توركیا و رووسیا خەسارمەندترین جەنگی ئۆكراینن

0
416
توركیا و رووسیا خەسارمەندترین جەنگی ئۆكراینن
خەڵك
سەرۆكی هاوپەیمانی سەربەخۆیخوازانی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات، توركیا یەكێكی دیكەیە لە زەرەرمەندانی شەڕی ئۆكراین‌و ڕاوەستانی هەناردەكردنی گازی سروشتی، بوارەكانی وەرزێڕی، گەشتیاری‌و تەنانەت ژیانی ڕۆژانەی خەڵكی تووشی قەیران كردووە و ئابووریی لاوازی توركیاش بەرەو داڕمان دەبا.
جەمال پوور كەریم سەرۆكی هاوپەیمانی سەربەخۆیخوازانی كوردستان لە بابەتێكی شرۆڤەییدا بۆ جەنگی ئۆكراین دەڵێـت: دوو وڵاتی توركیا و ڕووسیا كە هەر دووكیان خەون بە زیندوو كردنەوەی ئیمپڕاتووریەتەوە، یەكێكان لە ژێر ناوی زیندوو كردنەوەی تێزاری رووس و ئەوەی تریان دروستكردنەوەی عوسمانیەوە دەبینن ، لە بواری ئابووریەوە زەرەرمەندی یەكەم دەبن و هاوكات پێوەندییەكانی هەر دوولاش لەم شەڕە دا تووشی ئاڵۆزییەك هاتووە كە ئەستەمە خۆ بگرێتەوە.
روونیشیكردەوە، لەو نێوەندەدا ئەمریكا بە بێ ئەوەی تێچوویەكی ئەوتۆ بدا، هەوڵیدا شەڕی ڕووسیا و ئەمریكا بە ئورووپا بكات و بەم چەشنە هەم ڕووسیا لاواز بكات و هەم ئورووپا بە دەستەمۆیی بۆ خۆی بێڵێتەوە، ئورووپاش تا ئێستا بە كردەوە نەچۆتە ناو شەڕەكە و شەڕەكەی بە ئۆكرانیا كردووە و تەنیا لە ئاستێكی لاواز دا داكۆكی و پشتیوانی لێكردووە.
راشیگەیاند، ئورووپا پێش شەڕەكە ئامادە نەبوو ئۆكراین بخاتە ناو چوارچێوەی یەكێتیی ئورووپاوە و ناتۆش تا ئێستا وەڵامێكی ڕوونی بە داواكارییەكی ڤلادێمیر زلنێسكی نەداوەتەوە.
جەمال پوور كەریم پێشبینی دەكات، شەڕی ڕووسیا بۆ خۆسپاندنە وەك هێزی یەكەمی جیهانی و جێگە لێژكردنە بە ئەمریكای لاوازی بایدن ئەگەر پووتین لەو شەڕە دا براوە بێ، ئەو ئەگەرە لە ئارا دایە كە چینیش هێرشێكی هاوشێوە بكاتە سەر تایوانی هاوپەیمانی ئەمریكا، بۆیە نە ئەمریكا و نە ئورووپا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا وەها ئیزنێك بە ڕووسیانادەن.
دەشڵێت ڕێككەوتنێك لە نێوان ئەمریكا، ئورووپا، چین و رووسیا كرابێ كە بەشێك لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەر خۆیاندا دابەش بكەن: تایوان و بەشێك لە ئەفغانستان بۆ چین، ئۆكرانیا و بەشێك لە ناوچەكانی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو بۆ ڕووسیا، ئێران، سووریا و عێراق و … بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی.
بە گوتەی ناوبراو، جیهان لە قۆناغی تاك جەمسەری هاتۆتە دەر و بەرەو قۆناغی چەند جەمسەری هەنگاوی ناوە، هەر بۆیە شەڕی ئەمڕۆی وڵاتانی زلهێز، بە مەبەستی خۆسەپاندنە وەك هێزی یەكەمی جیهانی، پێش سەد ساڵ لەمەوبەر ئەو هێزە جیهانییە لە دەست بریتانیا هاتە دەر و كەوتە دەست ئەمریكا و تا ئێستاش بەردەوامە، ئێستا ڕووسیا هاتۆتە ناو مەیدانەكە تاكوو ئەم هێزە جیهانییە بە دەستەوە بگرێ و دوور نییە لاوازیی ئەمریكا لەو ماوەیە دا پووتین و هەندێك وڵاتی دیكەی لە سەر ئەو خواستە سوورتر و پێداگرتر كردبێ.
ئاماژە بەوەش دەكات، ڕەنگە پووتین بتوانێ هەموو خاكی ئۆكراین داگیربكات، بەڵام لەو شەڕە دا هەر ڕووسیای پووتینە كە دەیدۆڕێنێ، چونكە لە هەر دوو حاڵەتدا واتە چ بگەڕێتەوە و چ بمێنێتەوە، تێچوویەكی زۆر دەدا.
روونیشیكردەوە، پووتین توانای مانەوەی نییە و ناتوانێ تا سەر وەك داگیركەر خاكی ئۆكراین داگیر بكات و شەڕەكە تا زیاتر بخایەنێ، ڕووسیە لاوازتر و ئەگەری هاتنە ناوەوەی ئورووپا و ناتۆش بۆ ناو شەڕەكە بە هێزتر دەبێ و ئەوەش تێچوویەكی چاوەڕواننەكراوی دیكەی بۆ ڕووسیا دەبێ، هەروەها لە ئەگەری گەڕانەوەی هێزەكەی پووتین دا، ڕووسیا ناچارە بە بێ دەستكەوت و بە هێزێكی ماندوو و خەساردیتوو و لاوازەوە بگەڕێتەوە.
لەو بڕوایەشدایە بە فەرمی ناسینی سەربەخۆیی بۆ دوو ناوچەی لۆهانسك و دۆنتسك كە لە ڕاستیدا مافی خۆیان بوو ، دەستكەوتێكی باش بوو بۆ ڕووسیە كە دەبوو پووتین بەوە ڕازی بایە و جارێ كارێكی نەكردبایە كە پەلكێشی ناو ئەو شەڕە كە وەك داوێك بۆی دانرابۆوە بكرێ، پووتین هەمان هەڵەی دووبارە كردەوە كە لێئۆنید برژێنف لە سەردەمی سۆڤیەت دا لە ئەفغانستان ئەنجامی دا و سەدام حوسێن لە هێرش بۆ سەر كوێت.

خەڵک

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.