ترامپ خۆشحاڵیی خۆی بە بۆنەی مەرگی کاسترۆی دیکتاتۆر دەربڕی

0
811

ڕۆژی کورد: دۆنالد ترامپ، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە دوایین هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەدا، لە ڕێگای ڕاگەیێندراوێکەوە، خۆشحاڵیی خۆی بە بۆنەی مەرگی، فیدێل کاسترۆ، سەرۆکە دیکتاتۆرەکەی کوبا و هەڤاڵە ناسراوەکەی ئێران و سەدام حوسێن، دەربڕی.

دۆنالد ترامپ کە پێشتر لە پرۆپاگەندای هەڵبژاردنی خۆیدا چەندین کەڕەت باسی لە ڕاگرتنی پرۆسەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کوبا و ئەمریکا کردبوو، کاسترۆی وەک هێمای “رۆژەڕەشیی لە گون نەهاتوو”ـی خەڵکی کوبا لەقەڵەم دا کە خەڵکی وڵاتەکەی لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ، بێبەش کردبوو.

ترامپ هەروەها ڕاشیگەیاندووە: “فیدێل کاسترۆ، دیکتاتۆرێکی دڵڕەق بوو کە بەردەوام خەڵکی وڵاتەکەی خۆی سەرکوت دەکرد”.

لە کاتی کیمایی بارانی هەڵەبجەی شەهید لە لایەن سەدام حوسێن، دیکتاتۆری لەناوچووی ئێراق کە مەرگی زیاتر لە ٥ هەزار تاکی کوردی بێ تاوانی لێکەوتەوە، کاسترۆ دەست خۆشی لە سەدام  حوسێن کرد و پشتی گرت.

لە هەمان کاتدا کاسترۆ بە بەردەوامی و لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی، وەک یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی ئێران ئەژمار دەکرا و بەردەوام نزیکی و پەیوەندی لەگەڵ ڕێبەران و بەرپرسانی ڕژیم و بەتایبەت بەرپرسانی سەربازیی ئەو ڕژیمەدا هەبوو.

خەڵکی کوبا ئەمڕۆ بە هۆی مەرگی کاسترۆ، لە شەقامەکان خۆشحاڵی و شاییان ڕاگەیاندووە و بە هۆی نەمانی ئەو دیکتاتۆرە سەرەڕۆیە و هیوا بە گەڕانەوەی مافی تاکەکەسی و شارۆمەندییان، شایی و ئاهەنگ دەگێڕن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت