تەنیا لە مانگی پووشپەڕدا ١٢ ئەفغانی تری سەر بە سپای پاسداران لە سووریە کوژراون

0
812

ڕۆژی کورد: ئەژماری کوژراوانی ئەفغانی سەر بە سپای تیرۆریستیی قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تا دێ زیاتر دەبێ.

بەپێی ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لە ٢٢٠ ئەفغانی ئەندامی لەشکری فاتمیون و لەشکری زەینەبیوون کە لەژێر ناوی پارێزەرانی حەرەم لە سووریە بۆ پاراستنی ڕژیمی ئەسەد شەڕ دەکەن، کوژروان.

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا کە تەنیا ٧ ڕۆژی لێ دەرباز بووە، تا ئێستا ١٣ کەس لە ئەفغانەکان لە سووریە کوژراون کە کەسێکیان منداڵ بوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکانی ناوخۆیی ئێران، ٦ کەسی تر لەو ئەفغانانە کە نیشتەجێی شاری قوم بوون لە سووریە کوژراون و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی پووشپەڕ لە قوم ژێرخاک بکرێن.

ماڵپەڕی قوم نیوز، ناوی ئەو ٦ کەسەی بەوجۆرە راگەیاندووە: “مەهدی حوسێنی، یەحیا عەزیمی. نادر حوسێنی، عەبدولحسێن حوسێنی، عەلی ڕەزا ڕەزایی و محەمەدشەریف سرووری”.

پێشتریش هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی کردبۆوە کە ٦ ئەفغانی تر لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ لە سووریە کوژراون.

هەروەها لە ڕۆژی کۆتایی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، منداڵێکی ئەفغان بە ناوی ئیسماعیل ڕەزایی لە سووریە کوژرا.

هاوکات لەگەڵ ئەو منداڵە ئەفغانە، کەسێکی تر بە ناوی غوڵام حوسێنی ـیش بە توندی بریندار بووە.

پێشتر ناوەندی ڕۆژی کورد لە راپۆرت و وتووێژێکی تایبەت لەگەڵ چەند کەس لەو ئەفغانانە کە لە شەڕی سووریە بەشدار ببوون، بڵاوی کردبۆوە کە ئەو کەسانە لە هەمبەر بڕە پارەی مانگانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ دۆلار، دەچن لە سووریە شەڕ دەکەن.

بەشێک لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەوەی ئەفغانەکان هان دەدات تا بەشداریی شەڕ لە سووریە و پاراستنی ڕژیمی ئەسەد بکەن، بڕوای ئایینیی ئەو کەسانەیە کە شیعەن و زۆربەیان لە هەزارەکانی ئەفغانن.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، خامنەیی فەرمانی دەرکردووە تا ناسنامەی ئێرانی بەو ئەفغانانە و بنەماڵەکانیان بدرێت کە بەشداریی شەڕ لە سووریە دەکەن.

کۆماری ئیسلامی، یەکێک لە سەرەکیترین پشتیوانەکانی ڕژیمی ئەسەد لە سووریەیە و دەگوترێ لە هەوڵی ئەوە دایە تا ڕێگایەک بەرەو حیزبووڵای لوبنان لە سووریەوە لێبدات کە ئێستا بە ئامادەبوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە سووریە، ئەو خەونەی پووچەڵ بۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت