حیزبی دێمۆکرات پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات کرد

0
1007

رۆژی کورد: حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمێکدا لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات،  رێوڕەسمی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی هەتاوێ بەڕێوە برد وسکرتێری ئەو حیزبە پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و لاوانی کورد کرد.

مستەفا هێجری لە رێوڕەسمی سەری ساڵی هەتاویدا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان کوردستانی باشوور و رۆژهەڵات، بە شێوەی ئاشکرا باس لە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارانەی کرد و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە لاوانی کورد کرد بۆ خەباتی چەکدارانە پەیوەست بە ریزەکانی ئەو حیزبەوە بن.

سکرتێری حدکا لە پەیامیکی نەورۆزیی حیزبەکەی رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی ڕژیمی تاران بە پرۆپاگەندای بەربڵاو و ڕێکخراو لە لایەن هەندێ لە مۆرە ئاشکرا و نەهێنییەکانی  ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر لێشێواندنی خەڵک و وێناکردنی ڕواڵەتێکی ڕزگاریدەرانە لە تاوانبارترین کەسایەتییەکانی ئەو سیستمە دواکەوتویوە وەک ڕەفسەنجانی، جارێکی دیکە  پێمان دەڵێ کە هیوا بەستن بە دابین بوونی سەرەتاییترین مافەکانی ئازادی لە ژێر دەسەڵاتی ئەو ڕژیمەدا بێجگە لە دەرفەتی زیاتر دان بە مۆرە ورد و درشتەکانی ڕژیم بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتداری سەرەڕۆیانە و جینایەتکارانەیان زیاتر، هیچی دیکەی لێ شین نابێتەوە.

هیجری ئاماژەی بەوەش کرد، تاقیکارییەکانی نزیک بە ٤٠ ساڵی ڕابردوو، هەموو بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن کە بە بوونی ئەو ڕژیمە، ئاوات و خەونەکانی خەڵکی ئێران، بەتایبەت نەتەوەی کورد، نایەتە دی، مەگەر ئەو کاتەی کە خەڵک یەکگرتوو بێ و یەکگرتووییەکەی بکا بە هێزێکی شوێندانەر بۆ سەندنی مافەکان.

هەروەها گوتیشی پەیامی ئێمە لە جەژنی نەورۆزدا ئەوەیە کە دەنگ و توانامان لە شاخ و شاردا ڕێک بخەین، بۆ پێکهێنانی هێزێکی پتەوی چارەنووس ساز کە ژیانێکی نوێمان بۆ بنووسێتەوە، ژیانێکی دوور لە مل کەچی و بێ مافی. حیزبی دێموکرات ئەو تواناییە لە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا دەبینێ و لە زۆرێک لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردوودا شاهیدی نیشان دانی ئەو تواناییانە بووە، بۆیە پێمان وایە کە هەموومان پێکەوە دەتوانین نەورۆزی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی بکەینە ساڵێکی جیاواز لە سالانی ڕابردوو بە پەیام و پەیمانێکی هیوابەخش بۆ ژیانەوەی سەربەرزانە.

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، لاوانی بە هەست و سەرکووتکراوی خۆرهەڵات، ئێمە لەو جەژنی نەورۆزەدا ئەو پەیامەتان ئاراستە دەکەین و لەبەر داین لەو ساڵدا دەرفەتتان بۆ بڕەخسێنین کە لە ساڵی نوێدا پەیوەست بن بە ڕیزەکانی پێشمەرگەکانی دێموکرات، بۆ دەست پێکردنەوەی ژیانی سەربەرزانە و بەجێهێشتنی هەرچی سەرشۆڕی و دواکەوتووییە.

هیجری هەروەها پەیامی ئاراستەی ژنان و کچانی کورد کرد و گوتی: ژنان و کچانی مافخوازی وڵاتەکەمان، وەک هەمیشە لە قوتابخانە، لە شوێنی کار و لە هەر جێگایەک کە هەن، دەتوانن بە کۆڕ و کۆمەڵی ئاشکرا و نەهێنی، ڕیزەکانیان ڕێک بخەن و بە کۆمەڵ بە گژ بەکرێگیراوانی ڕژیمدا بچنەوە و هاواری مافخوازیی خۆیان بە گوێی دونیا بگەیێنن.

کەسی یەکەمی حدکا لە درێژەی پەیامە نەورۆزییەکەیدا ڕوو لەخەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات دواو و گوتی: ڕووناکبیران، بازاڕیان، کرێکاران و بە گشتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، پێویستە یەکگرتووانە لە دژی زەوت کردنی مافەکانیان وەدەنگ بێن و تەواوکەری خەباتی ئازادیخوازی یەکتر و خەباتی شاخ بن. دڵنیاتان دەکەینەوە، توندوتیژی ڕژیم دژ بە ئازادیخوازن، نەک نیشانەی هیز و توانا بەڵکوو نیشانەی ئەوپەڕی ترسەنۆکی و نیگەرانیان لە خەڵکە بۆیە خەباتی یەکگرتووانەی ئێوە هێندەی دیکە ورەی ڕژیم دادەبەزێنێ و داماوی دەکا.

بۆ ڕزگاری بێجگە لەوە، ڕێگایەکی دیکەمان نییەو ئەزموونی خەباتی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەر ئەو ڕێگایەمان پیشان دەدەن.

حیزبی دێمۆکرات لەکۆتاییەکانی وەرزی بەهاری ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا وەک خۆیان باسی دەکەن، بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی “خەباتی چەکداری”، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر کردووەو بە گوتەی بەرپرسانی ئەو حیزبە فێرگەی راهێنانی پێشمەرگەکانیشیان بۆ ئەو ناوچەیە گواستۆتەوە.

لە ماوەی ٢٢ ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات  کە لە کوردستانی باشوور جێگیر بوونە، بە نهێنی پێشمەرگەکانیان رەوانەی “ناوخۆ” کردۆتەوە، بەڵام ئەمە بۆ یەکەمجارە کە مستەفا هێجری بە شێوەی ئاشکرا باس لە دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکدارانە دەکا و بۆ ەو مەبەتەش داوا لە لاوانی کورد دەکات بۆ خەباتی چەکدارانە پەیوەست بە ریزەکانی حزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراەوە بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.