دوای سێ ساڵ هێشتا هیچ بۆ منداڵانی شیناوا نەکراوە

0
571

دوای سێ ساڵ لە سووتانی 31 قوتابی کچی شیناوا، تا ئێستاش بەڵێنی ناردنە دەرەوەیان بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی جێبەجێنەکراو
رۆژی 15ی سەرماوەزی ساڵی 1391ی هەتاوی، قوتابخانەی شیناوای سەر بە شاری پیرانشار بە هۆی گڕگرتنی کورەوە لە ناو یەکێک لە پۆلەکان، 31 قوتابی ئاگریان ێبەر بوو کە دوانیان بە هۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لە دەست دا
هەردوا بەدوای ئەو رووداوە، وەزیری پەروەردەی ئێران نەک تەنیا ئامادە نەبوو داوای لێبوردن بکا، بەڵام هیچ هەوڵێکی جددیش بۆ چارەسەری ئەو کچانە نەدرا. ئەگەرچی تا ئێستا لە ماڵپەڕەکانی سەربە ئێران دەبینرێ کە دەوڵەت پوڵی بۆ ئەو منداڵانە پاشەکەوت کردووە و هەموو ساڵێکیش لەو ساڵڕۆژی ئەو رووداوە دا بە پێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی سەر بە ئیران باس لە پێدانی پووڵ و کرانەوەی شومارەی حسابی بانکی بۆ ئەوان دەکرێ، بەڵام بەڵێنی سەرەکی کە ناردنی ئەو کچانە بۆ چارەسەری جێگای سووتاوەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات هێشتا جێبەجێ نەکراوە
لە لایەکی دیکەوە و بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی کورد پرێس، باوکی یەکێک لەو قوتابیانە بە ناوی محەممەدی شادکام رایگەیاندووە، تا ئێستا بە پێی زەمەنبەندی دیاری کراوەکان، دەرمانی ئەو قوتابیانە بەرەو پێش ناچێ. ناو براو وتووشێتی: ماوەیەکە رەوتی دەرمانی ئەو کچانە پەکی کەوتووە و کارە پێویستەکانیان بۆ جێبەجێ ناکرێ.
پێشتر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بەڵێنی دابوو کە ئەو منداڵانە بۆ چارەسەری بنێرێتە دەرەوەی وڵات، بەڵام تا ئێشتاش ئەو بەڵینە جێبەجێ نەکراوە.
لە ئێستا دا تەمەنی ئەو منداڵانە بەرەو هەڵکشان و مێرمنداڵی دەڕوا، بەڵام نەک تەنیا چارەسەڕێکیان بۆ نەکراوە، بەڵکوو وردەوردە خەریکە ئەو رووداوە لە لایەن خەڵکیشەوە لە بیر دەچێتەوە و منداڵانی شیناوێش بە برینەکانیانەوە گەورە دەبن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت