داعشەكانی گەرمیان لە كوێوە دێن؟

0
906

نووسینی: راسان حاجیلەكی

هەر جارێكی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا هەنگاوێك دەچێتە پێشەوە و زوومی كامێراكانی جیهان دێنە سەر هەولێر و، زلهێزەكان نەك وەكوو هەرێمێك لە نێو وڵاتێكدا بەڵكو ڕێك وەكوو وڵاتێكی سەربەخۆ و خاوەن كیان لەگەڵ هەولێر هەڵسوكەوت دەكەن، دەسبەجێ لە سنوورەكانی نزیك ئێرانەوە كۆمەڵێك كێشە و ئاژاوە دروست دەبن، هەر نەبێ ڕەشەبایەكی ئێرانی لەولاوە هەڵدەكات و نیگەرانی دەخاتە دڵی خەڵكی كوردستانەوە.

ئیتر كۆماری ئیسلامی سیاسەتەكەی ساڵانی پێشووی گۆڕیوە. چوار پێنج ساڵ لەمەوبەر هەر جارێكی دەیەویست گەڕێك لە كوردستان بەتایبەتی لە هەولێر بئاڵێنێ و تەنگیان پێ هەڵبچنێ، دەستی دەكرد بە تۆپبارانی گوندەكانی سەرسنوور و ڕەز و باخ و مووچە و مەزرای خەڵكی ئاگر دەدا. بیانووەكەشی ئەوە بوو كە لەو سنوورانەوە گەریلاكانی پەكەكە دەپەڕنەوە ئێران و پژاك چەرمەسەری بۆ كۆماری ئیسلامی دروست دەكا. هەتا ئەو پەتەیەشیان كەوتە سەر ئاو و، دەستیان لە بنی هەنبانەكەوە دەچوو و لە پەیماننامەیەكدا لەگەڵ پەكەكە و وەرگرتنی لووتكەی جاسووسان وەك خەڵاتێك لە لایەن پەكەكەوە ئیتر ئەو بیانووەشی بڕا، بەڵام كۆماری ئیسلامی قەت لە بیانوو ناكەوێ و بیانووی لێ نابڕێن.

لەوتارێكی دیكەشدا وەك نیعمەتێك بۆ كۆماری ئیسلامی باسی داعشم كردووە و ئێستاش دەڵێمەوە، داعش نیعمەتێكی خواییە بۆ كۆماری ئیسلامی و جگە لەوەی لە سایەی هەبوونی داعشەوە توانیی خۆی وەك ئەكتەرێكی چالاك و شوێندانەر لەو ناوچەیەدا بسەپێنێ و هێزێكی گەورە و مەترسیداری وەك حەشدی شەعبییش دروست بكا و سوپا ڕەسمییەكەی پێشووی عێراق كە بە نەخشەی داڕێژراوی خۆیان و مالیكی مەیدانەكەی بۆ داعش چۆل كرد لەبەر یەك هەڵوەشێنێتەوە و دەراو بۆ دامەزرانی سوپایەكی یەكدەستی شیعی خۆش بكا، ئێستا زۆر دەرگای دیكەی بەسەردا كراونەتەوە كە لەو دەرگایانەوە دەتوانێ شەڕ بە هەرێم و بە ناوچەكە و بگرە بە دنیاش بفرۆشێ.

لەو جەنگەیەدا كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستانی ڕاشكاوانە هێنابووە بەرباس و لە میدیا ناوچەیی و جیهانییەكاندا ڕەنگدانەوەیەكی بەربڵاوی هەبوو، دیتمان كتوپڕ و چاوەڕواننەكراو داعش ڕووی هێرشەكەی خۆی لە بەغداوە بەرە هەولێر وەرسووڕاند، هەر ئەودەم زۆربەی هەرە زۆری چاودێرانی سیاسی بە لێكدانەوەی ورد گوتیان، ئەو هەڵوێستگۆڕینەی داعش لە بن سەری كۆماری ئیسلامیدایە. چونكە كۆماری ئیسلامی وێڕای ئەوەی لە سیاسەتی ئاشكرای خۆیدا دژایەتیی ئەلقاعیدەی دەكرد، دواتر زۆر بەڵگە سەلماندیان كە سەرەڕای هەموو جیاوازییە قووڵ و بنەماییەكانیان، پێوەندییەكی قووڵ و چڕوپڕیان لە نێواندا هەبووە. زۆر دوور نییە بەڵگەكانی پێوەندیی نێوان ئێران و داعشیش دەركەون.

ئێستاش كە جارێكی هەولێر كەوتووەتە ڕۆژەڤی سەرنجی بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەكان و سەرۆكی وڵاتانی گەورە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ تەعامول لەگەڵ هەولێر و وەك سەرۆكی وڵاتێكی سەربەخۆش لەگەڵ مەسعود بارزانی هەڵسوكەوت دەكەن، ئاساییە دەبێ چاوەڕوانی كۆمەڵێك ئاژاوە بین كە ئاگری فیتنەكەی لە بن سەری كۆماری ئیسلامیدایە و لە گۆڕی ئەوانەوە هەڵداییسێ. ڕوون و ئاشكرایە ئەو تیم و دەستە تیرۆریستیانەی پاش هێرشەكەی ئەمریكا لە هەورامانەوە دەرپەڕینە بەری ئێران و كۆماری ئیسلامی باڵی بەسەر كێشان، لەو 14 ساڵەی ڕابردوودا لە خۆوە و بەبێ خەرج و باج لە ئێران دابەستە نەكراون و بۆ ڕۆژانی وەك ئەمڕۆ دانراون. تەنانەت ئەگەر بە شێوەی تۆڕ و ڕایەڵەی تیرۆریستییش لە هەندێ شار و باژێر دەركەون، سەرەداوەكەیان هەر دەچێتەوە ئێران و لەو مەسەلەیەدا دەبێ دامودەزگا و هێزە وڵاتپارێزەكانی كوردستان وردبین و لەسەر هەست بن و خەڵكی باشووری كوردستان و بگرە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش یارمەتیدەر بن بۆ پاراستنی ئەو بەشەی كوردستان و دەستكەوتەكانی سەدەیەك خەباتی كورد لەو بەشەی كوردستان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت