دارێ پوازی لەخۆی نەبێ قەت ناقڵەشێ

0
978

نووسەر: هەیبەت کامەرانیپوور (هێدی)

هیدی کامەرانیپوور
هیدی کامەرانیپوور

دەستپێکردنەوەی قۆناغی نوێی خەباتی خۆرهەڵاتی کوردستان لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە، هەوڵە جۆراوجۆرەکانی حکوومەتی تاران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بڕیارەی لێ کەوتووەتەوە.
لە پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکراتدا دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی نەتەوایەتی لە کوردستانی خۆرهەڵات لەلایەن سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە ڕاگەیەندرا.
پاش ئەمە شەپۆلێک لە دژایەتییەکان لەلایەن کوردە ڕێفۆرمخوازەکانەوە دەستیان پێکرد ، ئەو بەناوچالاکانەی کە ڕۆشنبوونی شەمیان لە کزکردنی شەمی لایەنەکانیتر دەبینن.
هاتنەوە گۆڕەپانی دووبارەی حیزبی وەحدەتی میللیی ئێران و پشتیوانیی هەمە لایەنەی ئەندامانی پەکەکە لەو حیزبە یاساییە کە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی تارانە و ئیلتزامی کردەوەییان بە یاسای بنەڕەتی سوێندپێخوراوە یەکێ لەو پیلانانەیە و هیچ بەدوور نییە کە ماوەیەکیتر لەلایەن بەرپرسەکانیانەوە هاوشێوەی ڕەوتی مەکتەبی قورئانی موفتیزادەی سەردەمی ئینقلاب، چەکیان نەکردرێتە شان بۆ بەرەنگاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
خاڵێکی دیکە لەم نێوەدا هەناردەکردنی مۆرەکانی حکوومەت بۆ دنیای دەرەوەیە کە دواتر وەکوو لابی کەڵکیان لێ وەربگرێت.
لەسەردەمی شانۆی هەڵبژاردن و گەرمبوونی تەنووری شانۆگەرییەکە، زۆر کەس لە دنیای ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی تێلێگرام خۆیان دەرخست و بە پشتیوانی لە بەشداری لە شانۆگەرییەکەی حکوومەت بەرەنگاری بڕیاری حیزبی دێموکرات کە بایکوتی کردبوو بوونەوە.
لەو نێوەدا لەگەڵ کەسێک مشتومڕێکم کرد و دوایین قسەی ئەمە بوو کە “حیزبی دێموکرات زیاتر لە پەنج هەزار کەسی داوە بە کوشت و ئەگەر حیزبی دێموکرات نەبا ئێستا کوردستان بەم شێوەیە وێران نەبوو و نەدەخرا پەراوێزەوە “. پاش ماوەیەک ئاگادار کرامەوە کە هەمان کەس گەییشتووەتە وڵاتێکی ئورووپایی و پێداگرە کە لەسەر کوردایەتی قاچاخ بووە و لە كوردستان هەڵاتووە.
هەناردنی ئەم کوردانە لەلایەن حکوومەتەوە بۆ ئورووپا چەندین مەترسی بە دواوەیە.
یەک لەوان نەهێشتنی متمانە بە کوردە سیاسییەکانە کە بەڕاستی مافی خۆیانە وەکوو پەنابەری سیاسی وەربگیردرێن.
بەڵام خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە بەم شێوەیە حکوومەت دەیەوێ تۆڕێکی تیرۆریستی و سیخوڕی لە ئورووپا دابمەزرێنێ.
سەرەکیترین خاڵیش کە لە وەکوو ئامانجی سەرەکی ئەژمار دەکردرێت، دروستکردنی لابیی کورد لە دژی پرسی نەتەوەیی کورد لە ئورووپا و دنیای دەرەوەیە کە بە دڵنیاییەوە ڕۆڵێکی نەرێنی بەرچاو دەگێڕێت.
لە نوێترین نموونەدا، دەوترێ کە عێرفان قانعی فەرد، جاش قەڵەمی بەناوبانگی کورد کە پێشتر سەردانی چەندین کەسایەتی سیاسیی کوردیشی کردووە، لە بریتانیا داوای مافی پەنابەریی کوردووە.
ئەمە یەکێ لەو خاڵانەیە کە حیزبە کوردییەکان ئەرکدار دەکات کە لە ڕێگای نوێنەرایەتیی خۆیانەوە لە وڵاتە ئورووپاییەکان، ناوەندە تایبەتەکان لەو مەسەلەیە ئاگادار بکەنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.