تورکیە خوازیاری پێداچوونەوەی ئامریکایه‌ لە سەر بڕیاری سزادان بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران

0
853

رۆژی كورد :
وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیە داوا لە وڵاتی ئەمریکا دەکات لە سەر بڕیاری سزادان بۆ کڕیارانی نەوتی ئێران پێداچوونەوە بکات. تورکیە یەکێکە لە کڕیارە سەرەکیەکانی نەوتی ئێران بەڵام لە دوای رۆژی ٢ ئایار کڕیارانی نەوتی ئێران بە پێی بڕیاری نوێی ئەمریکا بەرەو ڕووی سزادان ئەبنه‌وه‌.

مەولوود چاوش ئۆغڵوو وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی تورکیە رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢ ئایار لە کۆنفرانسێکی هەواڵنێری لە ئانکارا داوای لە دەوڵەتی ئەمریکا کرد لە سەر پرۆسەی بایکۆتەکانی بۆ سەر فرۆشی نەوت و سووتەمەنی ئێران پێداچوونەوە و چاوپێداخشاندن بکات. هاوکات جەختی لە سەر ئەوە کرد و وتی ئێمە بایکۆتەکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران بە باش نازانین و باسی لەوە کرد کە لە هەر لایەکەوە سەیری ئەم پرۆسە بکەین بۆمان دەرئەکەوێت کە بڕیاری یەک لایەنەی ئەمریکا کاریگەری خراپی هەیە. دەربڕینەکانی چاوش ئۆغلوو هاوکات بوو لە گەڵ کۆتایی هاتنی ماوەی ٦ مانگەی ئەمریکا بۆ هەشت وڵاتی کڕیاری نەوتی ئێران. ئەمریکا ٦ مانگ پێش ئێستا ماوەیەکی دیاری کردبوو وەکوو چاوپۆشی بۆ هەشت وڵاتی ژاپۆن، چین، هێند، یوونان، کۆریای باشوور، ئیتالیا، تایوان و تورکیە و ئیجازەی پێ دابوون بۆ کڕینی نەوت و سووتەمەنی لە ماوەی ئەم ٦ مانگە دا کە رۆژی ٢ ئایار ئەو ماوە کۆتایی پێهات.
 وەزیری دەرەوەی ئامریکا دە رۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند کە ماوەی کڕینی نەوتی ئێران بۆ ئەو ٨ وڵات دووپات ناکرێتەوە و مۆڵەتی ئەم چاوپۆشیە رۆژی ٢ ئەیار کۆتایی دێت. ئەم وڵاتانە لە ئەگەری بەردەوام بوونیان لە کڕینی نەوتی ئێران بەرەوڕووی سزای قورس ئەبنەوە لە لایەن ئامریکاوە. تورکیە و چین دوو وڵاتن کە ناڕازین بەرانبەر بڕیاری ئامریکا و بە توندی ڕەخنەیان لێگرتووە، تورکیە هاوکات ڕایگەیاندووە کە پاڵاوگەکانی نەوتی وڵاتەکەیان لە سەر بنەماکانی پێوانەیی و چۆنیەتی نەوتی ئێران داڕێژراوە و بێجگە لەوەش کڕینی نەوت لە سەرچاوە جێگرەکان لە بەرئاوەرد لە گەڵ ئێران دا بۆ وڵاتی تورکیە زۆر بە نرخێکی زیاتر تەواو ئەبێت.
 چاوش ئۆغڵوو لە درێژەی کۆنفرانسە هەواڵنێریەکەی کە بە هاوبەشی وەزیری دەرەوەی وڵاتی پاراگوا بەڕێوە دەچوو جەختی لە سەر ئەوە کرد کە لەو باوەرەدا نیە کە وڵاتی تورکیە بتوانێت لە ماوەیەکی کورت دا سەرچاوەیەکی جێگر بۆ نەوتی ئێران بدۆزێتەوە. بە پێی وتەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیە پاڵاوگە نەوتیەکانی تورکیە بە پێی ستاندارد و چۆنیەتی و چێگالی نەوت ئێران دابین کراوە و بە جۆرێکی تایبەت بە نەوتی ئێرانەوە گرێدراون، چاوش ئۆغڵوو هاوکات ئەوەشی زیاد کرد ڕاستە نەوتی عێراق و نەوتی ئێران لە بواری چۆنیەتی هاوشێوەن بەڵام لە ئێستا دا هێڵێکی گواستنەوەی سەرەکی نەوتی عێراق بۆ تورکیە زیانێکی بەرچاوی لێکەوتووە و گواستنەوەی نەوت لەو ڕێگاوە زۆر کەم بووە و بە وتەی ناوبراو لە ئەگەر ئەوەی وڵاتی تورکیە نەوت لە سەرچاوەیەکی جیاواز بکڕێت ئەبێت گۆڕانکاری بکات لە ئامێرەکانی پاڵاوگەکانی خۆی و ئەم کارەش هەڵگری تێچوویەکی زۆرە بۆ دەوڵەتی تورکیە.
هەواڵنێری ئاڵمان لە ڕاپۆرتێکی خۆی دا لە ئەستەمبۆڵ نووسیویەتی: تورکیە بە پێچەوانەی وتەکانی وەزیری دەرەوەی، کڕینی نەوتی خۆی لە وڵاتی ئێران دوای بڕیاری بایکۆتەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاران لە مانگی ئەیاری ڕابردوو دا زۆر کەم کردۆتەوە و بە دەوروپشتی نیوەی ساڵی ٢٠١٧ گەیاندووە. پێش دەستپێکردنی بایکۆتەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تورکیە ٤٥% نەوتی پێداویستی وڵاتەکەی لە ئێرانەوە هاوردە ئەکرد لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئێران ڕۆژانە بڕی ٢٤٠ هەزار بەرمیل نەوتی بە تورکیە ئەفرۆشت ئەم ڕەوتە دوابەدوای دەرچوونی ئەمریکا لە پەیماننامەی بەرجام و دەسپێکردنی خولی نوێی بایکۆتەکان زۆر کەمی کرد و دابەزی لە ئێستا دا تورکیە ڕۆژانە بڕی ١٠٠ بۆ ١٢٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ئێران ئەکڕێت. هاوکات هەر دوو وڵات بە شوێن ڕێگاچارەیەک ئەگەڕێن بۆ دەورلێدانەوە و پووچەڵ کردنەوەی بایکۆتەکان، چاوش ئۆغڵوو جەختی لە سەر ئەوە کرد کە دوو حەوتوو پێش ئێستا لە گەڵ هاوتای ئێرانی خۆی جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە سەر چۆنیەتی و شێوەکاری ئاڵۆگۆڕی کاڵاکانیان وتووێژیان کردووە. چاوش ئۆغڵوو ئاماژەی بە ڕێوشوێنی گونجاوی دامەزراوە لە لایەن وڵاتانی ئاڵمان، فەرانسە و بەریتانیا کرد بە ناوی “ئینس تێکس” بۆ ئاڵوگۆڕی بازەرگانی لە گەڵ وڵاتی ئێران و باسی لەوە کرد کە لە گەڵ زەریف لە سەر دامەزرانی ڕێوشوێنێکی گونجاوی هاوشێوە ڕاوێژیان کردووە.
 چاوش ئۆغڵوو لە کۆتایی کۆنفرانسەکەی دا ڕایگەیاند دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە مانگی داهاتوو دا سەفەر ئەکات بۆ ئۆروپا و مانگێک دوای ئەوەش بە تەمای سەردانی تورکیایە بەڵام هاوکات جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ڕێکەوتی تەواوی ئەم سەردانانە تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.