تەنیا واتای هەڵبژاردن لە ئێران، سەرلەنوێ بەڵێن دانەوەی خەڵکە بە ڕژیم

0
1210

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی (بەرپرسی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان-ڕۆژهەڵات)

سیستەمە توتالیتێرەکان جا چ ئایینی بن، چ کۆمونیستی و چ فاشیستی کە جیهان هەر سێ جۆری ئەزموون کردووە، خۆیان بە نوێنەری ڕاستەقینە و بێ ئەملاو ئەولای خەڵک دەزانن و دەڵێن ئەوەی ئەوان دەیڵێن و دەیکەن، بەرژەوەندی و ویستی ڕەسەنی خەڵکە. ئەحمەدی نەژاد لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی خۆی لە وتووێژێکدا کە لە واشنگتۆن لەگەڵی کرا لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە دەسەڵاتی سەرەکی لە ئێراندا لە دەست کێ دایە گوتی: “دەسەڵات لە ئێران لە دەست خەڵک دایە و ئێمە و خەڵک یەکین و لێک جیا ناکرێینەوە” واتا ئەحمەدی نەژاد، خۆی (مەبەست سیستەمی کۆماری ئیسلامییە، چون ئەحمەدی نەژاد خۆی لەژێر دەستی خامنەیی وەک یەکەم کەسی ڕژیم دابوو و هەیە، هەروەک ئێستا دەبینین دوای دوو خول سەرۆک کۆماری، شیاوەتی پێ نەدرا) بە نوێنەری خەڵک و هەموو خەڵک دەزانێ، هەر بەو پێیە و بەو تێز و هێژموونیەشەوەیە کە خەڵک لە سێدارە دەدرێ و دژبەران دەگیردرێن. ئەو شێوەیە لە دەسەڵات و ڕوانینە لە سەردەمی سۆڤیەت و لە سەردەمی مائۆ و هیتلێریشدا بیندراوە.

بەو پێیە لە سیستەمێکی وەک سیستەمی کۆماری ئیسلامی کە توتالیتێرێکی مەزهەبی بە تێکەڵاوێک لە جۆرەکانی تریشە، هەڵبژاردن تەنیا بۆ ئەوەیە کە خەڵک جارێکی تر بە هاتنیان بۆ سەر سەندووقی دەنگدان، ڕابگەیێنن کە جارێکی تر پەیمان و بەڵێنییان لەگەڵ ڕژیم نوێ کردۆتەوە و بە وتە ئیسلامییەکەی، “بەیعەت”ـیان لەگەڵ ڕژیم بەستووە، نەک ئەوەی کە خەڵک بێن و بەربژێری خۆیان هەڵبژێرن و بەو پێیە دەنگ بدەن بە پلان و گەڵاڵەیەک. هەر بەو پێیەش گرنگ تەنیا چوونی خەڵکە بۆ سەر سەندووق، نەک ئەوەی کە دەنگ دەدەن بە کێ و کێیان لا پەسندە، هەرچەند جێگای باسیشە کە لەو سیستەمەدا پێش لەوەی خەڵک بچنە سەر سەندووقەکان، خودی ڕژیم بەپێی بازنەی ویست و ئیدئۆلۆژیی خۆی، کەسانێکی بە شیاو زانیوە و لاشی وایە ئەوانەی ئەو پێی شیاو نەبن بەڕاستی شیاو نین و بەپێچەوانەش، کەواتە خەڵک دەبێ لە ناو شیاوەکانی ڕژیم، کەسێک هەڵبژێرن کە ئەوەش خۆی دیموکراتیک بوونی هەڵبژاردن ڕەد دەکاتەوە و هیچ کاندید و بەربژێرێکی سەربەخۆ و خەڵکی بوونی نیە کە ئەوە هەر لە سەرەتای تەمەنی ڕژیم و پرسی دەنگ هێنانەوەی کەسانی وەک دوکتور قاسملوو و دواتر هەڵداشتنی کەسانی وەک بازرگان و تیرۆر کردنی چەند کەسی تر لە ناو بازنەی خودی ڕژیم، دەرکەوتووە و ئاشکرایە.

هەر بەو پێیەش دەنگ نەدانی خەڵک و نەچوونیان ۆ سەر سەندووقەکانی دەنگدان بە واتای ڕەد کردنەوەی بەڵێنیان یان نوێ نەکردنەوەیەتی، لێرەدایە کە بایکۆت کردن هەرچەند بە هۆی هەبوونی ئامرازە بەربەرینەکانی سزا و هاندان و بەتایبەتی سزا دان (سێدارە، دەست بەسەر کردن، داگیرکردنی مڵک و ماڵ، بڕینی یارانە، پێنەدانی پاسپۆرت و ….تاد) زۆریش پێشوازی لێنەکرێت بەڵام دیسانیش بۆ تاک و حیزبی سیاسیی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، ئەرکە کە ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت بکات، ڕێک وەک ئەوەی کە خودی ڕژیم و سیستەمەکەی بایکۆت کردبێت، ئەو بایکۆتەش چەندە یەکدەنگ و یەکڕەنگتر بکرێت ئەوا کاریگەری زیاترە.

بۆی هەیە هەندێک کەس و لایەن باس لە هەبوونی هەندێک بنکە و ڕەهەند یان رەوتی گۆڕانخوازانە لە ناو ڕژیمدا بکەن و ئەوان بە هیوای گۆڕان بزانن و بەو پێیە لایان وابێ کە دەنگدان ڕەوایەتی هەیە و دەکرێ لەو ڕێگایەشەوە ئامانجەکان دەستەبەر بکرێن، گریمانە و ڕوانینێک کە تا ئێستا چەندین جار لە لایەن تاک و گرووپە سیاسییەکانیشەوە کراوەتە هۆکار بۆ بانگەشەی دەنگدان و تاقیکراوەتەوە بەڵام شکستی هێناوە.

لە وڵامی ئەو کەس و لایەنانەدا دەبێ بگوترێ کە سیستەمێکی ئیدئۆلۆژیک و توتالیترێ، بەردەوام بەدوای تواندنەوەی هەموو بوون و تایبەتمەندی و چین و گرووپێکە لە ناو خۆیدا، هەروەک لە ئێرانی کۆماری ئیسلامی و بە گشتی لە هزری فاشیسمی فارس دا، بوونێک بە ناوی نەتەوەکانی ناو ئێران، بوونی نیە و نکوڵی لێدەکرێت و بە قەوم ناویان لێ دەبردرێت، یان هیچ کام لە زمانەکانی تر بە فەرمی ناناسرێن و زمانی فارسی وەک زمانی ڕەسمی دەناسرێت و زمانەکانی تر وەک زمانی خۆ جێی، لەویش لەسەرتر، کۆماری ئیسلامی هەموو نەتەوەکانی ناو ئێران بە “میللەتی ئێران” دەناسێت. لە سیستەمێکی ئەوتۆدا کە هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەکی تر جیا لەوەی کە ویستی دەسەڵاتی فاشیستی مەزهەبییە بە فەرمی ناناسرێ و سەرکوت دەکرێت (وەک سەرکوتی بەهاییەکان، یارسانی و زەردەشتی و مەسیحیەکان و لە ڕووی نەتەوەییشەوە کە هەموو نەتەوە غەیری فارسەکان لە یەک دۆخ دان)، بۆی هەیە ڕژیم، هەبوونی هەندێک بنکە و تاقم و لایەنی هاوتەریبی خۆشی قەبووڵ بکات کە لە پەنا خۆی و وەک سێبەر گەشە بکەن کە لە ماوەی تەمەنی ٣٨ ساڵەی ڕژیمدا ئەوەمان بینیوە و هەر کاتیش لە هێڵی خۆیان لایان دابێ، سەرکوت کراون کە نموونە لەو ڕووەوە یەکجار زۆرە و هەر کاتیش ڕادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنە لەگەڵ ڕژیم، بووبێت بە مەترسی ئەوا باسی یەکگرتوویی و خۆپاراستن لە دوو ڕەهەندی بوون و ئاشت بوونەوە هاتۆتە ئاراوە و لە ئەنجامدا لە شوێنێکدا ئاشتیی نەتەوەییان لە نێوان خۆیان ساز کردووە.

کەواتە لە سیستەمگەلی ئیدئۆلۆژیکدا، هەڵبژاردن کە زیاتر ڕووی لە دەرەوە و جیهانە و وەک گوترا سیستەمی ئیدئۆلۆژیک لەو رێگایەوە هەوڵ دەدات ڕێژە و ڕادەی بەڵێنی دووپات کردنەوەی خەڵک بە سیستەمی خۆی نیشان بدات، هەڵبژاردن هەر لە بنەڕەتڕا ناتوانێ وەک گۆڕەپانێک بۆ وێککەوتنی بەرژەوەندییەکان و ئامانج و ویستەکان چاوی لێ بکرێت و هەموو ئامانج و بەرژەوەندی و ویستەکان لە سەرەتاوە پێناسە کراون و بەرەو ئەو ئاقارە هەنگاو دەنێن کە پێناسە کراوە، هەروەک کۆماری ئیسلامی ئێستا سەرجەم سامانی نەتەوەکانی ئێران لە پێناو گەشەپێدانی شیعەگەری و هەناردەکردنی شۆڕشەکەی بۆ دەرەوە لە سووریە و عێراق و یەمەن و بەحرەین و ئەفغانستان و پاکستان و لوبنان و فەلەستین و ئافریقای باکوور و …تاد، تێدەچێنێ.

هەر بەوپێیە، بەشداری کردنی خەڵک لە هەڵبژاردن لە سیستەمە ئیدئۆلۆژیکەکاندا بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی سیستەمەکەدایە و هەموو ئەنجامەکان لەپێشەوە دیاری کراون و ڕوونن و بەربەرەکانی لەنێوان خۆییەکان دایە و هەڵبژاردن تەنیا ئامرزاێکە بۆ خۆنوادن و ڕەوایەتی و شیاوەتی دان بە سیستەم و لێرەدایە ڕەوایەتی وەرگرتنەوە دووبارە و چەندپاتە دەبێتەوە و بەشداریکردنی خەڵک، بۆ جارێکی تر ئەو ڕەوایەتە دەداتەوە بە سیستەم کە درێژە بە وەبەرهێنانی ویست و داوا و ئامانجەکانی خۆی بدات.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت