خوێندن بە زمانی زگماکی مافی سەرەتایی هەر تاکێکە

0
2588

سیاسەتوانی کورد پێویستیی بە خوێندن بە زمانی دایکە پێویستە هەر لە سەرەراتوە بێژین کە خوێندن بە زمانی زگماکی مافی سەرەتایی هەر تاکێکە و بە پراکتیک کردنی پرۆسەی خوێندن بە زمانی دایکی پێویستیی بە هیچ مەرج و رێکەوتنێکی سیاسی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نیە.

لەلایەنی دەروونناسییەوە بە شێوەی سروشتی منداڵ بە زمانی دایکی پەیوەندیی هەست و سۆزداریی باشتری بۆ فێر بوونی وانەکان دەبێ و دەتوانێ لە دۆخێکی باشتر و بەرابەردا خۆی ببینێتەوە و سەختیی فێربون بۆ منداڵان ساناتر بکات و ئەنجامی باشتری لە خوێندندا دەبێت. کەوابوو مافی خوێندن بە زمانی دایکی سەرەڕای ئەوەیکە لایەنی یاسایی رێکخراوە یونێسکۆ و مافی مرۆڤیی هەیە، بەڵکوو پێویستییەکی پەروەردەیی هەر کۆمەڵگەیەکە و لە رەهەندی سیاسیشەوە پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.

بۆردیۆ زانای فەڕانسی لە کتێبی “زمان و هێزی رواڵەتی”دا کە دەپرژێتە سەر رۆڵی زمان لەمەڕ بەردەوامیی سوڵتە و داگیرکاری، دەڵێ: زمانی هەر وڵاتێ پەوەندییەکی نەپچڕاوی لەگەڵ هێز لەو وڵاتەدا هەیە و لە رێگەی ئەو زمانەوە هەوڵی سەپاندنی توندوتیژی ئەدا و لە ئەنجامدا تاک تەسلیمی خواستەکانی زمانی داگیرکەر یان هەان هێزی داگیرکەر دەکات. ئەگەر ئەم بۆچوونەی بیرمەندە فەرانسی بە فاکت بگرین، ئەوە دەردەکەوێ کە مەسەلەی دژایەتیی داگیرکەرانی کوردستان لەگەڵ پرسی زمان و بە واتایەکی دیکە ترس لە زمانی دایک، بۆ بەردەوامیی هێزی سوڵتە بەسەر ئەو نەتەوانەدا دێت. لێرەدا پێویستە ئەوە بگوترێ کە دید و تێڕوانی داگیرکەری فارس بە پۆزیسیۆن و ئۆپۆزیسیۆنەوە لەمەڕ مەسەلەی زمانی دایک “خوێندن بە زمانی دایک” یەک دید و تێڕوانینە، کە بنەمای ئەو بۆچوونەش بۆ بەردەوامیی داگیرکاری لە کوردستان دەگەڕێتەوە. بۆچی پەروەردە بە زمانی دایک گرینگە مەسەلەی سەرەوەریی زمان بەرئەنجامی کۆمەڵێک ئەزموونی دنیای فیزیکیی وەک “خوێندن، پەروەردەیی بنەماڵەیی و نێو کۆمەڵ”ـە و ئەمەش دەبێتە هۆی سەروەری بۆ ئاخێوەرانی ئەو زمانە و بەم پێیە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دنیای دەرەوەدا دادەڕێژن.

لە دنیای سیاسەت و دیپلۆماسییەتدا هەر سیاسەتوانێک بەپێی بیرکردنەوە و پەروەردەی زمانی دایکیی خۆی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەی خۆی دەکات. بە واتایەکی دیکە بنچینەی بیرکردنەوەی سیاسەتوان لەسەر ئەساسی هزریی زمانی دایکی دەتوانێ داکۆکیکاری مافی نەتەوەکەی بێت. کەوابوو دیپلۆماسیی کورد بەبێ زمانی دایکی و پەروەردە بە هزری زمانی دایک ناتوانێ دەسکەوتێ بۆ نەتەوەی کورد مسۆگەر بکات. لەسێدارەدانی فەرزاد کەمانگەر مامۆستای کورد و زیندانی کردنی زارا محەمەدی و داخستنی دەیان سەنتەری فێرکردنی زمانی کوردی وەک ناوەندی فەرهەنگی و زمانیی “سۆما” دەیسەلمێنی کە زمان کۆڵەکەی مانەوەی نەتەوەیە. پرسیار ئەوەیە کە بە سەرنجدان بەم گرینگیەی زمان، دەکرێ بەبێ کیانێکی سەربەخۆ، تاکی بەهێز لە رووی تێگەیشتن و مەعریفییەوە بە زمانی هزری پەروەردە بکرێت.

هادی عارفی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.