دیدار و چاوپێکەوتنی پووتین و ئەردۆغان لە سووچی، سەبارەت بە قەیرانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

0
942

ڕۆژی کورد :
نزیکەی دوو حەوتوو دوای تێکهەڵچوونەکانی سۆپای تورکیە و هێزەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری وڵاتی سووریە، پووتین و ئەردۆغان پێکەوە دیدار و چاوپێکەوتن پێک دەهێنن. چاوپێکەوتنی ئەم دوو سیاسەتڤانە ئەتوانێت ببێتە هۆی کرانەوەی دەلاقەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا، و لە هەمان کاتدا ئەتوانێت قەیرانی ڕۆژئاوای کوردستان هەروا بە داخراوەیی بهێڵێتەوە.

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیە و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە، بڕیاریان داوە سەر لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبر لە سووچی دیدار و وتووێژ پێک بهێنن. هەر دوو لا جەختیان لە سەر ئەوە کردووە کە ئامانجی کۆتایی ئەوان گەیشتن بە ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ قەیرانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە وڵاتی سووریایە کە لە ئێستادا بارودۆخی هێزە کوردەکان لە جەرگەی باسەکاندایە. لە گەڵ گەیشتنی هێزە جەنگاوەرەکانی تورکیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کە ناوچەکەیان نوقمی ئاگر و تەقینەوە کردبوو، لەم ناوچەدا تا سەرلەئێوارەی ڕۆژی سێشەممە پەیمانی ئاگربەست واژوو کراوە و ئامانجی سەرەکی ئەوەیە هێزە چەکدارەکانی “یەکەکانی پارێزەری گەل” بتوانن بێ کێشە ناوچە بە جێ بهێڵن و هێزەکانیان لەو ناوچانە بگوازنەوە. تورکیە بۆ پارێزگاری ناوچە باشوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە تەمای ئەوەیە لەو ناوچەدا “ناوچەیەکی ئارام” لە درێژایی سنوورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری وڵاتی سووریە پێک بهێنێت بە تایبەتی ئەوەی کە لە هیچ لایەکەوە بەرەو هێزە کوردییەکان ڕێگای نەبێت.
دەوڵەتی تورکیە هێرشی سەربازی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی خۆی ئاراستە کردووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ئەم هێرشانەی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافی دەسەڵاتدارێتی نەتەوەکان جیاواز دەزانێت، بەڵام ڕووسیە لە تەنیشت و شان بە شانی تورکیە جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە لە هەموو ئاستەکاندا لە گەڵ ئەم وڵاتە هاوکاری نزیکی هەیە و بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و هاوڕاییەکانی. لە هەمان کاتیشدا ڕووسیە نیگەرانی خۆی لە بەردەوامی ئاڵۆزییەکان وەها دەربڕیووە کە لە گەڵ زیادبوونی تێکهەڵچوونەکان لە ناوچە کوردنشینەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، هەزاران دیل و بەندکراوی داعیش ئەگەری دەربازبوونیان بۆ دەڕەخسێت. ئەم بابەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتووێژی ڕێبەرانی تورکیە و ڕووسیە دەبێت.
سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئۆکتۆبر پووتین لە گەڵ ئەمانوئێل ماکڕۆن، سەرۆک کۆماری فەرانسە لە ڕێگای تەلوفوونەوە پێوەندییان پێکهێنا. بە پێی وتەکانی کۆشکی کرێملین لەم وتووێژە تەلەفوونیەدا هەر دوو لایەن پێداگریان کردووە لە سەر پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و یەکگرتوویی گشتی خاکی وڵاتی سووریە. پووتین لەم پێوەندییەدا باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و هەروەها ئەگەری نێوانجیگەری نێوان لایەنەکانی دژبەر کردووە.
بڕیار وایە ڕۆژی ٣٠ی ئۆکتۆبر لە ژنێڤ لە وڵاتی سووئیس بۆ یەکەمین جار کۆبوونەوەیەک بۆ پێکهێنان و ڕێکخستنی یاساکانی گشتی نوێ بۆ وڵاتی سووریە بەڕێوە بچێت. بڕیار وایە لەم دانیشتنەدا نوێنەرانی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریە لە گەر هێزە دژبەر و بەرهەڵستکارەکان ڕووبەڕووی یەک ببنەوو و سەبارەت بە بیروبڕواکانیان باس و لێکۆڵینەوە پێک بهێنن. دوابەدوای پاشەکشێی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزە کوردەکانی ناوچەکە بە گشتی پشتیوانی سەرەکی خۆیان لە دەست داوە و ناچار ئەبن تا ئاستێک بە پێی ئامۆژگارییەکانی ڕووسیە، لە گەڵ ڕێبەرانی ڕژیمی سووریە پێوەندی پێک بهێنن.
ڕووسیە و تورکیە بە هاوڕێەتیی ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ی زایینی بە دواوە لە شاری ئاستانا پێتەختی وڵاتی قەزاقستان چەند دانیشتن و کۆبوونەوەیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی دیپلۆماتیک بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی سووریە، پێکهێناوە. لە شەڕی ناوخۆیی سووریە، کۆشکی کرێملین شانبەشانی ڕژیمی ئەسەد بووە بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەوڵی ئەوەی داوە لە گەڵ هەموو گرووپەکانی تووشبوو پێوەندی باش و شیاوی بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.