دوایین زانیاری لەمەڕ دۆخی جەستەیی محەممەد سەدیق کەبوودوەند

0
814

ڕۆژی کورد: زیاتر لە ٢٤ ڕۆژە، محەممەد سەدیق کەبوودوەند باوکی مافی مرۆڤی کورد وەک ناڕەزایەتییەک لە هەمبەر بێ عەداڵەتیی بێدادگاکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بەرپەرچدانەوەی درێژ کردنەوەی ماوەی حوکمی زیندانەکەی دەستی بە مانگرتن کردووە و دۆخی جەستەییشی بە پێی هەواڵەکان زۆر بالەبارە و ئەگەری جەڵدەی دڵی لە ئارا دایە.
ئیجلال قەوامی، وتەبێژی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ ڕۆژی کورد گوتی: “کەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بە تێپەڕ بوونی نزیک بە ٢٥ ڕۆژ لە مانگرتنەکەی، هێشتاش هەروا لە مانگرتن بەردەوامە.”
لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی جەستەیی کەبوودوەندا، قەوامی گوتی:”دابەزینی ۆەستانی خوێن، خوێنڕێژیی ناو لەش، ئاڵۆزتر بوونی دۆخی دڵ ـی کەبوودوەند بۆتە هۆی ئەوەی کە دوکتورەکانی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران لەمەڕ ئەگەری ڕاوەستانی دڵی ناوبراو هۆشداریی جیددی بدەن و لەو بارەشەوە راپۆرتیان داوە بە بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین”.
قەوامی لە درێژەدا لەمەڕ دوایین دۆخی تەندرووستیی کەبوودوەندا گوتی: “لەو یەک دوو ڕۆژەی دواییدا کە دۆخی تەندرووستیی کەبوودوەند زۆر ئاڵۆز بووە، چەند پشکنین و تاقیکارییەکی وەک نەواری دڵ، ئانژیۆ، ئێم ئار ئای لێ هەڵگیراوەتەوە و لەسەری ئەنجام دراوە کە سەرجەمیان باس لە ئاڵۆز بوونی دۆخی جەستەیی و تەندرووستیی ناوبراو دەکەن”.
شایانی ئاماژەیە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بە ئاڵۆزتر بوونی دۆخی جەستەیی و باری تەندرووستیی کەبوودوەند، هەندێک لە کەستییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئیران و چالاکانی مەدەنی-سیاسی داوایان لە کەبوودوەند کردووە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام سەرەڕای ئەو هەوڵانە، کەبوودوەند هەر لەسەر مانگرتنی خۆی تا وەدیهاتنی ویست و داواکارییەکانی سوورە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.