خوێندنەوەیەک لەسەر ڕێکخراو و ڕێساکانی کاری ڕێکخراوەیی  

0
11391
جەلال ڕەوانگەر

 ئاماده‌کردنی: جەلال رەوانگەرد

ده‌ستپێک بۆ هەڵسەنگاندن پێویستە ناسینێکی تەواومان لە کاری ڕێکخراوەیی هەبێت.

پێناسه‌ی ڕێکخراو به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی :

   کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس لە دەوری یەکتر لەسەر بەرنامە و ئامانجێکی روون و دیاری کراو و ئۆرگانیزاسیۆن و قەوەارەیەکی تەشکیلاتی، کە ویست و داخوازییەکان بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو دادەڕێژێت و لە ڕاستای وەدیهێنانی خواست و ئامانجەکان و هەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی، هەنگاو دەنێت،  ‌ کە هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌ک بە پێی پێويستی کۆمەڵگا دادەمەزرێت، و ئەندام تێیدا بە ویستی خۆی و به‌ دڵخوازانە، بۆ ئەو ئامانجەی کە مەبەستیانە تێیدا بەشدار دەبێت.

 لەپێناسەیەکی گشتی دا پێی دەوترێت ڕێکخراو.

ده‌بێ قەوارەی هەر ڕێکخراوەیەک، وڵامی ئەم چەند پرسیارە بداتەوە:

بۆ چی یە: یانێ ئامانج و بەرنامەی ئەو ڕێکخراوەیە چییە؟

چۆن دەبێ: بەرنامەی کارییان چییە، کارەکانیان چۆن دەچێتە پێش، یاسا و ئایین نامەی کارییەکانیان چین و… هتد؟

کێ دەیکات: بەڕێوەبەریان کێیەو لە سەر چ بنەمایەکە، مودیریەتی ڕێکخراوەییان چۆنە؟

دابەشکارییەکانیان چۆنە: ئۆرگانیزاسیون، بەشەکان، کاره‌کانیان چۆنه‌، قه‌واره‌ی ڕێکخراوه‌یی و سه‌لاحیه‌ته‌کانیان له‌سه‌ر ج بنه‌مایه‌که‌ و…هتد؟

 کار کردن بۆ ئامانجە هاوبەشەکان لە ڕاستای هاتنەدی ویست و داخوازییەکانی  تاک، یەکێك لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەندامە لە ڕێکخراودا و لە بەرامبەر ئەوەشدا گرینگرتین مافی هەر ئەندامیک لەو ڕێکخراوەیە بەرەو‌پێش‌چوون و بردنە سەری ئاستی ئاگایی وزانیاری و تواناییه‌کانیه‌تی، کە ڕێکخراویش لە بەرامبەر ماف و ئەرکە تەشکیلاتییەکانی هەر ئەندامێکی بەرپرسیارە و دەبێ بۆ بە ئورگانیزە کردنیان، پلانی گونجاوی بۆ دابڕێژێت.

درووستکردنی ڕێکخراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن:

  • پرسی هه‌بێ.
  • پڕۆژه‌ پێشکه‌ش بکرێ.
  • لایه‌نی دارای و ماڵی شه‌فاف و سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ.
  • لیژنه‌یه‌ک هه‌بێ بۆ به‌ڕێوه‌بردن و به‌ره‌وپێش بردنی پڕۆژه‌کانی (سه‌رکرده‌ی مه‌یدانی له‌ تیئۆری و پراکتیکدا).
  • په‌یکه‌ره‌ی ڕێکخراو‌ و کاری ئیداری و به‌رنامه‌ و پێڕه‌وی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن و دێموکراتیک بێ.
  • به‌ سیستم کار بکات.

بنەمای پێکهێنانی ڕێکخراوەیەک:

دڵخوازانە، ویست و ئامانجی هاوبەش، یاسامەند بوون، بەرنامەی روون و دیاری کراو، سەر بەخۆبوون لە بڕیاردان و بەرپرسیارەتی، و … هتد.

بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی هەر ڕێکخراوەیەکە.

معیارەکانی ڕێکخراو بوون:

– هەر ڕێکخراوەیەک دەبێت خاوەن بەرنامەو‌پێڕەو و پرۆگرامێک کە بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخراوەی لەسەر دادەمەزرێنێت.

 – کۆنگرەی بۆ ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەی گرتبێ و لەوێدا لیژنەی بەڕێوەبەری هەڵبژاردبێت.

 – ئورگانیزاسیۆنی ڕێکخراوەیی هەبێت.

 –  ناوەندی راگەیاندنی هەبێت ( گۆڤار ، سایت، رادیۆ، تی‌ڤی، …)

بنەمای کاری ڕێکخراوەیی:

بوونی ئۆرگانیزاسیون، لیژنەی بەڕێوەبەری، گەڵاڵەی کاری، یاسای بەڕێوەبردن، ئاییننامەی کاری، رێکخستن و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری ڕێکخراو.

چەند چەمکێکی گشتی لە کاری ڕێکخراوەیی دا هەیە وەک ناسینی ئەرک و ماف کە بنەمایەکی گشتی و ئەساسی هەر ڕێکخراوەیەکە و لە بەرامبەری دا تەشویقی و سزا هەیە کە بە کردەیی نەکردنیان و پێڕەوی لی نەکردنیان لە کاری ڕێکخراوەیی دا، ئەو ڕێکخراوەیە بەرەو ئاڕاستەیەکی دیکە و لە ئامانجەکانی دوور دەخاتەوە.

ماف و ئەرک لە کاری ڕێکخراوەیی دا پێوەندییەکی ڕاستەوخۆیان پێکه‌وه‌ هەیە و تەواوکەری یەکدین، بەو واتاییە هەر ئەندامێک لە پێکهاتەی ریکخراوێکدا که‌ بەشدار دەىێ بە وەرگرتنی ئەرکێک، مافی ئەو ئەندامەشە کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکەیدا بە ئامانجەکانی بگات.

له‌ هەر ڕێکخراوێکدا پێویستە ئورگانیزاسیون و بەشێکی مودیریەتی هەبێت کە لێرەدا هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی گشتی هێندێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسێکی مودیر و کادرێکی نموونه‌ و  شێوە و قەوارەی ئورگانیزاسیۆنی ڕێکخراوەیەک بە شێوەی خاڵبەندی بخەینە بەر باس.

 به‌شێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بەڕێوەبەری ڕێکخراوه‌یه‌ک:

داهێنەر، بەتوانا، رێكخەر، خاوەن ڕا، داڕێژەر، عەمەڵ گەرا، توانای لێكدانەوەی هەبێت، مودیریه‌تی هه‌بێ، و … هتد.

دوو خاڵ کە پێویستە شرۆڤەیەکی کوورتی بۆ بکرێت:

 یەکەم: کەسێکی خاوەن ڕا بێ، مەبەست ئەوەیە کە رۆڵی ئیدۆئۆلۆژی ئەو ڕێکخراوەیە دابڕێژێت کە رێگای گەیشتن بە ئامانج دیاری دەکا، مێتۆدی خەبات و تێکۆشان دادەنێت، وێنەیەکی روون و سادە لە باروودۆخی مەوجود پێشانی جەماوەر دەدات و زەمینەی کۆکردنەوەی کۆمەل بۆ ئاڵوگۆڕ و مانایەکی هاوبەش و گشتگیر لە خواستەکان ساز دەکات.

دووهەم: کەسێکی مودیر، ده‌بێ لە داڕشتنی بەرنامە یا گەڵاڵەیەک یا لە داڕشتنی هەر پیلانێکی کاری، خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ببینێتەوە هاوکات رێگای چارەسەری بۆ دابنێ و مودیریەتی بەرەو‌پێش‌بردنی ئەو گەڵاڵە کارییانە بکات. هه‌روه‌ها له‌ ئه‌گه‌ری به‌ره‌وپیش نه‌چوونی کاره‌کان به‌ پێی سه‌ڵاحیه‌ته‌ کارییه‌کان لێپرسینه‌وه‌ بکات.

چەند خاڵێک لە ئەرکی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەیەک:

– هەوڵدان بۆ بەرەوپێش بردن و چالاک کردنەوەی ڕێکخراو و کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری ئەو ڕێکخراوەیە.

– گرتنی کۆبوونەوە و هاوڕایی کردن لە گەڵ یەکتر و دەوروبەر و بەگشتی ئەندامانی ڕێکخراوه‌که‌ی.

– بردنەسەری ئاستی ئاگایی و زانیاری و تواناکانی خۆی و ئەندامانی ڕێکخراوەکەی.

– خۆ بە ئەرکدار زانین لە هەمبەر بەجێهێنانی ئەرک و مافی تاکی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە.

– دانانی بەرنامە و گەڵاڵەی کاری، و لێپرسینەوە و بەدواداچوون لە ڕاستای بەرەو پێش بردن .

– ئەرک و بەرپرسایەتی وەرگرتن لە بەشێک لە کاری ئۆرگانی ڕێکخراودا.

– پێشکەش‌کردنی مکانیزمی گونجاو لە ڕاستای بەرەو‌پێش‌بردنی کار لە بەشەکەی و ڕێکخراوەیی بە گشتی.

– بەرپرسیاریەتی به‌رامبه‌ر هەموو خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ڕێکخراوەکەی.

– و …هتد.

به‌شێک له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کادری ڕێکخراوه‌یی:

پێناسه‌: کادر، که‌سێکی‌ خاوه‌ن ئه‌زموون و لێهاتوویه‌کی تایبه‌ت که‌ توانای راڤه‌ و ئاڕاسته‌کردنی بابه‌ته‌کانی هه‌یه‌ و هه‌نگاو بۆ ئامانجێکی دیاری کراو ده‌نێت.

کادر، پۆست نیه‌ به‌ڵکوو تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌ بۆ ئاستێکی جیاواز و به‌رز له‌ تاکه‌کانی دیکه‌ له‌ کاری ڕێکخراوه‌ییدا.

جۆره‌کانی کادر:

نائاماده‌ – نێگه‌تیڤ – شکست خواردوو – هه‌وڵده‌ر – سه‌رکه‌وتوو – کادری نموونه‌یی.

پێناسه‌ی کادری نموونه‌یی :

 که‌سێکه‌ له‌سه‌ر ئاسته‌کانی “ڕێکخراو و گه‌مه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵگا”، رۆڵ ده‌گێڕێت و له‌سه‌ر ئاستی “که‌سایه‌تی و فێکری و ده‌ربڕین” خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندییه‌. هه‌روه‌ها له‌ بیرکردنه‌وه‌ و تێکۆشانی دا تواناکانی “وردبینی و دووربینی و نوێ‌گه‌رایی له‌ بیرکردنه‌وه‌دا و جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌کانی” هه‌بێ و بتوانێ له‌ تێکهه‌ڵکێش کردنی باس و بابه‌ته‌کان به‌ سازگارکردنی له‌گه‌ڵ شه‌رایه‌ت و هه‌لوومه‌رج و ده‌ورووبه‌ریدا زیاتر له‌ یه‌ک لایه‌نی بابه‌ته‌که‌ ببینێت.

هه‌نگاوه‌کانی بوون به‌ کادرێکی نموونه‌:

  • تێگه‌یشتن و باوڕهێنان به‌ پێڕه‌و پڕۆگرامی ڕێکخراو و هه‌نگاونان له‌و ڕاستایه‌دا.
  • تێگه‌یشتن له‌ ئه‌رک و ماف له‌ ڕێکخراودا و هه‌نگاونان بۆ به‌جێگه‌یاندنیان.
  • بردنه‌ سه‌ری ئاستی ئاگایی و تواناکانی خۆی و ده‌ورووبه‌ری.
  • هه‌وڵدان بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ڕێکخراو له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی مۆدێڕن.
  • به‌رزبوونه‌وه‌ له‌ ئاستی ئه‌ندامه‌تی بۆ کادربوون.

به‌هره‌کانی کادری نموونه‌یی:

 خۆناسی – شرۆڤه‌کاری – کارگێڕی – پێوه‌ندیی – کۆمه‌ڵناسی – سه‌رکرده‌یی – به‌رامبه‌ر ناسی – چاره‌سازی .

چه‌ند خاڵێک له‌ رۆڵی کادرێکی نموونه‌ له‌ ڕێکخراوه‌یه‌کدا:

  • بوون به‌ نموونه‌ بۆ په‌یامی ڕێکخراوه‌که‌ت.
  • پابه‌ندبوون به‌ ئه‌رک و ماف له‌ ڕێکخراودا به‌ پێی پێڕه‌وی نێوخۆ.
  • بوون به‌ پردێک له‌ نێوان تاک و ڕێکخراودا.
  • ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ڕێکخراو به‌ پڕۆژه‌ و بیر و ئه‌ندیشه‌ی نوێ و پێشکه‌وتن خوازانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام.
  • هه‌ڵگرتنی خه‌م و کێشه‌ و گرفت و داواکارییه‌کانی تاکه‌کان و کردنی به‌ پڕۆژه‌ له‌ نێو ڕێکخراودا . (ئالترناتیڤ)
  • به‌رپرسیاربوون به‌رامبه‌ر به‌ ڕێکخراو و کۆمه‌ڵگا.
  • ده‌ستپێشخه‌ری له‌ پێگه‌ی مێحوه‌ری و هه‌وڵدان بۆ سه‌رکردایه‌تی کردنی پرس و پڕۆژه‌کان له‌ ڕاستای به‌ره‌وپێشبردنی دا.
  • بوون به‌ سه‌رکرده‌یه‌کی مه‌یدانی و عه‌مه‌ڵگه‌را.
  • ئاماده‌بوونی خۆبه‌خشانه‌ و به‌رده‌وام له‌ رووداو و پێش‌هاته‌کاندا.
  • خاوه‌ن هه‌ڵویست و شرۆڤه‌کاری و هه‌نگاونان بۆ به‌ره‌وپێشبردن به‌ ئاڕاسته‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ.
  • و     …  هتد.

تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی کادرێکی نموونه‌یی:

–  ره‌وشت به‌رزی – پێشه‌نگ بوون – پابه‌ندبوون – نهێنی‌پارێزی – لێبوورده‌یی – گه‌شبینی – رێکپۆشی – روو‌خۆشی – گوێگربوون – هونه‌رمه‌ند له‌ پێوه‌ندی‌گرتن – گرینگیدان به‌ ده‌ورووبه‌ر – توانای جێبه‌جێکاری – دادپه‌روه‌ر – بڕیارده‌ر – به‌رپرسیار .

– په‌یامه‌کانی رۆشن و ده‌قیق و شه‌فاف بێ.

– ده‌زانێ چی ده‌ڵێ و بۆ کێی ده‌ڵێ و چۆن ده‌یڵێ و که‌ی ده‌یڵێ و بۆ کێی ده‌ڵێت.

  • دانی پڕۆژه‌ و پیاده‌کردنی.
  • ئاست‌به‌رزی له‌ جێبه‌جێکاری‌دا.

چەند بەشێکی بنەڕەتی  لە ئۆرگانیزاسیۆنی هەر ڕێکخراوەیەک:

 

(رێکخستن، پەروەردە، پێوەندی، ماڵی، راگەیاندن)

  لێرە دا هەوڵ دەدەین بە گشتی پێناسەیەکی هەرکام لەو بەشانە بدەین بە دەستەوە:

رێكخستن: بناغەی کاری هەر ڕێکخراوەیەکە و پێوەستە زۆر بە جیدی گرینگی بە کاری ئەو بەشە بدرێت و مکانیزمی بەڕێوە بردنی بە پێی هەلومەرج و مەوقعیەتی کاری و بەردەوام پێداچوونەوەی بەسەر دا بکرێت و هەنگاوی جیدی بۆ بەرەو پێش بردن و رێکخستنی بە هێز بدرێت.

پەروەردە: لە هەر ڕێکخراوەیەکدا پێویستە گرینگی زۆر جیدی بە کاری ئەم بەشەش بدرێت و هەوڵ بدرێ کاری ڕێکخراوەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانیان بۆ بەرەو پێش بردنی ئاستی توانا و تێگەیشتن و زانیاری ڕێکخراوەیی و تاکی ئەندام لەو ڕێکخراوەیەدا، پلان و بەرنامەی گونجاوی بۆ دابڕێژرێت.

دەبێ بەردەوام بەرنامەی پەروەردەیی لە چوارچێوەی بەرنامە و ئامانجەکانی دا بۆ تاکەکانی ئەندام لەو ڕێکخراوەیە و تەنانەت دەرەوەی خۆیشی بە مەبەستی زیاتر کۆکردنەوەی ئەندام لە دەوری ڕێکخراوەکەی رێک بخا و بەڕێوەی ببات.

راگەیاندن: لە دونیای ئەمڕۆ دا راگەیاندن رۆڵێکی گرینگی هەیە و تێکنۆلۆژی وای کردووە کە ئەگەر هەر بونیاد و ڕێکخراوەیەک نەتوانێ بە شێوەی پلان بۆ داڕێژراو کەڵکی لێ وەربگرێت، ناتوانێ لەگەل جیهانی سەردەم بچێتە پێش. بەشی راگەیاندنی هەر ڕێکخراوەیەک، ئەرکدارە هەموو ئەو لایەن و بابەتانەی کە پێوەندیدارە بە کاری ڕێکخراوەیی ئەوانەوە، بەرنامە و گەڵاڵەی کاری بۆی هەبیت و لە بەشە راگەیاندنەکانی دا ئینعکاسی بداتەوە.

بۆ نمونە لە راگەیاندنی ڕێکخراوەیەکی تایبەت بە توێژی لاو، جیا له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی سیاسه‌ت و بیروبۆچوونی ڕێکخراوه‌که‌، پێویستە زیاتر گرینگی بە ئەو دۆز و باس و بابەتانەی کە پێوەندیدارن بە تایبەتی توێژی لاو و بەگشتی ئەو ناوچەیەی کە تێیدا دەژین و نەتەوەکەیان و ئەو ئاڵوگۆڕ و روداوانەی کە لەو ناوچەیەدا بە نیسبەت توێژی لاو روو دەدەن و هەر وەها ئەو باس و بابەت‌گەلەی کە پێویستە لاوێک لەگەڵی ئاشنا بێ و ئاستی تواناکان و تێگەیشتنی لە ئەو بابەتەی کە پێوەندیدارە بەوەوە و لە هەمانحاڵدا هەوڵدان بۆ پەروەردەکردنی توێژی لاو لە ڕاستای بەرەو‌پێش‌بردن و ئاشنا کردنیان لە گەڵ پێشکەوتنەکانی جیهانی نوێ و سەردەم، کە دەبێ بەشە راگەیاندنەکان کاری بۆ بکەن.

بەشی ماڵی: هەر ڕێکخراوەیەک پێویستی بە بونیادگەلێکی ماڵی بۆ بەرەو پێش بردنی کارەکانی هەیە، سەرچاوەی داهاتی هەر ڕێکخراوەیەک بۆ دیاری کردن و بەڕێوەبردنی لایەنی دارایی ئەو ڕێکخراوەیە، بەشی ماڵی کار لە بەشی داهات و دەرکەوتی ئەو ڕێکخراوەیە دەکات و ئەرکیەتی تێچوونەکانی ڕێکخراوەکەی دابین بکات. پێویستی پشتیوانی مادی بە پاڕاستنی سەربەخۆیی ماڵی بۆ ڕێکخراوەکەی بە دەست بێنێت، دەبێ پلانی کورت خایەن و درێژ خایەنی بۆ بەهێز کردنی لایەنی دارایی ڕێکخراوەکەی دابڕێژیت و ژمارە حیسابی بانکی و فۆرمی داهات و دەرکەوتی ڕێکخراوەیی رێک بخات.

ده‌توانین بڵێن سه‌ربه‌خۆیی بڕیاردانی هه‌ر ڕێکخراوه‌یه‌ک پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری ئه‌و ڕێکخراوه‌وه‌ هه‌یه‌.

پێوەندی: دانانی بەرنامەو پلانی گونجاو بۆ درووستکردنی پێوەندی لەگەڵ دەوروبەر و دەرەوەی خۆی دابنێت و لە گەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە لە ڕاستای بەرەو پێشبردنی و بە هێز کردن و بەدەستهێنانی پشتیوانی مادی و مەعنەوی بۆ ڕێکخراوەکەی، هەوڵ بدات و هاوکات ڕێکخراوەکەی بە دەرەوەی خۆی بناسێنێت و بەرنامە کارییەکان و ئامانجەکانی ڕێکخراوەکەی شی بکاتەوە.

پێویسته‌ بنه‌مای رێکخستنی پێوه‌ندییه‌کانیان له‌سه‌ر ئه‌ساسی لێک‌تێگه‌یشتن و رێزدانان بۆ یه‌کتر و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش، دابمه‌زرێت.

 

چەند خاڵێک پێویستە ڕچاو بکرێ لە نووسینی گەڵاڵە یان پێشنیار:

مەبەست لەو گەڵاڵەیە چییە، بۆ چ شوێنێکە، بابەتی گەڵاڵەکە، شی کردنەوەی گەڵاڵە [ شێوازی بەڕێوە چوونی]، لە چ ماوەک و چ کاتێکدا، ئیمکانات و پێداویستیەکانی، بودجەی پێویستی، بۆ چ شوێنیک ئەو گەڵاڵە رێک دەخرێت و بەڕێوە دەچێ.

خاڵی هاوبەشی هەموو گەلالەکان کە دەبێ تێیاندا گونجێندرابێ، ئەمانەن:

بۆ کوێ دەنوسرێ [ شوێنی مەبەست ]، کات و ماوە، رێکەوتی نووسین، واژۆ و ناوی نووسەری  گەلالە [ یا شوین ]، شی کردنەوەی هەر  پرۆژە و دیار بوونی بابەتەکە.

خاڵێکی گرینگ لە ئەرک و بەرپرسیارەتی کاری ڕێکخراوەیی:

 هەر ڕێکخراوەیەک دەبێ بە شێوەیەک ئەندامەکانی بار بێنێت کە خۆیان لە بەرامبەر ڕێکخراوەکەیاندا بە ئەرکدار بزانن و بەوپەڕی هەست بە بەرپرسایەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و ڕێکخراوەکەی بە تایبەتی، هەنگاو هەڵبگرێت.

په‌یڤی کۆتایی:

 پێویستە ئاماژە بەوە بدەین کە ویستی خەڵک و نوێنەرایەتی کردنیان، رۆڵێکی گرینگ لە ڕاستای بەرەو پێش چووندا دەگێڕێت. و ڕێکخراوەکان دەتوانن خاوەن رۆڵیکی بەرچاو لە پێکهێنانی بەڕێوەبەرییەکی چاک و بە توانا لە ناو خەڵک و کۆمەڵگادا بن و وڵامده‌ری ویست و داخوازییەکانی  کۆمەڵگا بن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت