ترامپ جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لە سەر کار لابرد

0
809

ڕۆژی کورد :
دۆناڵد ترامپ، ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی خۆی جان بۆڵتۆنی لە سەر کار لابرد و هۆی سەرەکی ئەوە هەنگاوەی جیاوازی بیر و ڕا لە گەڵ ناوبراو لە زۆربەی بابەتەکان ناو برد. ترامپ لە هەژماری توییتێری خۆی نووسیویەتی جان بۆڵتۆنی ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کردووە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ئەیلوول لە هەژماری توییتێری خۆیدا لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی نووسی کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی خۆی جان بۆڵتۆنی لە سەر کار و چالاکییەکانی لاداوە. ناوبراو نووسیویەتی داوای لە بۆڵتۆن کردووە کە داواکاری دەست لە کار کێشانەوە پێشکەش بکات و جان بۆڵتۆن سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە بە کاتی ئامریکا نووسراوەی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی تەسلیم کردووە. ترامپ لە توییتەکەی خۆیدا دەسخۆشی چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی بۆڵتۆنی کردووە و لە درێژەدا دەڵێت حەوتووی داهاتوو ڕاوێژکاری ئاسایشی گشتی نەتەوەیی نوێی کۆشکی سپی دەناسێنێت.
دۆناڵد ترامپ لە توییتێکی دیکەدا نووسیویەتی : شەوی ڕابردوو (دووشەممە ٩ی ئەیلوول) بە بۆڵتۆنم ڕاگەیاند کە چی دیکە کۆشکی سپی پێویستی بە خزمەتگوزاری ناوبراو نیە. منیش وەکوو زۆر کەسانی دیکە لە بەرپرسانی دەوڵەت دژی زۆربەی پێشنیارەکانی بۆڵتۆن بووم. بەڵام لە هەمان کاتدا جان بۆڵتۆن لە هەژماری توییتێری خۆیدا نووسیویەتی کە بۆ خۆی شەوی ڕابردوو داخوازی دەست لە کار کێشانەوەی لە ترامپ کردبوو بەڵام ترامپ پێی گۆتبوو : هەتا بەیانی دەست ڕابگرە تا لە سەر ئەو بابەتە پێکەوە بدوێین.
جان بۆڵتۆن کە بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو وەکوو ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی چالاکی دەکرد، وەکوو کەسایەتییەکی سیاسی تۆندئاژۆ لە پانتایی سیاسەتی دەرەکی ناسراو بوو. ناوبراو سێهەمین ڕاوێژکاری ئاسایشی ترامپ بوو کە لە مانگی نیسانی ٢٠١٨ بە فەرمیی وەکوو جێگری ژەنەراڵ مەک ماستێر دەستی بە کار و چالاکی کردبوو. بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندە ڕاگەیەندنەکانی ئامریکایی، جان بۆڵتۆن بەردەوام هەڵویستی توند و تیژی لە بەرانبەر ئێران و کۆریای باکوور لە خۆی نواندووە.
هاوکات بۆڵتۆن لە سەرەتاوە دژی بەشداربوونی ئامریکا لە وتووێژەکان لە گەڵ تاڵیبان سەبارەت بە جێگر کردنی ئاشتی و ئارامی لە وڵاتی ئەفغانستان بووە. سەرۆک کۆماری ئامریکا چەن جارێک سەبارەت بە بۆڵتۆن بە شێوازێکی گاڵتەکردن باسی لەوە کردبوو کە ناوبراو خوازیاری و هاندەری دەستپێکردنی شەڕە. لەوانە ترامپ جارێکیان وتبووی بۆڵتۆن تا ئێستا هیچ شەڕ و تێکهەڵچوونێکی نەدیتووە کە بە دڵی ئەو نەبووبێت.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٩ی ئەیلوول ڕایگەیاند کە هیچ ناڕەزایەتییەکی نیە سەبارەت بەوەی لە گەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بەرەوڕوو دیدار و چاوپێکەوتن پێک بهێنێت. ناوبراو بە هەواڵنێرانی کۆشکی سپی گوتبوو کە بەرپرسانی ئێرانی ئەیانهەوێت کێشە و ئاڵۆزییەکانیان چارەسەر بکەن. ترامپ دواتر بە ئاماژە کردن بە بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان لە ئێران وتی کە ئامریکا ئەتوانێت کێشەکانی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا چارەسەر بکات.
جان بۆڵتۆن لە یەکێک لە دواهەمین هەڵوێست گرییەکانی خۆیدا سەبارەت بە ئێران و چاوپێکەوتنی نێوان ترامپ و ڕۆحانی، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئووت دا وتبووی کە پێشنیاری ترامپ بۆ دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ ڕۆحانی و ڕێبەرانی ڕژیمی ئێران بە مانای وەرچرخان لە سیاسەتی ئامریکا دژی ئەو وڵاتە نیە. ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی وتبووی : “ترامپ بۆ وتووێژ ئامادەیە لە گەڵ هەر کەسێک چاوپێکەوتن بکات.” بۆڵتۆن ترامپی سەرۆک کۆماری وەکوو بازرگانێک ناوبردبوو کە هەموو کات ئامادەی چاوپێکەوتن، وتووێژ و دانووستانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.