دۆخی کرێکاران پێش وشیاریی چینایەتی

0
1043
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

نووسەر: فوئاد شێربەگی

“کرێکارانی جیهان یەکگرن”، ناسراوترین دروشمی بزوتنەوەی چەپە و کەمتر کەسێک هەیە بڕوای بە پێویستیی یەکگرتوویی و هاوپشتیی چینی کرێکار نەبێ و هەموو بزووتنەوە چەپەکانی دنیا، کرێکارانیان بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت کردووە و هەموو کرێکارێکێش گرینگیی ئەو یەکگرتووییە دەزانێ. کرێکاران لە ژیانی ڕۆژانەیاندا پێویستیی هەڵسوڕان و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەست پێدەکەن و زۆر جاریش هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام ئەگەر هەر ئەو هەست پێکردنە بۆ ڕێکخستن و یەکگرتوویی کرێکاران تەواوکەر بوایە دەبوو لەمێژ بوایە دامەزرانی دەوڵەتە سۆسیالیستەکانمان لەهەموو جیهان جێژن گرتبایە. ڕاستییەکە ئەوەیە لە هەست بە پێویستیی یەکگرتوویی و خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان هەتا وشیاریی چینایەتی و یەکگرتوویی ڕاستەقینەی ئەو هەڵسوڕان و خەباتە، ڕێگایەکی دوور و درێژ و پڕ لە کێشە و گرفت هەیە. بۆ گەیشتن بەو ئامانجانەی بزووتنەوەی کرێکاری داوای دەکا پێویستی بە وشیارییەکی قووڵتر هەیە کە پێویستی بەدامەزراوە بوون و ڕێکخستنی بەردەوامی کرێکاران هەیە و لەویش گرنگتر یەکگرتوو مانەوەی ئەو بزووتنەوەیەیە کە گارانتیی بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەکە دەکا. بۆ ئەو مەبەستە پێویستە کرێکاران بەو ڕادەیە لە وشیاری بگەن کە سەرچاوەی دژایەتی بەرژەوەندیی چینایەتیی چینەکانی نێو کۆمەڵگا بناسن و لەوەش تێبگەن تایبەتمەندی ئەو خاوەنکار و ئەم حکوومەت و ئەم سیاسەتمەدارە دەسەڵات بەدەستە، پەیوەندییەکی بە گۆڕینی گشتیی بارودۆخەکەوە نابێ و نابێ دەست لە تێکۆشان هەڵگرن.

بەو پێیە دەکرێ بگوترێ، ئاستی هەڵسووڕان و تێکۆشانی کرێکاران و خۆڕێکخستنیان و ئەو شیوازانەی بۆ ئەو مەبەستە هەڵیدەبژێرن و هەروەها ئاستی ڕێکخراوەیی بوون و ڕێکخستنی کرێکاران لە هەر وڵاتێک و لەهەر سەردەمێکدا، دەرخەری ڕاستەقینەی بینراوی ئاستی وشیاری و درکی چینایەتیی ئەوانە. ئەو وشیارییە هەنگاو بەهەنگاو و لەنێو ڕێکخستنە کرێکارییەکان و لە خەباتی بەردەوام لەدژی دژبەرانیدا گەشە دەکا و بە شێوازی ڕاپەڕینی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی ڕواڵەتی سیاسی و بەدەستەوەگرتنی دەوڵەت خۆی دەردەخا، بەڵام هەروەک باسمان کرد ئەو ڕێگایە زۆر دەخایەنێ و نابێ بەر لە گەیشتن بەو ئاستە بەربڵاوەی وشیاریی چینایەتی و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسیی چینی کرێکار، هیچ هەوڵێک نەدا و تەنیا بەتەمای ئەو ڕاپەڕینە کۆمەڵایەتییە بێ و دەستەوئەژنۆ دانیشێ و بارودۆخی ژیانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خرابتر بێ و ژیانێکی پڕلەمەینەت، بەشی بێ.

 ئەوەی مەبەستی من لەو باسەدایە ئەوەیە کە چینی کرێکار هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ خۆڕێکخستن و بەرز کردنەوەی ئاستی وشیاریی چینایەتیی خۆی و خۆسازدان بۆ ڕاپەڕینێکی بەربڵاو و بەدەستەوەگرتنی جڵەوی دەسەڵات، دەبێ بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی خۆشتر و بارودۆخی کارکردنی باشتریش لە چوارچێوەی سیستەمەکانی دەسەڵاتدارێتی ئەو سەردەمەشدا تێبکۆشێ و هەڵسوڕانی پیشەیی هاوکات لەگەڵ خەباتی سیاسی هەبێ. ئەوەش گرنگە بزانین هەڵسووڕانی پیشەیی تەنیا بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجە هەستپێکراوە دیارەکان، بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی کرێکارییە و دەبێ پێشڕەوانی ئەو بزووتنەوەیە بە لەهەڵڵادانی هەموو ستەمکاری و پێشێلکارییەکانی مافی ژیانی خەڵک لەلایەن حکومەتەوە، پێش بەو لادانە بگرن و هاوکات لەگەڵ تێکۆشان بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ کرێکاران، بەرەو بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی چینایەتی و ئامادەکردنیان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵات هانیان بدەن. بارودۆخی ژیان و کارکردنی کرێکاران لە شوێنە جیاجیاکانی جیهان زۆریان جیاوازی بەیەکەوە هەیە و سەرەڕای هاوچارەنووسیی چینایەتیی هەموو کرێکاران بە گشتی، چۆنییەتیی بارودۆخی کار و ژیانیان لە وڵاتانێک وەک ئەمریکا، ئێسکاندیناوی، ئێران و کوردستانیش زۆر جیاوازە و ناکرێ وەک یەک هەڵبسەنگێندرێ و هەر بەو هۆیەشەوە دەرفەت و شێوازی جیاوازی هەڵسووڕانیان لەبەردەمدایە.

لە بەشێک لەو وڵاتانە بەهۆکاری جیاواز چینی کرێکار توانیوێتی بەشێک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆی لە سیستەمی حوکمرانی وڵاتەکەدا جێبخا و لەبەشیکی تر لەوڵاتاندا سیستەمی حوکمڕانی بۆخۆی گەورەترین لەمپەری بەردەمی کرێکارانە و بەهەموو توانیەوە دژ بە بەرژەوەندیی ئەوان دەوەستێتەوە. دەستەبەربوونی هەر ئێمتیازێکی (خاڵێکی) پێشکەوتوو بۆ کرێکاران سەرەڕای باشترکردنی ژیانی کرێکاران، دەتوانێ هاندەر بێ بۆ بەرەوپێشجوونێکی کاریگەری بزوتنەوەی کرێکاری و هەروەها دەتوانێ ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی و پاڵپشتیی جیهانیی زیاتری چینی کرێکار.

لە سەردەمێکدا کە ئێستا سیستەمی زاڵی بەرهەمهێنان و دەسەڵاتدارێتی سەرمایەدارییە و ئاستی وشیاریی چینایەتیی کرێکاران نەگەییشتۆتە ئاستی گۆڕینی ئەو سیستەمە، تەنیا سیاسەتێک کە دەتوانێ ئەو ڕەوتە بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون بەرێ، سۆسیال دێمۆکراسییە کە لە چوارچێوەی سیستەمی دیموکراسیی سەرمایەداریدا دەتوانێ بە بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و بەبێ گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنان و خاوەندارێتی بە گۆڕینی شێوازی دابەشکردنەوەی سەروەت و سامانی کەڵەکەبووی کۆمەڵایەتی، ببێتە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی کەلێنی چینایەتی و هەروەها بە سڕینەوەی لەمپەرەکانی بەردەم هەڵسووڕانی ڕێکخراوەیی کڕێکاران، دەورێکی بەرچاوی لە بەرز کردنەوەی ئاستی وشیاریی چینایەتی و هەر وەها بە باشترکردنی ژیانی کرێکاران دەرفەتی گەورە بۆ گۆڕینی بنەڕەتی کۆمەڵگا بخولقێنێ و یان لە خاڵە وەرچەڕخانە مێژووییەکانی داهاتوو، بە باشی کەڵک وەرگرێ.

ئەو بیروباوەڕە لە دوو لایەنەوە دەکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری دەدرێ، لایەنی یەکەم سەرمایەدارییە کە بەهۆی کەمبوونەوەی پشکی لە زێدەبایی بەرهەمهێنان بەرەنگاری دەبێتەوە و نایهەوێ هیچ گۆرانکارییەک قەبوول بکا و لایەنی دوهەم باوەرمەندان بە پێگەیشتنی خۆڕسکی مێژوون کە بەهەڵە پێیان وایە باشتربوونی ژیانی کرێکاران ئەو گەشەیە و پێگەیاندنی وشیاری چینایەتی بەدوا دەخا کە بەپێی هەموو پێوەرەکانی مارکسیستی وشیاری سۆسیالیستی کە سەرچاوەی وشیاری چینایەتییە لەدەرەوی چینی کرێکار گەشە دەکا لە پەیوەندی لەگەڵ پێشرەوانی ئەو چینە دەبێتە ئیدئۆلۆژی گشتی چینی کرێکار بۆ ڕاپەرینی کۆمەلایەتی. باشتربوونی بارودۆخی ژیانی کرێکاران و ئاسانکاری لە خۆڕێکخستن و ڕێکخراوەیی بوونی هەڵسووڕانی کرێکاران و پەیوەندی لەگەڵ دەرەوە و ناوەوەی ئەو ڕێکخراوانە دەتوانێ هێز و تینێکی زۆر زیاتر بداتە بزوتنەوەی کرێکاری و ئاواتی گەیشتن بە سۆسیالسم زۆۆتر بەدیبێنێ. گرینگی ڕێکخراوە سەربەخۆ کریکارییەکان بۆ گەشەی بزوتنەوەی کرێکاری شتێکی حەیاتییە و نابێ لەپشتگۆ بخرێ یا کەم بایەخ چاوی لێبکردرێ . پێویستە هەموو هەڵسووڕاوانی کرێکاری و هەموو ڕووناکبیرانی چەپ بە هەموو توانیانەوە پشتیوانی داواکاری دامەزراندنی ڕێکخراوە سەربەخۆ کرێکارییەکان بن و بەتایبەت لە وڵاتی ئێران کە دەوڵەت دەیهەوێ بە نێوی کۆمەڵە ئیسلامییە جۆراوجۆرەکان، دامەزراوە دەستکردەکانی خۆی بە نێوی ڕێکخراوەی کرێکاری بناسێنێ، بۆیە پێویستە لێی لە هەڵڵا دەن و پێشی پێبگرن. لاوازی بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران سەرەڕای مێژووی نزیک بە سەد ساڵەی هۆکاری جۆراوجۆری هەیە کە لە دواکەوتوویی پیشەیی ئێرانەوە هەتا تایبەتمەندی ئابووری و دەسەڵاتدارێتی لە ئێران دەگرێتەوە بەڵام ئەوانە نابێ ببێتە هۆی ئەوەی ئێمە وەکوو تاک یا حیزب دەوری مێژووی خۆمان لەبیر کەین و تەنیا چاوەرێی جەبری مێژوو بین تا بارودۆخەکە لەبار بکا. لەوڵاتێک وەک ئێران کە جیا لە دژایەتی بەرژەوەندی چینایەتیی و چەوسانەوەی چینی کرێکار بەدەیان جۆری کەی چەوسانەوە و هەڵاواردن و ستەم، لەلایەن سیستەمی حکومەتەوە دژ بە کۆمەڵانی خەڵک دەبیندرێ پێویستە هاوکاات هەموو جۆری ستەمەکانی حکومەت لە هەڵڵا درێ و دژی بوەستینەوە و بۆ بەرەنگاربونەوەیان خۆمان و جەماوەر ڕێکبخەین. لێکهەڵپێکانی خەباتی چینایەتی لە گەڵ خەبات لەگەڵ هەموو شێوازەکانی تری ستەمی حکومەت زۆر گرینگە بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە یەکێک لە لەمپەرە سەرەکییەکانی دژ بە هەموو جۆرە پێشکەوتنخوازییەک سیستەمی حکومەتە، تێکۆشان بۆ لەناوبردنی ئەو جۆرە حکومەتە لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەموو پێشرەوانی کۆمەڵگایە. لە وڵاتێک وەک ئێران کە هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی پتانسییەلێکی بەرچاوی بۆ کۆکردنەوەی هێز دژ بە حکومەت هەیە هەڵسووڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری هاوکات لەگەڵ خەباتی چینایەتی دەبێ ئاڵاهەڵگر و ڕێبەرایەتیی هەردووک بزووتنەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزی لە ئەستۆ بگرن و خۆیان لەو ئەرکە مێژوویی نەدزنەوە و لەوە تێبگەن بۆ چارەسەری ئەو ستەمانەش تەنیا ئەوانن بەراستی توانای ڕێبەری شۆرشگێرانە و بەدیهێنانی ئاواتەکانی کۆمەڵگایان هەیە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت