دووهەمین ناوی ئەمریکا بەرەو ئاوەکانی کورە کەوتە ڕێ

0
1155

ڕۆژی کورد: دوابەدوای نوێترین تاقیکاریی موشەکیی کورەی باکوور، ئەمریکا دووهەمین ناوی فڕۆکەهەڵگری خۆی بەرەو ئاوەکانی شێوەدوڕگەی کورە بەڕێکرد.

ناوی فڕۆکەهەڵگری “ڕۆناڵد ڕەیگان”، کە بە ناوی یەکێک لە سەرۆک کۆمارەکانی پێشووتری ئەمریکا کراوە و لە بەندەری یوکوسوکا لە وڵاتی ژاپۆن جێگیرە و دەگوترێ ٦٠ فڕۆکەی لەسەر دەنیشێتەوە، ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرەو ئاوەکانی کورە کەوتە ڕێ

ئەو ناوە، دوو ڕێئاکتۆری ناوکی لەسەر دامەزراوە و زیاتر لە ٤٥٠٠ خزمەتکار و فەرمانبەری تێدایە و نرخەکەشی ٨ میلیارد و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار بەراورد کراوە.

کاناڵی هەواڵی سی ئێن ئێن، ئەم هەواڵەی بە پشت بەستن بە لێدوانی دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاو کردۆتەوە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت.

ماوەی ٣ حەوتوو بەر لە ئێستا، ترامپ بڕیاری چوونی ناوی فڕۆکهەڵگری کارل وینسۆن ـی بەرەو ئاوەکانی کورە دابوو و دەگوترێ ناوی “ڕۆناڵد رەیگان” جێگای ئەو دەگرێتەوە.

کورەی باکوور لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا تا ئێستا ٥ تاقیکاریی ناوکی ئەنجام داوە کە دوویان لەو ساڵانەی دواییدا ئەنجام دراون.

ئەو تاقیکارییە مووشەکییانە، بوونە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچە و بەتایبەت ژاپۆنییەکان.

کۆشکی سپی، ئەو تاقیکارییانە بە هەڕەشە لەسەر خۆی و هاوپەیمانەکانی دەزانێ و تا ئێستا چەندین گەمارۆی خستۆتە سەر ئەو وڵاتە.

دەگوترێ ڕێکخراوی “سیا”، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە چەندین گەڵاڵەی تایبەتی ئامادە کردووە.

چین و ڕووسیە، دوو وڵاتی پشتیوانی کورەی باکوورن بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا، چین بڕیاری گەمارۆخستنە سەر ئەو وڵاتە لەلایەن ئەمریکای پەسەند کرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت