تاوانبارانی هێرش کردنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات تا ئێستاش دەستبەسەر نەکراون

0
3561

ڕۆژی کورد: سەرەڕای ئەوەی کە دوو پێشمەرگەی بێ تاوانی ڕۆژهەڵات، ڕادەستی یەکێتیی نیشتمان نەک دادگا و دەزگا یاساییەکانی حکومەتی هەرێم کراون، تا ئێستاش تاوانبارانی سەرەکیی کارەساتی هێرش بردنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پێشێل کردنی ڕێزی پێشمەرگە و بە بارمتەگرتنی لاوانی کورد، هەروا ئازادن.

چالاکانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەم بڕوایەدان کە دەبێ لوقمان وەردی، بەرپرسی کومیتەی یەکێتی لە چۆمان (بە تاوانی هاندانی خەڵک، شەمزاندن و لاڕێ کردنی ڕاستییەکان، بە حیزبی کردنی ڕووداوەکە، هێرش بردنە سەر حکومەتی هەرێم)، بەرپرسانی سێ پەیجی باڵەکایەتی کە دەگوترێ هەشت کەسن (بە تاوانی هاندانی ڕای گشتی بە دژی کورد، جوێن دان و بێ ڕێزی کردن بە پێشمەرگە، بڵاوکردنەوەی درۆ، بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ بێ ئیزنی دەزگای پەیوەندیدار، بوون بە سەرچاوەی ئاژاوەگێڕی) و مەلای گوندی گوندەژۆر (بە تاوانی شێواندنی شەریعەتی ئیسلام لە ناشتنی مردوودا، هاندانی ڕای گشتی بە دژی کورد، لایەنگری لە کۆماری ئیسلامی، پێشەنگیی خەڵک لە هێرش کردن، بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام بۆ ئاژاوەنانەوە)، دوو برای زیندووی ئەم هێرشە (بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ کەماڵ ماوەتی بۆ پیلانگێڕی بە دژی کورد، هەڵگرتنی نایاساییانەی چەک، شکاندنی دەستی فەرماندەیەکی ڕۆژهەڵات، هەوڵدان بۆ ڕفاندنی پێشمەرگەیەکی ڕۆژهەڵات، گوێ نەدان بە ئەنجوومەنی گوند، کەڵکاژۆوەرگرتن لە چک و جلی حیزبی بۆ پیلانگێڕی) ڕادەستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکرێن تا لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبن.

چالاکانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لایان وایە کە دەبوا ئەو کەسانە ڕادەستی بنکەکانی حکومەتی هەرێم بکرێن، بەڵام مادام پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات کە تەنیا ئەرکی حیزبی و پێشمەرگانەی خۆیان جێ بە جێ کردووە، رادەستی حیزبێک کراون نەک حکومەت، کەواتە دەبێ ئەو کەسانەش ڕادەستی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بکرێن.

هەروەها چەندین کەسیش کە وێنە و ڤیدیۆکانیان بڵاو بووەتەوە و بێ گومان بۆ دەزگا ئاسایش و زانیارییەکانی هەرێم ناسراون و هێرشیان کردووەتە سەر بنکە و مقەڕەکانی ڕۆژهەڵات، دەبێ دەستبەسەر بکرێن و لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت.

چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، داوا دەکەن لە جیاتی دادگا و یاسا، لێژنەیەکی بێ لایەن پێکهاتوو لە هەموو حیزبەکان پێک بهێندرێت تا کارەساتی شەهیدکرانی شەهید سەروان حەتەمەکان دووپاتە نەبێتەوە.

هەروەها چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، داوا دەکەن بکوژانی زیاتر لە ٣٠٠ پێشمەرگە و تاکی ڕۆژهەڵاتی و لەناویاندا بکەرانی تیرۆری دەروازەی کۆیە  کە لە هەرێم بە پیلانی ئێران شەهید کران و ڕفێندران، بدرێنە دادگا.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت