حدکا: لەسەر درێژەدانی خەبات پێداگرین/ سبەی کوردستان مان دەگرێ

0
1126

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی باشوور، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەمەڕ درێژەپیدانی خەباتی چەکداری و مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕ لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهات.

تەیموور مستەفایی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدکا لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیەدا گوتی: ” لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ تا ١٣٧٥ی هەتاوی و بە هۆی هێرشی ڕژیمی تاران و فتوای خومەینی بە دژی خەڵکی کوردستان ٢٣ هەزار پاسداری چەکداری ڕژیم تەنیا لە شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی حدکادا کوژراون”.

مستەفایی هەروەها گوتیشی: “لە هەمبەردا لە ١٧ هەزار و ٥٠٠ عەمەلیاتی پێشمەرگانەدا، ٥ هەزار پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون”.

مستەفایی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەیامی نەورۆزیی ئەمساڵی حدکا دا و گوتی: “لە نەورۆزی ئەمساڵدا پەیامی شاخ “سەنگەر”مان بۆ شارەکان نارد و پەیامەکەشمان گەیشت، ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە خەڵکی کوردستان بە مان گرتنی گشتی لە ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڕۆژی تیرۆری دوکتور قاسمڵوو، وڵامی ئەو بانگەوازییەی حدکا بدەنەوە”.

ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدکا لە درێژەدا ئاوڕی لەسەر مانگرتنی ٢٢ی پووشپەڕ داوە و گوتی: “ڕژیمی تاران لە هەموو ڕێگایەکەوە گوشاری خستۆتە سەر تا ئەم مانگرتنە بەڕێوە نەچێ بەڵام سبەی خەڵکی کوردستان بە باشترین شێوە ئەم مانگرتنە بەڕێوە دەبا و خەباتی شار و شاخ لێکتری گرێ دەدرێ”.

مستەفایی کە بەرپرسی تەشکیلاتی نەهێنیی حدکایە ئاماژەیە بە میلیتاریزە کرانی کوردستان دا و گوتی: “لە ئێستادا ڕژیمی تاران ٢٠٠ هەزار  چەکدار و هێزی نیزامی لە کوردستان جێگیر کردووە و تا ئێستا ٤٠ کەسی سڤیلی دەستبەسەر کردووە بەڵام ئێمە لەسەر درێژەدانی خەبات پێداگرین”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت