جیهان بەرەو قەیرانی پۆپۆلیسم و ڕێبەریی پۆپۆلیستانە و بەهێزبوونی تیرۆریسم

0
1066
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

ڕاپۆرتە جیهانییەکان و شرۆڤە سیاسییەکان و ڕەوتی ڕووداوەکان، ئاماژە بە بەرەو پۆپۆلیسم هەڵکشانی جیهان دەدەن، قەیرانێک کە ئەگەر بێت و لە چەند وڵاتی تری وەک فەڕانسەش دەنگ بێنێتەوە، ئەوا ڕەوتی سوسیال دێموکراسی و دێموکراسی لە جیهاندا توشی قەیران دەکات. هەڵکشانی پۆپۆلیسم بەڕادەیەک بەرچاوە  کە هەم بانکی جیهانی و هەم ڕێکخراوی ناونەتەوەیی “ئاشکراکردنی گەندەڵی” لەمبارەوە بە توندی هۆشدارییان داوە و شێوەی پرۆپاگەندای هەڵبژاردنەکان و دەنگدانە بەراییەکانیش وادەردەخات کە جیهان و بەتایبەتی جیهانی ئازاد، بەرەو پۆپۆلیسمێکی مەترسیدار پەلوپۆ دەهاوێژێ.

واتای پۆپۆلیسم یەکێک لەو واتایانەیە کە ئێستا لەگەڵ پێناسە سەرەتاییەکەی کە هێربێرت شیلێر یان ناردونیکەکان مەبەستیان بوو، گۆڕانکاری لە شێوەی کردەییدا بەسەردا هاتووە. ئەوان لایان وابوو خەڵک هەموو شت دەزانێ و پێوەری هەموو شتە و دەوڵەتەکان دەبێ لە سیاسەتەکانی خۆیاندا گوێ لە ویستی خەڵک و داواکارییەکانیان بگرن و بە کوردی، حیساب بۆ ڕای گشتی و خەڵکانی ئاسایی بکەن نەک تەنیا چینی بژاردە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارا دایە، کەڵکاژۆ وەرگرتنی سیاسییەکانە لە هەندێ داوای چینی خوارووی کۆمەڵگا و زەق کردنەوەیان بۆ هێنانەوەی دەنگ و گەیشتن بە دەسەڵات. بۆ نموونە دانڵد ترامپ یەکێک لەو کەسانەیە کە هەرچەند لە بەشێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکان لەدوای کلینتۆن بوو بەڵام بە هێنانە ئارای هەندێ دروشمی وەک گەڕانەوەی سەروەریی ئەمریکا، پێشگرتن بە پەنابەرە مسوڵمانەکان، دابین کردنی هەلی کار و داکۆکی کردن لە مافی چینی کرێکار و مەعدەنچیەکان، توانی ببێتە سەرۆک کۆماری ئەمریکا.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پۆپۆلیسمی ئێستاکە، کەڵکاژۆوەرگرتنە لە هەستی نەتەوەیی خەڵک، بە شێوەیەک کە لە زۆربەی وڵاتاندا ئێستا خەریکە بناغە و چەکەرەی نەتەوەخوازیی توندئاژۆیانە کە بەتایبەت دژ بە پەنابەر و بەتایبەتیتر دژ بە پەنابەری ئیسلامی و مسوڵمانە بەرەو زێدە بوون و چوونە. ئەمڕۆ ترامپ بڕیارێکی واژۆ کرد کە خەڵکانی ٣٨ وڵات و لەناویاندا ئێران، بۆ چون بۆ ئەمریکا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە و لە نێوان میکزیکۆش دیوار دەکێشرێ کە ئامانجەکەشی پێشگرتنە بە کۆچبەران بۆ ئەمریکا.

ئەوەی کە بۆ جیهان بەرەو ئە وئاراستەیە دەڕوا و بۆچی وردەوردە حیزبە توندئاژۆ پۆپۆلیستەکان دەتوانن و توانیویانە بە کەڵکاژۆوەرگرتن لە دروشمی پۆپۆلیستیانە، زۆرینەی دەنگ بۆخۆیان مسۆگەر بکەن دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەند هۆکار:

یەک: هەبوونی کێشەی ئابووری و کار لەو وڵاتانە کە لە ئێستادا وەک هانس تەیمر دەڵێ، زۆرینەی گرێبەستە کارییەکان، نیوەکات و کاتین و دامەزراندنەکان و کاری تەواکات و هاوڕێ لەگەڵ بیمە، بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بۆتەوە.

دوو: زێدەبوونی ڕەوتی پەنابەر بەتایبەت دوای شەڕی سووریە

سێ: زێدەبوونی ئیسلامگەرایی و توندئاژۆ ئیسلامییەکان کە بۆتە هۆکاری دڵەڕاوکێ لە ناو خەڵکی ئەو وڵاتانەدا کە دۆخی تەناهیی ئەو وڵاتانەی خستۆتە مەترسییەکی بەرینەوە وەک لە ئاڵمان بۆ نموونە بیندرا یان لە فەڕانسە.

ئانگێلا مێرکل یەکێک لە سەرۆک وەزیرانەیە کە بە خەستی هەستی بەو کێشەیە کردووە و بەردەوام لە وتووێژەکانیدا ئاماژە بە زێدەبوون و هەڵکشانی پۆپۆلیسم دەدات و دەڵێ بە پۆپۆلیسم بە هیچ کوێ ناگەین. مێرکل بەردەوام باس لە زێدەبوونی پۆپۆلیسم لە بریتانیا و ئەمریکا دەکا، هێمایەک کە یەکیەتیی ئوروپاش بەرەو لە ناوچون دەبا، چۆن زۆربەی خەڵکانی ئەو وڵاتانە و حیزبە پۆپۆلیستییەکانیش خوازیاری چونە دەر لە یەکیەتیی ئوروپا و پێوەرنەبوونی یۆرۆ وەک دراوی هاوبەش و سەربەخۆبوونی وڵاتەکەیانن لە ڕووی بڕیار دان و یاسادانان.

ڕاپۆرتی ساڵانەی “ڕێکخراوی ناونەتەوەیی ئاشکراکردنی گەندەڵی” بۆ ساڵی ٢٠١٦، لە بەشێکی سەرەکیی خۆیدا ئاماژە بە گەشەسەندنی پۆپۆلیسم لە جیهاندا دەکات. خۆزێ ئۆگاز، سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێ: “لەو وڵاتانەدا کە ڕێبەری پۆپۆلیست و سەرەڕۆیان هەیە، ئێمە دەبینین کە دیموکراسی داڕماوە و ڕەوتێکی ناشیرین لە سەرکوتی کۆمەڵگای مەدەنی، ئاستەنگ ساز کردن بۆ ڕاگەیێنەکان و لاوازبوونی سەربەخۆیی سیستەمی دادوەری، لە ئارا دایە”.

لەو ڕاپۆرتەدا، ترامپ وەک کەسێکی پۆپۆلیست ناسێنراوە کە نەتەنیا هیچ گەندەڵییەکی ئابووری لە ناو نەبردووە بەڵکو دەبینرێ زاواکەی وەک ڕاوێژکاری باڵای خۆی هەڵبژاردووە و ئەندامانی کابینەکەشی هەر کەسە و ڕوانگەیەکی جیاوازی هەیە و کەسانێک نین کە بتوانن یان بیانهەوێ گەندەڵی ڕیشەکێش بکەن کە ئەوە خۆی نموونەیەکە لە گەندەڵی.

یەکێک لە دیاردەکانی پەلهاویشتنی پۆپۆلیسم، دەنگدانی فەڕانسە و هەڵبژاردنی داهاتوویەتی، ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە بنوا ئامۆن و مانوێل والس کە هەر دووکیان لە حیزبی سوسیالیستن، لە نێوان ٧ بەربژێری هەڵبژاردنی داهاتوو، لە پێشەوەی دژبەرانی خۆیانن، ئەوان تەنیا کەڵک لە دروشمە توندئاژۆ پۆپۆلیستتەکان وەردەگرن و دژن بە پەنابەر و باس لە گەڕانەوەی سەروەریی نەتەوەیی دەکەن.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری ئەو حیزب و تاکە پۆپۆلیستانە، پشت کردنە لە ژینگە و خەسارەکانی کە ئێستا بەرۆکی جیهانی گرتووە. لەلایەکی تریشەوە ئەوان هیچ بڕوایەکیان بە خۆتێوەگلاندن لەگەڵ ڕەوتی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی لە وڵاتانی پاشکەوتوو یان بەرەوگەشە نیە و زیاتر ئاوڕ لە وڵاتی خۆیان دەدەنەوە، ئەوەش وایکردووە هەندێ وڵاتی تری وەک چین لە ئێستادا بانگەشەی ئامادەبوون بۆ وەئەستۆگرتنی بەڕێوەبەری و ڕێبەریی جیهان بکەن. واتا خەریکە جیهان بەرەو پۆلبەندییەکی تر دەچێ کە تێیدا دوو وڵاتی وەک ڕووسیە و چین، خەریکن دەبنە دەمڕاستی جیهان، ئەوەش تەنیا بە هۆی پاشگەزبوونەوەی وڵاتانی تری وەک ئەمریکایە لە بەڕێوەبردنی ئەرکی خۆیان و ئەوەش بەو واتایە دێ کە جیهان لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو ڕەوتە بەرەو گەندەڵی، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، لێک پرینگانەوەی یەکگرتوویی جیهان و بێ دەسەڵات بوونی ڕێکخراوە ناودەوڵەتییەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێڤ و خاچی سوور و ڕێکخراوی تری لەو بارەیە کە خەسارێکی مەزن بۆ مرۆڤایەتی و ڕێگاکراوەییەکی بەربەرینە بۆ تیرۆریسم. تیرۆریسمێک کە بێ وچان پەل دەهاوێ و گیانی مرۆڤەکان دەگرێ و ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەخاتە قەیرانەوە.

مەترسییەکی تر بۆ ئێمەی کورد لە ئارا دایە، بەهێزبوونی ئێران و ڕووسیە و هاوپەیمانەتیی شیعەیە کە هەم کورد زیاتر لە ناو پێشێل بووندا ڕۆدەبا و هەمیش لە گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانی خۆی دوورتر دەکاتەوە و بەو یەکنەگرتوویی و پەرتەوازەیی و دابەش بوون و دیپلۆماسییە لاوازەی کە کورد هەیەتی، مەترسی و خەسارەکانی چەند قات زیاتر دەبن.

تێبینی: شیکردنەوەی ئەو بابەتە، پێویستی بە نووسین و لێدوان لە ڕووبەری زیاترە کە بە هۆی درێژبوونی بابەتەکە، خۆ لە قەرەی نەدراوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت