لەو هێرشەی پ‌ک‌ک بۆسەر چەند پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات، بە داخەوە پێشمەرگەیەک شەهید و ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون، یەکێک لەو بریندارانە ”حیکمەت نەبی‌زادە”یە.

9507.jpg

پێشمەرگە حیکمەت: خۆزگە خوێنی من بە دەستی دوژمنان و پاسدارانی رێژیم دەڕژا، نەک بە دەستی برایانمان.

حیکمەت لە بارەی برین‌پێچان کردنیان لەلایەن پ‌ک‌ـەوە وتی: بە داخەوە ئەو کارەی ئەوان، ئەرکێکی برایانە و ئارمانجێکی مرۆڤ دۆستانەی لە پشت نەبوو، بەڵکوو پڕوپاگەندەیەکی سیاسی بوو.

حیکمەتی بریندار داوای لە پ‌ک‌ک کرد و هیوای خواست کە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی بکا و سەنگەرەکانی شۆڕش لە دژی دوژمنانی کورد قایم بکات و گومانی خۆیان بخەنە سەر دەژمنان، نەک گومان لە برایانی شۆڕشوان و خەباتکاری کورد.

حیکمەت وتیشی: من پێم وابوو گۆڕان لە زەینییەتی پ‌ک‌کدا دروست بووە و پاش ئەزموونکردنی شەڕی براکوژی لەگەڵ برایانی خۆیان لە باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئیدی دەستیان بە خوێنی برایانی خۆیان سوور ناکەن، بەڵام پ‌ک‌ک بەو کارەی نیشانی دا کە بۆ بەرژەوەندیی خۆی و شادکردنی دوژمنان ئامادەیە هەر کارێک بکات.

ئەو پێشمەرگە بریندارە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: من زۆر ناڕاحەتم بەو کارەی پ‌ک‌ک، هەستێکی زۆر ناخۆشم هەیە، واتە تراژیکە لە سەدەی ٢١دا و لە ساڵی ٢٠١٥، پارتێک کە خۆی بە خەباتکاری هەر چوار پارچەی کوردستان دەزانێ، هێز و وزە لە هەر چوا پارچە وەردەگرێ، بەڵام دەبێتە پارێزەری سنوورەکانی رێژیمی ئێران کە دڕندەترین رێژیم لە ئاستی جیهان دایە و لە دژی خەباتکارانی بەشەکانی دیکەی کوردستان شەڕ بکات.

حیکمەت لە درێژەی قسەکانیدا بە دڵسووتاوییەوە وتی: خۆزگە خوێنی من بە دەستی دوژمنان و پاسدارانی رێژیم دەڕژا، نەک بە دەستی برایانمان. لەبەر ئەوەی کە برینی دەستی دوژمنان زوو ساڕێژ دەبی، بەڵام برینی دەستی برایان قەت ساڕێژ نابێ، ئەوە مێژوویەکی رەشە بۆ پ‌ک‌ک کە چیاکانی کوردستان بە خوێنی شۆڕشگێڕانی کورد رەنگین دەکا.

ناوبراو وتی: ”ئاخۆ پ‌ک‌ک چۆن وەڵامی ژن و منداڵی شەهید قادر کەریمی دەداتەوە، ئاخۆ بتوانن برینی دڵی ئەوان ساڕیژ بکەن؟”

حیکمەتی برینداری دەستی پ‌ک‌ک، لە کۆتاییدا هیوای خواست کە خوێنی بە ناحەق رژاویان، ببێتە هەوێنی یەکیەتی، تەبایی و گەشەسەندنی رۆحی برایەتی و کرانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پڕاوپڕ لە هاوکاریی هەموو لایەنەکان لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەییدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.