دەسەڵاتی” بۆژۆ” له‌ نووسینی عومەر غولام عەلی

0
928

مێژوولکەی تەمەن و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سیبەری زەبرو زەنگی لەشکر و چەک وئامرازەکانی زیندان و ئەشکەنجەگاکان ، گوللە باران ، تەران و تۆقان و تاڵان مل بۆ نیو سەدە ڕادەکێشێ.

بە تەمی ئەم تەمەنە تار و توومانەی گەلێک تۆماری جینایەتی هەڵپێچاون و زۆر پیلانی دزێوی بۆ خستنەسەرچۆکی ڕۆڵەکانی نیشتمانی کورد لەم گوێچکیلەی دڵی کوردستان گێڕاوە و پتر لەوانەش گۆنگەڵی چەپەڵی لێ ئەزموون کراوە.نە لەشکروەسەرگێڕان، نە بە تانک و بۆمب و تەیارەخاپوور کردنی شار و گوند و ئاوەدانییەکان ، نە ڕووی ڕمووزنی پاسدار و نە گرتنگە و بێدادگاگان، نە ڕەش بکوژی و کۆمەڵکوژی نە ئاکاری چەکداری بێ هەوسار کە بە سەد و بە هەزار مۆڵگەیان کردۆتە بەندیخانەی لاوانی کورد، نە هیچیان و نە بە هەموویان نەیانتوانی ببنە دەسەڵاتی زاڵ لەسەر ئیرادەی مافخوازانەی گەلەکەمان کە قەڵا و شوورەی حەفتاساڵ خەباتی شێلگیری حیزبەکەیان ،حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی لەپشتە دەستەمۆی ڕژیمی بۆژۆ و دەسەڵاتی سەپاوی بکەن .

تا دێت ، پیلانگێڕەکان دزێوتر و پیلانەکان هەر کۆنتر و قێزەونتر دەبن و قینی سەرئەسپاردوەکانی ئەم حکوومەتە لە خەرمانەی خەبات کە لە چین و توێژی ڕسکاوی سەرکڵی گڕکانی شۆڕشی خەڵکی کوردستانن هەر دەئاوسێن و ئەستوورتر دەبن. ساڵەهایە بەگیان و ماڵی خەڵکی بەر نیر و زنجیری، تەرخان و لێبڕاوە لەسەرکوت و سڕینەوەی ڕەنگاڵەی خەباتی جەماوەری و پێشمەرگانەی کوردوستان ،کەچی هەروا دەست بەتاڵ و رەنج بە خەسارە.

ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری دژی بێڕێزیی ڕاسپێردراوەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ویلایەتی فەقیهه،لە بۆکان بەرامبەر سومەییە و لە مهاباد هەمبەر فەریناز،پەنجەی ڕاسانێک بوو لە چاوی داگیرکەری بێ ڕێزدا: کە ئەگەر وەها رووداو و شێوە پێشهاتێک لە کۆمەڵگایەکی سەربەست و ئازاد دا و لەنێوچین و توێژەکانی کۆمەڵگادا ، هەرچەند نەخوازراو بەڵام سروشتی دێنە بەرچاو، لێرە کوردستانی داگیرکراو رووداوی بە ئەنقەست ، ناسروشتی، نائاسایین و بە پەلاماری داگیرکەر بۆ سەر کەرامەتی کۆمەڵگای کوردستان دێنەئەژمار.هەر بۆیە بۆ پاراستنی مانای هەموو بایەخەکانیان بە گژیان دادێنەوە،فیداکاری دەکەن و گیان و ماڵیان دەکەنە نرخی پارێزگاری لە کەسایەتیی تاک و کۆمەڵیان.

ڕاپەڕینی ئەمجارەی سەردەشت و سابڵاغ وانەیەکی لەبیر نەکراوی دیکەبووکە بۆ کۆماری ئیسلامی یان دادا : ئاورتێبەردانی هوتێل تارا ئاوەردانی بینایەکی ئەوشارە نەبوو ، گڕتێبەردانی هەیبەت و شکۆی کۆماری سێدارە بوو.

ئەگەرچی دەسەڵاتی بۆژۆی ڕژیمی تاران لەم ڕاپەڕینە جەماوەری یە دا سەدان کەسی گرت، دەیان لاوی برینداو دەست بەسەرکرد و دوێنێ”ئاکام”ی برینداری بەر گوللەیان،گیانی بەختی ناسنامەوکەرامەتی نەتەوەکەی کرد،هەر لە دوێنێ ڕا بوو بە میداڵی شانازی بە سنگ و بەرۆکی هاوڕێکانی شار و شاخ یەوە. “ئاکام” ئارام و دڵنیا سەردەنیتەوە چونکە هەر پێرێ وێنە و هەواڵی هاواڵەکانی لە چیاکانی کوردستانیشه وە مزگێنیی دەرکەوتنی سپێدەی بەیانی ئازادیی نیشتمانیان دەدایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.