دەوڵەتی ئامریکا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی چاوپۆشی لە بەرنامەی ناوەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە

0
639

رۆژی كورد : بە پێی راپۆرتێكی تەلەڤیزیۆنی سی.ئێن.ئێن دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی پرۆگرامی بە کار هێنانی گۆشارە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی چاوپۆشی لە بەرنامە ناوەکیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دە رۆژ پێش ئێستا ٦ سێنانۆری کۆماریخوازی ئەو وڵاتە خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی چاوپۆشی وزەی ناوەکی بوون لە سەرۆک ترامپ.

سی.ئێن.ئێن شەوی سێ شەممە بە وتەی سەرچاوەکانی ئاگادار لە سەر ئەو بابەتە باسی لەوە کرد کە وتووێژ بۆ بڕیاردان لە سەر ئەم پرۆسە لە ئارادایە بەڵام تا ئێستا بە هیچ ئاکامێکی کۆتایی نەگەیشتووە. هەروەها لە ڕاپۆرتەکەی دا باسی لەوە کرد جان بۆڵتۆن راوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی لایەنگری بە هێزی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی چاوپۆشی کردن لە بەرنامە ناوەکیەکانی ئێرانە بەڵام لە لایەکی دیکەوە مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دژایەتی لە گەڵ ئەو شێوازە ڕێکارە کردووە.
 پرۆسەی چاوپۆشی ناوەکی ئێران رێگای داوە بەو وڵاتانەی هێشتا لە پەیماننامەی بەرجام دەرنەچوون هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و یارمەتیدەری بن لە سێ پێگەی ناوەکی: فرێدۆ، ئەراک و وزەخانەی ناوەکی بووشێهر بۆ دڵنیا بوون لەوەی کە پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە لە ئاستی کەم و ڕێکەوتوو بە پێی پەیماننامەی بەرجام دا بمێنێتەوە.
ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو سەرۆک ترامپ ئامریکای لە پەیماننامەی ناوەکی ئێران ناسراو بە بەرجام دەرکرد و دواتر بایکۆتەکانی بۆ سەر ئێران دووپات کردەوە بەڵام تا ئێستا پرۆسەی چاوپۆشی  لە بابەتی پێوەندیدار بە هێزی ناوەکی ئێران بەردەوامە و تا چەن مانگی دیکەش نوێکراوەتەوە.
 هەر شەش سێنانۆری کۆماریخوازی وڵاتی ئامریکا پێشووتر لە نامەیەک دا داوایان لە سەرۆک ترامپ کردبوو ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کۆتایی پێ بهێنرێت و بە تەواوی دابخرێت. لە ئەگەری پووچەڵکردنەوەی ئەم چاوپۆشیانە دا وڵاتانی وەکوو چین و رووسیا توانای هاوبەشی لە بەرنامە ناوەکیەکانی ئێرانیان نامێنێت و بەشێکی بەرچاو لە هێزی خۆیان لە ناوچەکەدا لە دەس ئەدەن.
 کۆشکی سپی لە نوێترین هەوڵی بۆ زیاد کردنی گۆشارەکانی بۆ سەر ئێران چەن رۆژ پێش ئێستا بە دەرکردنی بڵاوکراوەیەک بە فەرمی باسی لە بڕیاری  سەرۆک ترامپ کرد بۆ پووچەڵکردنەوەی پرۆسەی چاوپۆشی کردن لە کڕین و بازرگانی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر ماوەی ١٨٠ رۆژیان بۆ دابین کرابوو و هەروەها ڕایگەیاند کە ئامریکا ڕێکەوتووە لە گەڵ دوو وڵاتی عەرەبستان و ئەمارات بۆ دابین کردنی نەوتی پێداویستی ئەو وڵاتانە.
 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ڕێکەوتنی ناوەکی لە گەڵ ئێران هیچ گۆرانکاریەکی ئەرێنی و بە سوودی نەبووە لە هەڵسووکەوتی ئەو وڵاتە لە ناوچەکەدا هەر بۆیە سەرۆک ترامپ ساڵی رابردوو لە دوو قۆناغی دوابەدوای یەک دا بڕیاری نۆیکردنەوەی بایکۆت و گۆشارەکانی بۆ سەر ئێران دەرکرد و هەروەها دەوڵەتی ئامریکا باس لەوە ئەکات کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین پشتیوانی تێرۆریستە لە ناوچەکەدا و بە پێچەوانەی دوابڕیارنامەی ژمارە ٢٢٣١ ئەنجۆمەنی ئەمنییەتی نێونەتەوەیی درێژەی بە تاقیکاری مووشەکی داوە و بووەتە هۆی جێگر نەبوونی باری ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و سۆپای پاسداران وەکوو سەرپەرشتیاری گشتی بەرنامەی مووشەکی ئەو وڵاتە تاوانبارە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.