جاشەکان لە ڕۆژی سێزدەبەدەردا هەست بە دڵەراوكێ دەکەن

0
1618

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ناوەندی ڕۆژی کورد لە شنۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە، سێزدەبەدەری ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕژیم بۆ پاراستنی گیانی جاشەکان و لە ترسی هێرشی کەسانی نەناسراو بۆ سەر جاش و خۆفرۆشەکان، لە شوێنی گەشتیاریی گردی دنخە سەر بە ئاوایی سەرگیز لە شنۆ، بە کۆمەڵێک چەکی قورس و سووکەوە ئامادەباش ڕاوەستاون.

لە چەند شاری تریشەوە هەواڵ گەیشتووە کە ڕژیم بە توندی وشیاریی داوە بە جاشەکان کە بەبێ چەک نەچنە دەر و بەرپرسیار بن لە پاراستنی گیانیان.

هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە شنۆ هەروەها رایگەیاند: “هێزەکانی سپای تیرۆریستیی پاسداران لە گردی دنخە، بە چەک و تەقەمەنیی قورسی وەک کاتیۆشا راوەستاون و سەرجەم هاتووچووی هاووڵاتیان کۆنترۆڵ دەکەن و لە نزیکەوە چاوەدێریی ئەو جاش و بنەماڵە جاشانە دەکەن کە بۆ پشووی سێزدەبەدەر هاتوونەتە ئەو شوێنە”.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو، ئەژمارێکی زۆر لە جاش و خۆفرۆشەکان لە لایەن چەند گرووپێکی نهێنیی چەکداری وەک هەڵۆکانی زاگرۆس و لایەنگرانی ئاڵای سوور لە بۆکان، لە ناوخۆ، کوژراون و سزرا دراون.

لە دوایین نموونەدا جاشیکی خەڵکی شنۆ بەناوی ناسر عەبدی، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە سزا دراو دوای ئاگرتێبەردان لە ماڵەکەی، ١٦٠ بنەداری باغەکەشی بڕدرایەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت