دەست لە کار کێشانەوەی هەشت ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان

0
688

ڕۆژی کورد :
ژمارەیەکی بەرچاو لە کادێر و ئەندامانی پێشووی کۆمیتە ناوەندی و دەفتەر سیاسی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە تۆی ڕاگەیەندراویکی ١٤ لاپەڕەیی دا بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەڵسووکەوتی بەرپرسانی حیزبەکەیان و لە سەرووی هەموویانەوە سکرتێری گشتی لە مەڕ پێوەندی ناوبراو بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و بڕیاری تاکەکەسی ناوبراو دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند و بڕیاریان دا چی دیکە لە ڕیزی هاوڕێیانی پێشوویان خەبات و چالاکی نەکەن.

سەر لە بەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیران بە پێی بڕیارێکی چاوەڕوانەکراو هەشت کەس لە ئەندامان و کادێرانی ناسراو و دیاری ڕیزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە ناوەکانیان و پلەی ڕێکخراوەییان لە ژێرەوە هاتووە لە تۆی بڵاوکراوە و ڕاگەیەندراوێک بەرانبەر بە پارتەکەیان و ڕای گشتی دەست لەکار کشانەوەی خۆیان بە فەرمیی ڕاگەیاند. هۆکارە سەرەکییەکانی دەست لەکار کێشانەوەی ئەو ئەندامانەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان پێوەندییەکانی ئەم دواییانەی بەرپرسانی سەرەکی و لە سەرووی هەموویانەوە سکرتێری گشتی بە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانیەکان و بەشداریکردنی ناوبراو لە هەموو بۆنە و کۆبوونەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانیەکان و لە بەرچاو نەگرتنی بەرژەوەندی گشتی پارتەکەیان و دوورکەوتنەو لە بەها و بەرژەوەندییەکانی پارتەکەیان ڕاگەیەندراوە.
لە بەشی هۆکارە سیاسییەکانی ڕەخنە و گازەندەکانیان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێوەندییەکانی کۆمەڵە لە گەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەم دواییانەدا زیاتر لەوەی پێوەندی ڕێکخراوەیی و لە بەرژەوەندی گشتی دا بێت، پێوەندی شەخسی و تاکەکەسیە و تەنانەت زۆر جار ئەندامانی کۆمیتە ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان لە کۆبوونەوەکە ئاگادار نەکراون. لە بەشێکی دیکەی بڕیارنامەکەیان دا ئەو کادێرانە ڕەخنەی ئەوەیان وەکوو هۆکاری تەشکیلاتی ناوبردووە کە پارتەکەیان لە ساڵانی دواییدا نەک نەیتوانیوە ڕەوتی نوێگەرایی پێشکەوتوویی و لە ناوبردنی چینایەتی و ژێردەسەڵاتی لە کۆمەڵگادا لە ناوبەرێت بەڵکوو هاوکات بووە بە هۆی زیندووکردنەوە و بووژاندنەوەی نەریتە کۆن و دواکەوتووەکان و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی گشتی زۆر پشت گۆێخراون. لە بەشی کۆتایی هۆکارەکانیان بۆ بە جێهێشتنی ڕێزەکانی خەبات لە گەڵ هاوڕێیانیان ئاماژەیان بە بواری ئابووری و داراییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشان و چۆنیەتی سەرف کردنی داراییەکان کردووە لە لایەن سکرتێری پارتەکەیان و چەن کەسێکی دیار و تایبەت بەو حیزبەدا و ڕەخنەی ئەوەیان گرتووە کە سەرچاوەی داهاتەکانی کۆمەڵە ناڕوون و نادیارە و زیاتری داهاتەکانی حیزبەکەیان ئەبێتە تێچووی سەفەری ئۆرووپای سکرتێر و چەن کەسێکی تایبەت و پێشمەرگە و کادێرەکانی دیکە لە دۆخێکی نالەبار لە ئۆردوگا و کەمپەکانی باشووری کوردستان ژیان بە سەر دابەن و کومیتە ناوەندی تا ئێستا هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ گۆڕانکاری بارودۆخەکە.
ناوەکانی ئەو ئەندام و کادێرانە لە گەڵ دوایین پلەی تەشکیلاتییان ئەمانەیە کە لە ژێرەوە ئاماژەیان پێدەکەین :
ئەنوەر محەمەدی _ ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسی
فاروق وەکیلی_ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی
سالار پاشایی _ ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندی
سۆران پالانی _ ئەندامی پێشووی جێگری کۆمیتەی ناوەندی
جەلیل ئازادیخواز _ به‌رپرسی پێشووی په‌یوه‌ندییه ئێرانی و‌ كوردستانییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ئامریكا
ئەنوەر ئەسەدزادە_ نووسەر و سه‌رنووسه‌ری پێشووی ئاسۆی رۆژهه‌ڵات
بێهروز ئەمین پوور _ به‌رپرسی پێشووی ده‌فته‌ری سكرتێر
ئەمین سورخابی _ لێكۆڵه‌‌ری سیاسی و كادری پێشووی راگه‌یاندن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.