دەسپێکی دانیشتنەکانی سەرانی گرووپی بیست : تەوەری سەرەکی وتووێژەکان “باس لە سەر ئێران” لە چاوپێکەوتنی ترامپ و پووتین

0
605

ڕۆژی كورد :
لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنەکانی گرووپی ٢٠ کە لە شاری ئۆزاکای وڵاتی ژاپۆن بەڕێوەچوو سەرۆکانی کۆماری هەر دوو وڵاتانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕووسیە چاوپێکەوتنیان کرد. سەرۆک ترامپ ئەم چاوپێکەوتنەی بەرز نرخاند و پۆتین دەسخۆشی لە سەرۆک کۆماری ئامریکا کرد بۆ هەوڵەکانی لە مەڕ باشبوونی پێوەندییەکان.

دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئامریکا و ڤلادیمیر پۆتین سەرۆک کۆماری ڕووسیە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی حوزەیران لە کاتێک دا دیدار و چاوپێکەوانیان پێکهێنا کە بە پێی نووسراوەی ماڵپەڕی “هیل” ئەویش بە وتەی بەرپرسێکی باڵای دەوڵەتی ترامپ کە پێشتر باسی لێکرابوو تەوەرە سەرکییەکانی وتووێژ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە باس لە سەر ئێران، بەشداری و ئامادەبوونی هێزەکانی ڕووسیە لە ناو خاکی ئۆکراین، سووریە و کۆنتڕوڵکردنی چەک و تەقەمەنی دەبێت.
سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە باسێکی کورتدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند : ئێمە پێوەندییەکی زۆر باشمان هەیە، ئێمە کاتێکی زۆر خۆشمان پێکەوە دەبێت. زۆر دەسکەوتی باش لەم چاوپێکەوتنە وەدەست دەکەوێت. شەوی پێنجشەممە سەرۆک ترامپ لە پەراوێزی یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانی دا هەروەها بۆ هەواڵنێرانی باس کرد، سەبارەت بە بابەتی ئێران ئێمە کاتی زۆرمان لە بەردەست هەیە، هیچ پەلەیەکمان نیە. ئەوان ئەتوانن خەیاڵیان ڕاحەت بێت، هیچ گۆشارێکی کاتی بوونی نیە. هیوادارم لە ئاکامدا بارودۆخەکە بگۆڕێت. ئەگەری وای لێهات زۆر باشە و ئەگەر نا ئێوەش ئاگادار بن لە ئاکام دا.
پێوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕووسیە دو ئەندامی بەردەوام خاوەنی مافی ویتۆ لە ئەنجۆمەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی، لە ماوەی چەن ساڵی ڕابردوو لە سەر چەن بابەتێکی سەرەکی بەرەو تاریکی و خراپی ڕۆیشتووە. هەرچەند مۆسکۆ لە مەڕ دەرچوونی ئامریکا لە پەیمانی ناوەکی بەرجام و دابینکردنی بایکۆتەکان دژی ئێران ڕەخنەی گرتووە، بەڵام لە هەمبەر هەڕەشەکانی لێکەوتەی بەرنامەی ناوەکی ئێران و هەڵسووکەوتی ناوچەیی کۆماری ئیسلامی لە ڕواڵەتدا جیاوازی بیروڕایەکی زۆری لە گەڵ واشنگتۆن نیە.
جان بۆڵتۆن ڕاوێژکاری گشتی ئاسایشی نێونەتەوەیی کۆشکی سپی چەن ڕۆژ پێش ئێستا لە ڕێکەوتی ٢٥ی حوزەیران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ هاوتای ڕووسی خۆی لە وڵاتی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکرد : هاوڕێ لە گەڵ ڕاوێژکارانی ئاسایشی نێونەتەوەیی ئیسرائیل و ڕووسیە سەبارەت بە ڕێگاچارەکانی بەرپەرچدانەوەی هەڵسووکەوتە دژبەرانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و زێدەڕۆییە ناوەکییەکانی ئەو وڵاتە وتووێژمان پێک هێنا.
ئیسرائیل میواندارێتی چاوپێکەوتنی ڕاوێژکارانی ئاسایشی نێونەتەوەیی ئیسرائیل، ئامریکا و ڕووسیە بوو. نیکۆلای پاترۆشۆف ڕاوێژکاری گشتی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕووسیە پێش لە چاوپێکەوتن و دیداری لە گەڵ جان بۆڵتۆن، لە چاوپێکەوتنێکی خۆی دا لە گەڵ بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە دابوو کە مۆسکۆ بایەخپێدانێکی تایبەتی هەیە بۆ ئاسایش و دابینکردنی باری ئەمنی وڵاتی ئیسرائیل.
وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ماوەیەک پێش ئێستا لە سەفەرێکی بۆ وڵاتی ڕووسیە لە دانیشتنێکی هەواڵنێری هاوبەش هاوڕێ لە گەڵ سێرگەی لائۆرۆف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە شاری سووچی ئاماژەی بە زۆرترین گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران کرد لە پێناو گۆڕانکاری هەڵسووکەوتەکانی ڕژیم ئێران لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا. مایک پۆمپێئۆ باسی ئەوەی کرد : سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەربارەی کۆماری ئیسلامی لە گەڵ ڕووسیە وتووێژمان پێک هێنا. ئێمە بەردەوام ئەبین لە زۆرترین گوشار بۆ سەر ئێران و هیوادارین کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵسووکەوتەکانی بگۆڕێت لە ناوچەکەدا و ڕژیمی ئێران وەکوو وڵاتێکی ئاسایی بێت. کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و ئێران لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوو بە گشتی ڕوو لە زۆربوون و هەڵکشانە.
دوای ئەوەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی کۆنتڕوڵکراوی ئامریکا لە سەر هەرێمی نێودەوڵەتی لەناوبرد، ڕۆژی هەینی ڕابردوو سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند کە بڕیار بووە هێرشی سەربازی بکەنە سەر سێ شوێن دیاریکراو لە ناو پانتایی خاکی ئێران، بەڵام تەنیا ١٠ خولەک پێش هێرشەکە لە ئەنجامدانی پاشگەزبوونەتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکان خوازیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجۆمەنی ئاسایشی گشتی  ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە هێرشی ئێران بۆ سەر فڕۆکەی کۆنتڕۆڵکراوی ئامریکا و بەرگری لە زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزی نانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بووە.
دەوڵەتی سەرۆک ترامپ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆرترین گوشاری خستووەتە سەر ئێران و ئەڵێت پێویستە ڕژیمی ئێران وەکوو وڵاتێکی ئاسایی هەڵسووکەوت بکات و لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوەکی، بەرنامەی بەربڵاوی مووشەکی باڵستییکی، یارمەتی تێرۆریسمی نێودەوڵەتی و هەنگاوە ئاڵۆزی پێکهێنەرەکانی خۆی دەست هەڵبگرێت. سەرۆک ترامپ پێشتر چەن جار ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وتووێژ بێ پێش مەرج لە گەڵ ئێران ڕاگەیاندبوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر چەشنە وتووێژ و ڕێکەوتنێک ڕەتدەکەنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.