دیدار و چاوپێکەوتنی گرووپێک لە ئەندامانی تاڵیبان لە مۆسکۆ لە گەڵ نوێنەری ڤلادیمیر پووتین

0
822

ڕۆژی کورد :
دوابەدوای شکەست هێنانی وتووێژەکانی ئاشتی نێوان نێردراوی تایبەتی ئامریکا و نوێنەرانی گرووپی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە ئێستادا چەن سەرچاوەیەک باس لە نزیکبوونەوەی ئەم گرووپە زێدەڕۆیە لە گەڵ ڕووسیە ئەکات.

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕاگەیەندنەکان بڵاویان کردووەتەوە، کۆمەڵێک لە ئەندامانی نووسینگەی تاڵیبان لە وڵاتی قەتەر لەم دواییانەدا لە مۆسکۆ پێتەختی وڵاتی ڕووسیە چاوپێکەوتنیان و وتووێژیان لە گەڵ بەرپرسانی ڕووسیا پێک هێناوە. ناوەندی هەواڵنێری “تاس” بە ئاماژە پێدان بە وتەکانی “سۆهەیل شاهین” وتەبێژی تاڵیبان لە دۆحە پێتەختی وڵاتی قەتەر، باسی لە دیدار و چاوپێکەوتنی نوێنەرانی ئەم گرووپە لە گەڵ “زەمیر کابلۆف” نێردراوی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیە لە کاروباری ئەفغانستان کردووە.
هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە چاوپێکەوتنی نوێنەرانی تاڵیبان لە گەڵ نێردراوی تایبەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیە دوایین گۆڕانکارییەکانی پێوەندیدار بە پرۆسەی ئاشتی لە ئەفغانستان خرایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. هەواڵی بەڕێوەچوونی ئەم دیدارە لە کاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٨ی ئەیلوول بە دەرکردنی دەستوورێک بڕیاری ڕاگرتنی وتووێژەکانی ئاشتی نوێنەرانی وڵاتەکەی لە گەڵ گرووپی تاڵیبان دەرکرد.
وتووێژەکانی نوێنەرانی ئامریکا لە گەڵ گرووپی تاڵیبان بڕێار بوو لە کۆتاییدا بە چەشنێکی نهێنی و شاراوە بە دیدار و چاوپێکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە گەڵ ڕێبەرانی پلەبەرزی تاڵیبان بە ئەنجام بگات، بەڵام بە پێی بڕیاری سەرۆک کۆماری ئامریکا پووچەڵ کرایەوە. سەرۆک ترامپ بە بڵاوکردنەوەی چەن توییتێک ڕایگەیاندبوو کە ئەم چاوپێکەوتنە بڕیار بوو لە کەمپی دیوید بەڕێوەبچێت بەڵام دوابەدوای وەئەستۆ گرتنی هێرشی گرووپی تاڵیبان بۆ سەر کابۆل کە کوژرانی سەربازێکی ئامریکایی لێکەوتەوە ئەم دیدارە و بە گشتی وتووێژەکانی ئاشتی لە گەڵ تاڵیبان بە تەواوی ڕاگیران. ئەم وتووێژانە دوای نزیکەی دە مانگ وتووێژی نهێنێ و بەوردی لە دووحە پێتەختی وڵاتی قەتەر لە کۆتاییدا بە پێشنووسێکی ڕێکەوتنی سەرەتایی گەیشتبوو کە بەڵگەنامەکەی لە بەردەستی حکوومەتی ناوەندی ئەفغانستان دایە. دوابەدوای شکەست هێنانی ئەم وتووێژانە، کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجۆمەنی نوێنەرایەتیی ئامریکا داوایان لە زاڵمای خەلیلزاد، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترامپ لە وتووێژەکانی ئاشتی ئەفغانستان کردووە بە ئامادەبوونی لە ئەنجۆمەنی پاڕلەمان سەبارەت بە هۆکارەکانی شکەشت و بە ئەنجام نەگەیشتنی پێ ئەسپێردراوەکەی ڕوونکردنەوە بدات.
هاوکات سۆهەیل شاهین، وتەبێژی گرووپی تاڵیبان لە دووحەی پێتەختی وڵاتی قەتەر لە نوێترین کاردانەوەی دا بە ڕاگرتنی وتووێژەکانی ئاشتی وتوویەتی کە ڕاگرتنی ئەم ڕەوتە بۆ تاڵیبان چاوەڕواننەکراو و دوور لە باوەڕ بووە. ناوبراو هەروەها جەختی لە سەر ئەوەش کردووە کە لە وتووێژەکانی ئاشتی دا لە گەڵ نوێنەرانی ئامریکا لە سەر چوونەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان بە ڕێکەوتنی تەواو گەیشتوون.
کۆتایی پێهاتنی وتووێژەکانی ئاشتی لە گەڵ گرووپی تاڵیبان نێگەرانی و دڵەڕاوکێی زۆری لێکەوتووەتەوە لە مەڕ بەردەوامی تەوژمێکی نوێی تێکهەڵچوون و نائارامییەکان لە وڵاتی ئەفغانستان، بە جۆرێک کە ئاگادارییەکانی باری ئەمنی لە کابۆل پێتەختی ئەو وڵاتە و شوێنەکانی دیکە لە ماوەی چەن ڕۆژێک ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بە گشتی زیادی کردووە. دوایین تەوژمی هێرشە خۆکوژییەکانی تاڵیبان ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو جارێکی دیکە پێتەختی وڵاتی ئەفغانستانی لە بارودۆخی ئاسایی دەرکرد. لە درێژەی ئەم هێرشەدا بنکەیەکی سەرەبازی سۆپای ئەفغانستان لە نزیکی شاری کابۆل کەوتە بەر ئامانجی هێرشە خۆکوژییەکانی هێزەکانی تاڵیبان کە لە ئاکامدا لانیکەم ٤ کەسی چەکدار کوژران و ٣ کەسی مەدەنی بریندار بوون.
ئەشرەف غەنی، سەرۆک کۆماری ئەفغانستان لە نوێترین وتەکانی خۆیدا حەوتوویەک دوای ڕاگرتنی وتووێژەکانی ئاشتی لە نێوان نێردراوی واشنگتۆن و نوێنەرانی تاڵیبان جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو دا تێکهەڵچوونە بەربڵاوەکان لە شوێنە جیاجیاکانی وڵاتەکەی لانیکەم هەزار کەس لە هێزەکانی گرووپی تاڵیبان کوژراو و نزیکەی دوو هەزار کەس لەم هێزانە بریندار بوون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.