تورکیە و ئێران و هەنگاوەکانیان بۆ دوای سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور

0
2678
هەڵمەت مەعرووفی

هەرێمی کوردستانی باشوور، بڕیارە ٢٥ی مانگی سیپتامبر، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی ئەو بەشە لە کوردستان بەڕێوە ببات، ئەو گشتپرسییە تا ئێستا لە ئاراستەی جیاجیاوە خراوەتە ژێر باس و مشتوومڕ. دژایەتیی ئێران و تورکیە، یەکێک لەو باسانەیە کە زۆری باس لەسەر کراوە، بەڵام پێدەچێ کۆماری ئیسلامی و تورکیە، سەرەڕای هێرش و هەڕەشەکانیان، باش لەو ڕاستییە ئاگادار بن کە هەرێمی کوردستانی باشوور، بە دڵنیاییەوە لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، سەربەخۆ دەبێت و هەموو ئەو گێژاو و گێژەڵووکانەی کە لەبەر دەمنی دەخەونەوە، کەواتە ئەوان لە ئێستاوە، بە پێچەوانەی کورد کە هەمیشە لە ڕابردوو یان هەنگاوی هەنووکەییدا دەژین، بیر لە هەنگاوی دواتر دەکەنەوە.

ئێران، تورکیە، سووریە و عێراق، باش دەزانن کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور، سەرەڕای ئەو هەموو گوشار و هێرش و هەڕەشە دەرەکی و ناوخۆییانەی کە لەبەر دەمی هەیە، ڕووداوێکی  بێ ئەملا و ئەولایە و دێتە ئاراوە، هەر بۆیە هەرچەند لە ئێستادا هەوڵ دەدەن ئەم ئەگەرە مێژووییە وەپاش بدەن و کۆسپی بخەنە سەر ڕێگا (کە بۆ ئەم مەبەستە تەنانەت لە ڕێگای پارە و بەڵێنی و هەڕەشە، هەندێک حیزب و کەسایەتیی کوردیشیان گرتۆتە خزمەت خۆیانەوە)، بەڵام هەوڵی سەرەکیی ئێران و عێراق و تورکیە و سووریە و بەتایبەتی ئێران، خستنە ڕووی نەخشە ڕێگا بۆ دوای هەنگاوی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوورە، واتا پێشگرتن لە تێکەڵ بوون و پێکەوە لکانی دوو هەرێمی باشوور و ڕۆژئاوا کە لێرەدا دەیخەینە بەر باس.

مەترسیی سەرەکیی ئێران، تەنیا سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور نیە بەڵکوو مەترسیی سەرەکی بۆ ئێران، دوای ئەو دەست پێدەکات کە بریتییە لە پێکەوەلکانی دوو هەرێمی کوردستانی باشوور و کوردستانی ڕۆژئاوا.

پێکەوەلکانی ئەو دوو هەرێمە کوردییە کە لە پارێزگای نەینەواوە دەست پێدەکات، بە واتای دەست ڕاگەیشتنی کوردستان بە ئاوا ئازادەکانی مەدیتەرانەیە، کە ئەو کات بە درێژایی ١١٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە، سنوور لەگەڵ سنوورەکانی ڕۆژئاوای ئێران (لەگەڵ دەوڵەتی کوردی) ساز دەکات.

دەست پێڕاگەیشتنی کوردەکان بە ئاوە ئازادەکان بە واتای بێخەم بوونیان لە ئێران و تورکیە بۆ هەناردە و هاوردەکردنی شت و مەک و نەوت و …تادـە کە لە ڕووی ئابوورییەوە خەسارێکی لەڕادەبەدەر بە ئێران و تورکیە دەگەیێنێ و کوردستان ناکاتە ئەقمار و حەوش خەڵوەتی ئێران و تورکیە.

باسێکی تر کە تا ڕادەیەکی زۆر بۆتە هۆی دڵەڕاوکێی ئێران، هەڤاڵەتیی نێوان کوردەکان و ئیسرائیلە کە یەکێک لە بنەماکانی دامەزراندی کۆماری ئیسلامی، درووشمی “نەمان بۆ ئیسراییل”ـە و تا ئێستا میلیاردها دۆلاری تەرخانی ئەو دروشمە کردووە و دەیان گرووپی تیرۆریستیی وەک حیزبووڵای بۆ ئەم ئامانجە تەیار کردووە.

نەخشە ڕێگای ئێران چیە:

١- ئێران، دوای سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستانی باوور، سەرەتا هەوڵی تەواوی خۆی دەخاتە گەڕ تا پێش بە پێکەوەلکانی ئەو دوو هەرێمە بگرێت. هەر بۆیەش ئێران لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵێکی زۆری داوە تا خۆی لە پارێزگای نەینەوادا جێگیر بکات و حەشدی شەعبی بەرەو ئەو ناوچەیە پەلکێش بکات. هاندانی خێڵە عەرەبەکان و شیعەکانی ئەو ناوچەیەش خۆی یەکێکی تر لە میکانیزمەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو ئامانجەیە.

گرنگیی پێکەوە نەلکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستان بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ دەست پێڕاگەیشتنی کوردەکانی باشوور بە ئاوی ئازاد کە لە ڕووی بازرگانی و هەناردە و هاوردەکردنەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە سەربەخۆ دەکات و بە یەکجاری لە ئێران و تورکیەیان دادەبرێت.

هەڵبەت، تورکیە جیا لە پێشگرتن بە پێکەوە لکانی هەرێمی کوردستانی ڕۆژئاوا و باشوور، هەوڵی تەواوی خۆی خستۆتە گەڕ تا ئیزن نەدا، کەرکووکی دڵی کوردستان بکەوێتە باڵ هەرێمەوە و هەوڵ دەدات تا کەرکووک لەگەڵ عێراق یان وەک هەرێمێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە کە پێشتریش هەندێ دەنگۆی لەمبارەوە لەئارا دابوو. کە هۆکاری ئەو هەوڵەش دەگەڕێتەوە بۆ گرنگیی نەوتی کەرکووک و هەستی بەرزی نەتەوەیی خەڵکی ئەو دەڤەر و شارە کە دابڕانی کەرکووک وادەکات هەرێم لە ڕووی بازرگانی و ئابوورییەوە نەتوانی دەورێکی بەهێز لە بواری پەترۆڵەوە بگێڕێت.

٢- کۆماری ئیسلامی لە ئەگەری سەرکەوتنی لە پێشگرتن بە پێکەوە لکانی ئەو دوو هەرێمە کوردییە، هەوڵ دەدات هەرێمی کوردستان بکا بە مۆڵگەی ئابووریی خۆی و لە ڕووی ئابووری و بازرگانییەوە بیکات بە یەکێک لە بازاڕە سەرەکییەکانی خۆی و بەم جۆرە بۆ هەمیشە وەک بنکە و وڵاتێکی سەر بە ئێران بیهێڵێتەوە و بە کەیفی خۆی تەراتێنی تێدا بکات کە لێرەدا، دڕدوونگیی ئیسراییلی لێدەکەوێتەوە و بڕوا و برایەتیی نێوان کوردەکان و ئیسراییل، درزی تێدەکەوێت، واتا هەڕەشەی ئیسراییل بۆ سەر ئێران کەم دەبێتەوە.

هەڵبەت هەر دوو خاڵ کە لێرە باس کران، نەخشە ڕێگا و گەڵاڵەی تورکیەشن و لێرەدا کێبەرکێیەکی خەست لە نێوان ئێران و تورکیە دێتە ئاراوە، گرنگ ئەوەیە لە ئێستادا کورد تەنیا بە گشتپرسییەوە خۆی نەبەستێتەوە و جیا لە هەوڵ بۆ سەربەخۆیی و پێکەوەلکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستان، هەوڵ بدەن قازانجەکانی سازبوونی دەوڵەتی کوردی بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە و دونیای ئازادیش لە بەرژەوەندییەکانی هەبوونی دەوڵەتی کوردی بۆ ئەوان ئاگادار بکەنەوە کە ئەمە پێویستی بە وۆرک شۆپ و کەسی پسپۆڕ و کۆبوونەوەی ناو پارلمانەکان و نووسینی بابەت بە زمانگەلی بیانی هەیە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت