خوێندنەوەیەکی کورت لە رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن(ر.خ)

0
944
      ئاگری ئیسماعیل نه‌ژاد
ئاگری ئیسماعیل نه‌ژاد

لەو ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتی لە ساڵی ١٣٩٤دا کۆماری ئیسلامی ویستوویه‌تی و دەیەوێت کە سەردانی زیارەتکارانی مەرقەدی ئیمام حوسێن وەک هێمایەک لە دەسەڵاتی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی خۆی لە نێو باوەرمەندانی شێعەدا نیشان بدات.

پاش بەهاری عەرەبی و لە قۆناغی شەری نێوخۆیی سووریه‌، کۆماری ئیسلامی ده‌سته‌ واژه‌ی “پارێزەرانی مەرقەدە پیرۆزەکانی” هێنا نێو سیاسەتی دەرەکی خۆیەوە و ئەو بەو ده‌سته‌ واژه‌یه‌  ویستی هەستی ئایینیی خەڵکی باوەڕمەندی شێعە بجووڵێنێ و هەتا لەو ڕێگایەوە هێزی مرۆڤی شەرە بەوەکالەتەکانی نێو وڵاتانی ئیسلامی دابین بکات، وەک دەبینین دامەزراندنی “سوپای فاتمیە” و “سوپای زێنه‌بیە” دەستکەوتی  ورووژاندنی هەستی ئایینی شێعەکانی ئەفغانستان و پاکستانە. کە وایە بەکارهێنانی ئایینی شێعە لە شەڕه‌ بەوەکالەتەکانی ناوچەکە یەکێ لە بنەماکانی هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامییە.

هەر لە درێژەی ئەو سیاسەتەدا لە کاتی رێورەسمی شەهیدبوون و چلەی ئیمام حوسێن دا ، کۆماری ئیسلامی لە رێگای ڕاگەیاندنەکانییەوە دەیەوێت؛ وا نیشان بدات کە ئەو براگەورە و پێکهێنەری ئەو رێورەسمەیە، و ئەو هەروەها بەشداربووانی ئەو رێورەسمە بە هێزی پەنگخواردووی خۆی لە گەمە سیاسییە ناوچەییەکان دادەنێت.

لە پێش هەموو شتێكدا دەبێ بڵێین کۆماری ئیسلامی بەو هەنگاوەی رێورەسمێکی ئایینی بۆ ئامانجێکی سیاسی دەکار دەکات، و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە باوەرمەندانی ئایینی لە خودی رژیم و کردەوەکانی دردۆنگ بن.

بەڵام سەرەڕایی ئەوەش دەتوانین بڵێین:

یەکەم: رێورەسمی ئایینی پەیوەندی بە ویستی سیاسییەوە نییە، وەک چۆن بەشداری موسڵمانان لە رێورەسمی حەج نیشاندەری پێگەی سعودی نییە، بەشداری باوەرمەندانی شێعەش لە رێورەسمی شەهیدبوون یان چلەی ئیمام حوسێندا، بە مانایی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئیدلۆژی کۆماری ئیسلامی نییە، ئەو خەڵکە پێش کۆماری ئیسلامیش لەو رێورەسمەدا به‌شداربوون و دوایی ئەوەیش دەبن.

دوو: لەگەڵ ئەوەی کۆماری ئیسلامی بەشدار بوونی ئەو رێورەسمە بە پێگەی کۆمەلایەتی سیاسەتەکانی خۆی دەزانێ بەڵام هەموو ساڵێک بەشداری خەڵک و چۆنێتی راژەی زیارەتکاران  و بە هۆی ناکارامەی بەرێوبەرایەتی لە ئێراندا دەبێتە هۆی ئەوەی زیارەتکاران یان نەتوانن زیارەتەکەیان تەواو کەن یان ئەوەی تووشی زەرەد و تەنگ و چەڵەمە بێن، وەک ئەو ساڵ دەبینین کە لە سنووری مێهران پۆلیسی ئێران بە هۆی ناکارامەی لە بەرێوەبردنی ئەرکەکانی و رێژەی زۆری خەڵک هێرش دەکاتە سەر زیارەتکاران، کە وایە کۆماری ئیسلامی ئامانجی سیاسی پێش نییەتی ئایینی داوە.

سێ: کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو رێورەسمەدا بەردەوام لە هەوڵدایە چ لە نێوزیارەتکاران و چ لە رێگای راگەیاندن ئەو رێورەسمە لە چوارچێوەی ئایینی بێنیتە دەرێ و بیخاتە چوارچێوەی سیاسەتی ناوچەی و تەنانەت رێورەسمی چلەی ئیمام حوسێن  وەک دەرفەتێک بۆ وەدەستخستنی بەرکرێگیراوی زیاتر بۆ شەرە نیابەتییەکانی ناوچەکە سەیری دەکات، دیارە ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە باوەرمەندانی ئایینی لە کردەوە ئایینییەکانی کۆماری ئیسلامی دردۆنگ بن و بە چاوی گومانەوە تێبڕوانن.

لە کۆتاییدا چلەی ئیمام حوسێن رێورەسمێکی ئایینییەوە و هیچ پەیوەندی بە پێگەی کۆمەڵایەتی_سیاسی کۆماری ئیسلامییەوە نییە و تەنیا کۆماری ئیسلامی لە رێگای ڕاگەیاندنەکانی خۆیەوە دەیەوێت،  ئەو رێورەسمە لە چوارچێوەی ئاینییەکەی دربێنێت و چوارچێوەیەکی درۆینی سیاسی بۆ ساز بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت